هاوبەشیی UNDP و کۆمپانیای شێڵ بەردەوامە لە بەرنامەی نەوت و غاز بۆ بنیادنانی توانا لە بەسڕە

Mon Dec 07 00:00:00 EST 2015

دانیشتنی خولی ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی کە لەلایەن UNDP و شێڵ-وە پشتیوانیکرابوو، پێشکەش بە بەشداربووان کرا کە کارمەندی کۆمپانیای نەوتی باشور و ئەو کارمەندانەبوون کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ دا هەیە لە عێراق @ UNDP Iraq/2015

لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە، لە مانگی ئازاری ٢٠١٢ دا، یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هاوتایی نێوان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان UNDP و شێڵ بریتی بووە لە بنیادنانی توانای هێزی کاری نەوت و غاز لە بەسڕە، لە باشوری عێراق.

بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٥، خولی ڕاهێنان پێشکەشی ١٠٠ پیشەگەر کراوە کە لە کەرت وزەدا کاردەکەن. هەلی خولی ڕاهێنانی فرەجۆر بۆ کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باشوری سەر بە حکومەتی عێراق SOCوە ئەو کارمەندانەی بە گرێبەستی تایبەت بۆ کۆمپانیای شێڵ کاردەکەن ڕەخسێنراوە، لەناویشیاندا خولی ڕا‌هێنانی زمانی ئینگلیزی و تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە HSE هەبوون.

خولی زمانی ئینگلیزی توانای پیشەگەرە ڕاهێنراوەکانی بەهێزکردووە لە پەیوەندیگرتندا لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکانیاندا، لەکاتێکدا خولەکانی تەندروستی و سەلامەتی و ژینگە HSE بەشداربوو لە دروستکردنی کەرتێکی سەلامەتتری نەوت و غاز لە باشوری عێڕاقدا.

مامۆستای لەحیمکردن لە کۆمپانیان نەوتی باشور، بەڕێز حیدر حسین منخی، گوتی: "خولی ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر کارامەییەکانم، یارمەتیدان لە زاڵبوون بەسەر ترسەکانمدا بەرامبەر ئاخاوتن بە زمانی ئینگلیزی. ئێستا متمانەی زیاترم بەخۆم هەیە؛ ئەمەش لە ژیانی شەخسی و پیشەگەریمدا ڕەنگی داوەتەوە."

لەڕێی هاوتاییەوە لەگەڵ کۆمپانیای شێڵدا، UNDP ئەم خولە ڕاهێنانە پەسەندکراوانەی لە ساڵی ٢٠١٥دا پێشکەشکردووە:

· دوو خولی ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی گشتی بۆ ٣٦ بەشداربوو؛

· سێ بۆردی تاقیکردنەوەی نەتەوەیی لە سەلامەتی و تەندروستی پیشەییدا NEBOSH هەستاون بە دەستەبەرکردنی خولی ڕاهێنانی "سەلامەتی و تەندروستی لەکاردا" بۆ ٤٩ بەشداربوو.

· بۆردی تاقیکردنەوەی نەتەوەیی لە سەلامەتی و تەندروستی پیشەییدا NEBOSH "بڕوانامەی گشتیی نێودەوڵەتی لە تەندروستی و سەلامەتی پیشەییدا" بۆ ١٠ بەشداربوو دەستەبەرکردووە.

ئەم خولانەی ڕاهێنان لەڕێی پڕۆسەی ڕاوێژکارییەوە دیاریکراون کە لەلایەن UNDP ەوە ڕێکخراوە. کۆمپانیای شێڵ بە ڕوونی بۆشاییەکانی کارامەیی لە هێزی کاری نەوت و غازدا دەبینی. هەردوو کۆمپانیای نەوتی باشور SOC و ئەو کارمەندە گرێبەستەکانی شێڵ کە بەشداربوون لە خولەکاندا، بەپەرۆشبوون بۆ بەرەوپێشبردنی تواناکانیان.

بە دەربڕینی ڕاوبۆچوونی دەربارەی پڕۆژەیەکی هەماهەنگی لەوشێوەیە، بەڕێوەبەری هاوتایی UNDP بەڕێز ضاهر شریدە گوتی: "لەم دۆخەدا هەموو لایەک سوودمەندبوون، کۆمپانیای نەوتی باشوور و کارمەندە گرێبەستەکانی کۆمپانیای شێڵیش لە بەسڕە کارامەییانیان بەرەوپێشبرد. وە لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای شێڵ هێزێکی کاری پیشەگەرتر و کارامەتری هەیە کە توانای بەجێهێنانی پێوەرە بەرزە دیاریکراوەکانی پیشەسازیی نەوت و غازی هەیە. دەرچووانی خولی ڕاهێنانەکانیش وەک خۆیان سوود لە هەلە باشترکراوەکانی دامەزراندن وەردەگرن."

لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتیی کێڵگەی نەوتی مەجنوون کە لەلایەن کۆمپانیای شێڵەوە کاری تێدادەکرێت، بەڕێز ‌أحمد عطاللە گوتی: "لەڕێی کارکردنمان لەگەڵ UNDP باشترین پیادەکارییە نێودەوڵەتییەکان هاوبەشی پێدەکەین لەگەڵ کەسانی ناو ئەو کۆمەڵگایانەی لە کارەکانمانەوە نزیکن. وە یارمەتیدان لە بەرەوپێشبردنی بەهرە ناوخۆییەکاندا کارێکی پاداشتبەخشە."

هاوتایی UNDP و کۆمپانیای شێڵ ئێستا لە چوارەم ساڵیدایە. بێجگە لە تەرکیز کردنە سەر بەرەوپێشبردنی تواناکانی هێزی کار لە کەرتی نەوت و غاز لە بەسرە، ئامانجی هاوتاییەکە ئەو کۆمەڵگە ناوخۆییانەن کە لە دەوروبەری کێڵگەی نەوتی مەجنوون دەژین. ئەو کۆمەڵگە ناوخۆییانە سوود لە ژمارەیەک دەسپێشخەریی بەرەوپێشبردن وەردەگرن، وەک شیاندنەوەی قوتابخانە سەرەتاییەکان و درووستکردنی یاریگا بۆ منداڵان و پشتیوانیکردنی ئەو کار و بازرگانییە کۆن و نوێیەکان لە ناوچەکەدا. هەروەها UNDP کار لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندا دەکات بۆ زامنکردنی ئەوەی کە نیگەرانی و پێشینەکانی ئەو کۆمەڵگا ناوخۆییانەی کراونەتە ئامانج، لە پلان و پڕۆسە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی حکومەتدا ڕەنگدانەوەیان هەبێت.

پەیوەندی

ضاهر شریدە، بەڕێوەبەری هاوتایی