گەڕاندنەوەی زەردەخەنە – چیرۆکی زوهریە

Mine action

زوهریە ئەحمد یونس تەمەنی تەنها ١٥ ساڵان بوو کاتێک کە یەکێک لە قاچەکانی لە دەستدا.

خاڵە بەرچاوەکان

  • دابینکردنی ٢،٧١٩ دەست و قاچی دەسکرد و ٨،٧٨٠ ئامێری ڕاگیرکردن و ٩،١٢٠ ئامێری یاریدەدەر بۆ جوڵەکردن
  • چاککردنەوەی ٨،٨١٩ دەست و قاچی دەستکرد
  • ٤٢١ کەس سوودمەند بوون لە پرۆژەکانی هێنانەکایەوەی داهات

زوهریە دەڵێت، " وەرزی بەهار بوو. لەگەڵ دایکم وهاوڕێکانم چووین بۆ دروێنە، لە ناکاو مینێک لە ژێر پێیەکانمدا تەقیەوە."

زوهریە هاوسەرگیری کردووە و دایکی پێنج منداڵە. سیان لە منداڵەکانی لە قوتابخانەن. لە هەمان کاتدا، منداڵەکانی دیکەی لە ماڵەوە دەمێننەوە بۆ یارمەتیدانی باوکە بەتەمەنەکەیان. زوهریە  سەرۆک و تەنها بەخێوکەری خێزانەکەیەتی. 

سەنتەری دایانا بۆ دەست و قاچی دەستکرد (DPLC)  لە ناوچەی سۆران لە هەولێر توانی یارمەتی زوهریە بدات لە ڕێگای دانانی قاچی دەستکرد بۆی و تۆمارکردنی ناوی لە خولێکی ڕاهێنانی پیشەیی شەش مانگی بۆ بەرگدووری، کە لە لایەن حکومەتی یابانەوە پارەی بۆ دابینکرا بوو لە ڕێگای بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

لە ماوەی ئەم خولی راهێنانەدا، زوهریە نەیتوانی خێزانەکەی بە جێ بهێڵێت و ناچار بوو هەموو ڕۆژێک دوو کاتژمێر ڕێگا ببڕێت تاوەکو بگاتە سەنتەرەکە و ئامادە ی خولەکە بێت.

زوهریە دەڵێت، " مێردەکەم نەیدەتوانی کار بکات و سەرچاوەیەکی داهاتی زۆر کەمی هەبوو. پێویستم بە پیشەیەک هەبوو؛ بوون بە بەرگدوور هەلێکی زۆرباش بوو بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خۆم و منالەکانم."

دوای تەواوکردنی  خولەکەی لە  مانگی ئازاری ٢٠١٠ دا، سەنتەری دایانا بۆ دەست و قاچی دەستکرد (DPLC) یارمەتی زوهریەی دا  بۆ دانانی دوکانێکی بەرگدووری لە ماڵەکەی خۆیدا. لە ڕێگای ئەم دووکانە بچووکەوە، زوهریە لە ئێستادا دەتوانێت بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین بکات.

زوهریە بڕوای وایە ئەو ڕاهێنانەی لەو خولەدا وەریگرت کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر ژیانی، دەلێت، "لە  سایەی ئەم کۆمەکیکردنەوە، ژیانم گۆڕاوە  و خراپترینی کێشەکانم چارەسەر بوون لە ئێستادا دووبارە زەردەخەنە گەڕاوەتەوە سەر لێوانمان."

 

ئەم پرۆژەیە لە لایەن حکومەتی یابانەوە پارەی بۆ دابین کرابوو، هاوشان لەگەڵ بەرنامەی پەرە پێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پاڵپشتی تەکنیکی دابین کردبوو بۆ سێ ڕێکخراوی نا حکومی (NGO).

ئەم کۆمەکیە ٢١،٠٩٧ جار خزمەتگوزاری چارەسەری سروشتی بۆ کەسانی کەم ئەندام دابین کرد، لەگەڵ ٢،٧١٩ دەست و قاچی دەسکرد و ٨،٧٨٠ ئامێری ڕاگیرکردن و ٩،١٢٠ ئامێری یاریدەدەر بۆ جوڵەکردن و چاککردنەوەی ٨،٨١٩  دەست و قاچی دەستکرد. چوارسەد و بیست و یەک  کەم ئەندام سوودمەندبوون لە پرۆژەکانی هێنانەکایەی داهات، وە  ٩٠ کەسی دیکەش ڕاهێنانی پیشەییان  وەرگرت لە بوارەکانی: دارتاشی و ئاسنگەری و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و بەرگدووری. لەگەڵ ئەمەشدا، ٢٥ ماڵی قوربانیەکان کاری چاککردنیان بۆ ئەنجامدرا  بۆ مەبەستی ئاسانکردنی جوڵەی ئەو کەسانە تیایاندا.

بۆ دڵنیا بوون لە بەردەوامی کارەکانی ڕێکخراوە نا حکومیەکان(NGO)، بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)  چالاکیەکانی بنیاتنانی توانا ڕێک دەخەن بۆ مەبەستی باشتر بەڕێوەبردن و باشتر بەکارهێنان و زیادکردنی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدان.

*(لە ٢٠٠٧ – ئازار ٢٠١٢)