یه‌که‌م ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یران و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان له‌ کوردستان

Sun May 17 00:00:00 EDT 2015

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی قه‌یرانه‌کانی ڕاگه‌یاند که‌ له‌ مانگی کانوونی دووه‌مدا له‌ هه‌ولێر دامه‌زراوه‌. ژماره‌یه‌ک هاوبه‌شی کۆمه‌کبه‌خشی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان درێژه‌یان دا به‌ هاوکاریه‌کانیان بۆ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی به‌ده‌نگه‌وه‌چوونێکی دامه‌زراوه‌یی و توانای هه‌ماهه‌نگی کردن نه‌ک ته‌نها بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی قه‌یران و پێشهاته‌ مرۆییه‌کانی ئێستای عێراق، به‌ڵکو بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی هه‌موو ئه‌و کاره‌ساته‌ سروشتی و مرۆییانه‌ی که‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا ڕووبده‌ن.    

خاتو لیز گراندێی جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخه‌ری مرۆیی و نوێنه‌ری نیشته‌جێی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وتی "نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان شانبه‌شانی حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌وه‌ستێت به‌مه‌به‌ستی بنیادنانی توانای هونه‌ریان بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی قه‌یرانه‌ مرۆییه‌کان چونکه‌ چاودێری حکومه‌ت زۆر گرنگ و پێویسته‌ بۆ زامن کردنی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری به‌یه‌کسانی و هه‌روه‌ها به‌هێزکردن و هه‌ستاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی لێقه‌وماو بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ." خاتوو لیز گراندێ وتیشی " له‌وانه‌یه‌ قه‌یران و کاره‌ساتی کتوپڕ له‌هه‌ر کات و شوێنێکدا رووبده‌ن، ئاماده‌کاری پێشوه‌خت واته‌ هه‌نگاونان بۆ به‌‌‌هێزکردنی دامه‌زراوه‌کان و خه‌ڵک و بازرگانی دژی کاره‌ساته‌ کتوپڕه‌ مرۆییه‌کان و هه‌ر کاره‌ساتێکی سروشتی یان کاره‌ساتێک که‌ به‌هۆی مرۆڤه‌وه‌ رووبدات له‌ داهاتوودا."

ئه‌رکه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ناوه‌نده‌که‌ بریتین له‌ کۆکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ڕێگه‌ی چاودێری کردن و توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوون به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌رباره‌ی هه‌موو قه‌یران و پێشهاته‌ مرۆییه‌کان ، پێشکه‌شکردنی پێشنیار و ڕاسپارده‌ بۆ هاوکاریکردنی حکومه‌ت له‌ ده‌رکردنی بڕیاری ستراتیجی و به‌ڕێوه‌بردن و به‌گه‌ڕخستنی سه‌رچاوه‌کان و هه‌ماهه‌نگی بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی قه‌یران له‌نێوان وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان.  

هاوبه‌شه‌کانی په‌ره‌پێدانی وه‌کو شانشینی یه‌کگرتووی بریطانیا (له‌ڕێگه‌ی به‌شی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی شانشینی یه‌کگرتووی بریطانیا)  و یابان و که‌نه‌دا  هاوکاربوون له‌ دروستکردنی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌کان‌.. وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان که‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌رک و کاره‌کانی ئه‌م ناوه‌نده‌ ده‌کات، تۆرێکی هاریکاری له‌گه‌ڵ چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی دروستکردووه‌ به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌ره‌وپێش بردن و به‌‌‌‌هێزکردنی توانای کارکردنی ناوه‌نده‌که.‌

به‌سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، رێخکراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یارمه‌تی هونه‌ری پێشکه‌ش ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ش یارمه‌تی به‌رده‌وام و پێویست له‌خۆده‌گرێت له‌لایه‌ن به‌رنامه‌ی هاریکاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌  له‌ عێراق و رێکخراوی یونسێف و (نووسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی  کاروباری مرۆیی OCHA)ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌.  ئاژانسی فریاکه‌وتنی شارستانی سویدی هاوکاربووه‌ له‌ ڕێگه‌ی ناردنی که‌سانی  خاوه‌ن ئه‌زموونی هونه‌ری له‌ پاراستنی گیانی خه‌ڵکانی سڤیل و ئاماده‌کاری پێشوه‌خته‌ ئه‌مه‌ش به ئاسانکاری و پاڵپشتی دارایی به‌رنامه‌ی په‌ره‌پێدانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان.