"داهاتوویەکی باشتر دەبینم لە پێشمان..." باشترکردنی گوزەرانی خانمان لە نەینەوا لە عێراقدا

Livelihoods beneficiaries
گوڵستان دەڵێت :" لە سەرەتای دەستپێکردنمان بەم پڕۆژەیە، هاوسەرەکەم کاتی زیاترم لەگەڵدا بەسەردەبات." وێنە: پاولا پیچۆنێ. UNDP عێراق/2017

نەینەوا 8 ی ئازاری 2017- هیوا و سەقامگیری بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گەڕایەوە بۆ خانمێکی یەزیدی گەنج پاش ڕزگاربوون لە دەربەدەری و ئاوارەبوون لە باکوری عێراقدا، لەڕێگەی کەوی پەڕ قاوەیی و هێلکە بچوکە پەڵە دارەکانیەوە

خاڵە بەرچاوەکان

  • UNDP 250 کەوی دابینکرد بۆ گوڵستان و نەشوان و ڕاهێنانی پێکردن لەسەر گەورەکردنیان
  • لە کۆتایی ساڵی 2016 ەوە ئەم دوو هاوسەرە 10،000 هێلکە و 260 باڵندەیان فرۆشتوە لە بازاڕە ناوخۆیی و سوپەرمارکێتەکاندا
  • بەخێوکردنی کەو ڕوو لە زیادبوونە لە عێراقدا، چونکە پێویستی بە پارە و ئاگالێبونی کەمە لە چاو خۆیدا بەراورد بە بەخێوکردنی پەلەوەرەکانی تر

گوڵستانی تەمەن 23 ساڵ، لە قەزای ئەلقۆش لە باکوری پارێزگای نەینەوادا دەژی کە زۆرینەی مەسیحی و یەزیدیە. لە هاوینی ساڵی 2014 دا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە شەپۆلێك کە کەمێك بەرگری بەرامبەر کرا هاتە ناو شاری موسڵ و دەشتەکانی دەوروبەری نەینەواوە. کاتێك داعش نزیک بویەوە لە ئەلقۆش، گوڵستان و نەشوانی 27 ساڵی هاوسەری بە پەشۆکاویەوە لەگەڵ 14 ئەندامی خێزانەکەیدا لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵاتن، چونکە ترسان لەوەی ئەمان سەر بە کەمایەتی یەزیدین و بکرێنە ئامانج لەلایەن داعشەوە.

لە ململانێوە بۆ هیوا

پاش چەندان مانگ لە ئاوارەبوون لە پارێزگای دهۆکی دراوسێی نەینەوادا، گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵام دروستکردنەوە و دەستپێکردنەوەی ژیانیان قورس بوو.

گوڵستان وتی :" ئێمە لە ململانێدا بووین بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانمان کاتێك گەڕاینەوە. پشتمان بەستبوو بە کۆمەکی دارایی لە خزم و کەسانمانەوە. بە ڕاستی بە کاتێكی زۆر ناخۆشدا دەڕۆشتین."

بارودۆخ گۆڕا پاش ئەوەی گوڵستان و هاوسەرەکەی بە یارمەتی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان UNDP ڕێگایەکی نوێیان دۆزیەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان. بەشێك لە بەرنامەی بەدەنگەوەچوونی قەیرانی عێراق و هەستانەوە (ICRRP) کە پڕۆژەیەکی ژیان و گوزەرانە، بریتی بوو لە هاریکاریکردنی نزیکەی 900 خێزان لە نەینەوادا، هەروەها یارمەتیدانی ئاوارەکان و خێزانە گەڕاوەکان و ئەندامانی کۆمەڵگای خانەخوێ بۆ دەستکەوتنی داهات لە ڕێی بەخێوکردنی پەلەوەر و هەنگ و باخەوانی و بەخێوکردنی ماسییەوە.

UNDP بڕی 250 کەو ی دابینکرد بۆ گوڵستان و نەشوان و ڕاهێنانی پێکردن لەسەر بەخێوکردنی کەو، بە یارمەتی لەلایەن کۆلیجی کشتوکاڵی دهۆك و ڕێکخراوی ناحکومی گوندی بچوکی زاخۆ ZSV، لەگەڵ کۆمەکی بەخشندەی حکومەتی ئەڵمانی.

بەخێوکردنی کەو ڕوو لە زیادبوونە لە عێراقدا، چونکە پێویستی بە پارە و ئاگالێبونی کەمە لە چاو خۆیدا بەراورد بە بەخێوکردنی پەلەوەرەکانی تر. هێلکەی کەو بەوە ناسراو کە سودی ئێجگار زۆری تەندروستی هەیە.

بەهێزکراو و زیاتریش

لە کۆتایی ساڵی 2016 ەوە ئەم دوو هاوسەرە 10،000 هێلکە و 260 باڵندەیان فرۆشتوە لە بازاڕە ناوخۆیی و سوپەرمارکێتەکاندا. نەشوان ئەو دەفتەرەی داینابوو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بۆ تۆمارکردنی داهاتەکانیان بە وردی پشکنی و  وتی :" ئێستا ئێمە نزیکەی 250 دۆلاری ئەمریکی (300،000 دیناری عێراقی) وەدەستمان دێت لە هەر مانگێكدا."

پاش چەندان مانگ لە ئاوارەبوون و ململانێ و نەزانینی ئەوەی ئایا هەرگیز کاریان دەست دەکەوێت یان نا، لە کۆتاییدا داهاتێکی بەردەوامیان دەستکەوت لەگەڵ سەرچاوەیەک بۆ هیوا بۆ داهاتوو. ئەم دوو هاوسەرە لە ئێستادا دەتوانن خۆراک و پۆشاک و سوتەمەنی و گرنگیپێدانی پزیشکیی زیاتر وەدەست بێنن بۆ خۆیان و کچە ساواکەیان ماریانا. چیتر پێویستیان بە پشتبەستن بە یارمەتی خزمان نیە و لەدانەوەی هەموو قەرزەکانیاندان.

دابینکردنی لێهاتویی و مەواد بۆ خەڵکانی دۆخناسک تا ژیانیان بنیاد بنێنەوە تەنها یارمەتییان نادات لە پڕکردنەوەی پێویستیە بنەڕەتیەکانیاندا، بەڵکو خانمان بەهێزدەکات و پەیوەندیە ڕەگەزیەکان لەسەر ئاستی ماڵەکان باشتر دەکات.

گوڵستان وتی :" هاوسەرەکەم کە بێکار بوو بە دەگمەن لە ماڵەوە بوو، بەڵام لەوەتەی دەستمان کردوە بەم پڕۆژەیە، کاتی زیاتر لەگەڵ من بەسەر دەبات و گرنگی بە کەوەکانمان دەدات. هەردووکمان پاڵپشتیی یەکتر دەکەین و هەست دەکەم پەیوەندیەکەمان بەرەو باشتر دەڕوات. دڵخۆشم کە دەتوانم بەشداربم لە خەرجیەکانی ماڵەکەمدا و هەمووان لە خێزانەکەم قەدری کارەکەم دەگرن. لەوەتەی بۆ ئەم پڕۆژەیە هەڵبژێردراوین ژیان زۆر باشتر بووە."

نەشوان هاوڕا بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا و وتی :" هاوسەرەکەم کۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە بەسەر داهاتەکەماندا. ئەو لە من باشتر دەزانێت پێویستیەکانمان چین."

هاندانی ئەوانیتر بۆ گەڕانەوە

ئەوانەی ئەلقۆشیان لەبەر داعش بەجێهێشت، وەکو گوڵستان و نەشوان، کەوتونەتە ڕێ بۆ گەڕانەوە بەرەو ماڵ و حاڵی خۆیان. زۆربەی ئەوانەی چونەتە دەرەوەی وڵات وەکو براکەی نەشوان، لە خۆئامادەکردندان بۆ گەڕانەوە بەهەمان شێوە، ئەمەش بە سوپاسەوە بۆ کاریگەری ICRRP ی سەر بە UNDP.

نەشوان وتی :" براکەم هەڵاتوە بۆ ئەڵمانیا تا ژیانێکی سەلامەتتری دەستکەوێت، [بەڵام] من باسی کاری بەخێوکردنی کەوەکەم بۆ کرد. وتم دەرچەیەکی هیوا هەیە بۆ ئێمە. براکەم لە پلانداناندایە تا بگەڕێتەوە ئەلقۆش."

گوڵستان وتی :" قەیرانەکە زۆر کارەساتبار بووە بۆ خێزانەکانی ئەم ناوچەیە، ئێمە زۆر بێهیوا بوو بوین. بەڵام ئێستا من شکۆمەندیم بۆ گەڕاوەتەوە. تا بەردەوام بم لە بەخێوکردنی کەو، پێویستم بە یارمەتی هیچ کەس نابێت. تەنانەت دەتوانم هاریکاریی ئەندامانی خێزانە بەرفراوانەکەشم بدەم (خزمان).من داهاتوویەکی باشتر دەبینم لە پێشم!"

 

نوسین و وێنە لەلایەن پاولا پیچۆنێ/ UNDP عێراق

#IraqResilience

***

ICRRP ی سەر بە UNDP پاڵپشتیی خێرا دابین دەکات بۆ خێزانە دۆخناسکەکانی شار و گوندە تازە ئازادکراوەکان کە تیایدا تەنگەژەی کۆمەڵایەتی هەڕەشە لە پێکەوە ژیان دەکات. ICRRP لە ئێستادا لە یانزە کۆمەڵگای تازە ئازادکراو لە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا لەکار دایە و وە چاوەڕوان دەکرێت کارەکانی بۆ 30 ناوچەی تر فراوان بکات لە چەند مانگی داهاتوودا. ICRRP وەکو بەرنامەیەکی هەستانەوە و چاکبونەوە دانراوە بۆ ئەو خێزانانەی دووچاری زەبری هەمە لایەنە بوون لەکاتی گەڕانەوەی بە کۆمەڵدا بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان. ICRRP یارمەتی زیاتر لە 18،000 پەنابەر و ئاوارە و خێزانی خانەخوێی داوە لە عێراقدا بۆ دووبارە بنیادنانەوە دەستکردنەوە بە ژیان و گوزەرانیان.