زامنکردنی ئەوەی کە دەنگیان دەبیسترێت – ململانێی پەڕلەمانتارە ئافرەتەکان

Thu May 16 00:00:00 EDT 2013

پەڕلەمانتارە عێراقییە ئافرەتەکان خولی ڕاهێنان دەبینن دەربارەی داکۆککاریی کاریگەر. فۆتۆ UNDP عێراق ٢٠١٣

سەرەڕای سەرکەوتوویی عێراق لە جێبەجێکردنی ئەرکی دەستووریدا بە تەرخانکردنی لەسەدا ٢٥ی کورسییەکانی پەڕلەمانی وڵاتەکە بۆ ئافرەتان، بەڵام ئافرەتان بە کەمنوێنەری دەمێننەوە لە ئاستە باڵاکانی کەرتی گشتی و حکومەتدا.

وەک بەشێک لە پشتیوانیەکانی بۆ پەڕلەمانی عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNDP دانیشتنێکی ڕاهێنانی ڕێکخست بۆ لیژنەی ژنان لە پەڕلەمان لە بەرواری ٦ بۆ ١٢ی ئایار. ئامانجی خولی ڕاهێنانەکە بریتی بوو لە توانابەخشین بە سیاسەتمەدارە ئافرەتەکان بۆ دەربڕینی بۆچوون و ڕاکانیان لە هەموو بوارەکانی پەڕلەمان و هەروەها لە بازنەکانی هەڵبژاردنیان و لەکاتی لێدوانیاندا بۆ میدیاکان.

بەشداربووان ڕاهێنانیان لەسەر چەند بابەتێکی فرەجۆر پێکرا، لەناو ئەو بابەتانەشدا پلاندانان و وتاردانی کاریگەر و پێشکەشکردنی پێشکەشکاریی بەهێز و دروستکردنی تەداخولی بەرچاو لە پەڕلەمان بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی سەرەوە هەبوون. بابەتەکان لەلایەن  لیژنەکەوە هەڵبژێردرابوون وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی UNDP بۆ پشتیوانیکردنی پەرەپێدانی کەسی و پیشەیی ئەندامەکانی.

سیازدە پەڕلەمانتاری ئافرەت کە هەروەها ئەندامی لیژنەکەش بوون ئامادەی خولی ڕاهێنانەکەبوون. ئەوان دەربارەی سروشتی بەشدارانە و کارلێکارانەی لیژنەکە قسەیانکرد و ئەمەیان بەوپەڕی سوودبەخش دەبینی. هیفاء مجالي، ئەندامێکی لیژنەی ژنان لە بەسڕەوە، گوتی: "ڕاهێنانێکی زۆر گرنگە بۆ هەموومان، چونکە دەبێت ژنان لە پەڕلەماندا ئەم کارامەییانەیان هەبێت". دکتۆر بشری زویني، کە ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانە لە بواری جێندەردا، گوتی: "بۆ یەکەمجار توانیم هەڵەکانی خۆم لە پێشکەشکردنی پێشکەشکاریدا ببینم. ئێستا وا هەستدەکەم کە کاریگەرییەکی گەورەترم هەیە، بەتایبەت لەڕێی دەنگ بەرزکردنەکەمەوە."

ئەم چالاکییانە بەشێکن لە کاری بەردەوامی UNDP لەسەر "بەهێزکردنی ئەنجومەنی نوێنەران" کە لەساڵی ٢٠١١ەوە بەبەردەوامی ڕێکخراوە. پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی تواناکانی سکرتارییەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هاوبەشە سەرەکییەکانی وەک لیژنەی ژنانی پەڕلەمانی عێراق.