ڕووبارێكى دێرين بە پردێكى هاوچه‌رخه‌وه‌

پردی ئاسنینی نۆژەنکراوەی فەلوجە. وێنه‌: به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان/2018

لە ڕۆژێکی گەرم وبێ شنەبای هاویندا، ئاپۆرەیەك کۆبونەوە لەسەر کەناری فورات بۆ ئاهەنگ گێڕانی ساتێكی ناوازە وگرنگ بۆ ناوچه‌كه‌. پردی ئاسنینی فەلوجە کە نیشانەیەکی بەناوبانگ بووە لە ساڵی 1930 یەوە، جارێکی تر کرایەوە.

فەلوجە بەهۆی داگیرکاری داعشەوە زۆری چەشت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ. وا مەزەندە دەکرێت زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە شارەکە هەڵهاتبن وئەوانەی مانەوە ناچارکران لە ژێر ڕژێمێکی توندوتیژدا بژین. چەندان خەڵك کوژران وکاروکاسبی داخران وژێرخانی گرنگ کاولکران. پردی ئاسنینی فەلوجەش به‌ر كاوڵكارى كه‌وت، کە لەلایەن داعشەوە تەقێندرابۆوە وبووە هۆی دابڕانی جوڵەی خەڵكی وشمەك بۆ ناو شارەکە ولە شارەکەوە بۆ دەرەوە.

بەشێکی تەواوی پردەکە لەلایەن داعشەوە تێكشکێنرابوو. وێنه‌: پارێزگاى ئه‌نبار/ 2016

هه‌ر كه‌فەلوجە ڕزگاركرا لە حوزەیرانی 2016 دا، حکومەتی عێراق بە پشتیوانی به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان دەستبەجێ دەستی کرد بە کارکردن بۆ سەقامگیرکردنەوەی ژێرخان وچاککردنەوە وگێڕاندنەوەی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان ودروستکردنی دۆخێکی شیاو تا خەڵکی بگەڕێنەوە شارەکە. به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان سێ پردی سەرەکی کردە ئامانج کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی چڕ بوو وە ڕایگەیاند پابەندە بە چاککردنەوەی تەواوەتی پردەکان.

چاککردنەوەی پردەکەی فەلوجە کە درێژیەکەی 270 مەترە بەسەر ڕووباری فوراتدا وبەشێكی بە تەواوەتی تێكشکێندرابوو، بووە ئاستەنگیەکی ئاڵۆز. تەواوی پردەکە لە دۆخێکی تێكشکاویدا بوو وە دەبوایە هەمووی چاکبکرابایەوە.

کاری بنیادنانەوە لە تشرینی یەکەمی 2017 دا دەستی پێکرد، بەڵام ناچار لە شوباتی 2018 دا کار تیایدا وەستا بەهۆی دۆزینەوەی تەقەمەنی لەسەر کەناری ڕووبارەکە و لە ناوەڕاستی پردەکە لە ژێر ئاوەکەدا. بە یارمەتی فەرمانگەى کاروبارى مین سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان تیمێکی تایبەتمەندی ژێر ئاویی نێردران بۆ پوچەڵکردنەوەی تەقەمەنیەکان بە سەلامەتی.

پردە نۆژەنکراوەکە ئێستا تەواو بووە و سەنتەری شارەکە گرێدەداتەوە بە بەشی باکوری خۆرئاوای فەلوجە و شوێنەکانی ترەوە. لە مەراسیمی کردنەوەی پردەکەدا، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی لە عێراقدا، خاتوو مارتا ڕوێداس وتی

"شیاندنەوەی شەقام وپردەکان لایەنێکی گرنگن بۆ گێڕاندنەوەی پەیوەندی وكارئاسانى بۆ خەڵكی وبازرگانه‌كان تا بکەونەوە سەرپێی خۆیان. به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان سەربەرزە بە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان وفیدڕاڵیدا بۆ بەدەستهێنانی ئەم کاریگەریە لەسەر ژیانی عێراقیەکان لێرە لە فەلوجە و هەموو وڵاتەکەدا"

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی لە عێراق، مارتا ڕوێداس بۆ پەیامنێران دەدوێت لە بۆنەکەدا. وێنه‌: به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان/2018

بە کۆی زیاتر له‌2400 پڕۆژە لە هەموو وڵاتەکەدا، پارێزگای ئەنبار بە تەنها 700 پڕۆژەی تێدایە، کاره‌كانى دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن سەر بە به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان جه‌ختى کردۆتەوە سەر باشترکردنی گەيشتن بە شارۆچکە و شارەکان وباشترکردنی پێڕاگەشتن بە کارەبا و ئاوی خاوێن. بەبێ باشترکردنی ئەم پێڕاگەشتنانە، هاندانی خەڵکی کارێکی گران دەبێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

نۆژەنکردنەوەی پردی ئاسنینی فەلوجە بە سوپاسەوە جێبەجێکرا بەهۆی پەخشینێکی باشى حکومەتی هۆڵەندا. ئەم وەبەرهێنانە لەم ژێرخانە گرنگە و خزمەتگوزاریەکاندا دەبێتە ڕێخۆشکار بۆ چالاکیە ماوەدرێژەکانی تری بنیادنانەوە و پەرەپێدان، هەروەها دەبێتە پشتیوانیکار بۆ هاوڵاتیانی عێراقی و حکومەتەکەیان تا بتوانن ئاشتی و پەرەپێدانێکی بەردەوام بەدەستبێنن.

پێش بۆنه‌ى كردنه‌وه‌ى پرده‌كه.‌ وێنه‌: به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌رپێدان/2018