بنیادنانەوەی گوزەران و گەڕەکەکان لە پاش ململانێ

Wed Jun 28 00:00:00 EDT 2017

منداڵەکان لە دەرەوەی ماڵەکەیان لەچاوەڕێدان لە کاتێكدا ماڵەکەیان کاری چاککردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت لە فەلوجە لە عێراقدا. وێنە: لیندزی مەکینزی/ UNDP /2017عێراق

 

لەلایەن ماتیو فڕێنچ، تایبەتمەندی بەرنامە، UNDP ی عێراق.

کەوتنی موسڵ لەسەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامدا (داعش) لە ساڵی 2014 دا و پێشڕەویکردنی گروپەکە بەنێو نزیکەی یەک لەسەر سێی خاكی عێراقدا بووە هۆی ئەوەی عێراق بکەوێتە قەیرانێکی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە. نزیکەی 5 ملیۆن عێراقی لە ماڵەکانیان هەڵاتن بەرەو ناوچە سەلامەتترەکانی وڵات.

بەرەوپێشچوونی بەرچاو ئەنجامدراوە بۆ ئازادکردنی شارۆچکە و شارەکان لە دەستی داعش، بە شارە گەورەکانی ڕەمادی و فەلوجە و ئەنبار و بەشێکی گەورەی موسڵیشەوە لە نەینەوادا. تا مانگی حوزەیرانی 2017، زیاتر لە 1.8 ملیۆن کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵەکانی خۆیان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.

ئەو هاوڵاتیە عێراقیانەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵەکانیان بینیان ماڵ و گەڕەکەکانیان داڕوخاوە. سەربانی داڕماو و پەنجەرەی شکاو و دەرگای تێكشکاو دیمەنی باووی ناوچەکەن. کەلوپەلی ناوماڵەکان یان تاڵان کراون یان تێكشکاون، ئەساس و شمەکەکان شکاون و دیوارەکان هەموو شوێن گولەن. زیانەکان تەنها زیانی ماددی و ئەمنی نین، بەڵکو بەلای زۆرینەی عێراقیەکانەوە زیانەکان یادهێنەرەوەیەکی زەقی ئەو ناڵاندن و چەوساندنەوەیەن کە لەماوەی چەندساڵی ڕابردوودا دووچاری بوونەتەوە و بۆتە هۆی ئەوەی بە گرانی بتوانن هیوایەکیان بە عێراقی پاش داعش هەبێت.

دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن (FFS) ی سەر بە (UNDP) پشتیوانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ شیاندنەوەی ژێرخانی گشتی و ئاسانکاریی گەڕانەوەی خێزانەکان بە خێراترین شێوە. ئامانجە فراوانترەکە بریتیە لە یارمەتیدانی هاوڵاتیانی عێراقی تا هەستێکی بەرەوپێشچوون و متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە دەربارەی ڕۆڵی سەرەکی حکومەتەکەیان. FFS لە 28 شارۆچکە و شاردا لە کاردایە لە سەرانسەری عێراقدا. تا ئەم بەروارە، زیاتر لە 1،100 پڕۆژە بە بڕی 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تەواوکراون یان لە بواری جێبەجێکردندان لە چەند کەرتێکدا، بە کەرتەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ و پەروەردە و تەندروستیشەوە.

یارمەتیدانی گەڕەکەکان لە خۆدروستکردنەوەیاندا

لەسەر داوای حکومەتی عێراقی، FFS خانووە داڕماوەکان لە شارەکانی ڕەمادی و فەلوجەدا چاکدەکاتەوە. ئامانج لەمە بریتیە لە یارمەتیدانی 'گەڕەکەکان لە خۆدروستکردنەوەیاندا' لەڕێی شیاندنەوەی خانووە داڕماوەکان لەسەر دەستی هێزی کاری گەڕەکەکان و دڵنیابوون لەوەی خەڵکەکە ناوەندی سەرەکی پڕۆسەی بڕیاردان دەبن. لێرەدا تەرکیز لەسەر دۆخناسکترین ماڵەکانە، بەو ماڵانەشی کە سەرۆکخێزانەکانیان مێینەن یان بێوەژنن یان کەسانی کەمئەندامن یان هەژارن.

ئەم شێوازی کارە نەخشێنراوە لەسەر بەرنامەی بنەما لەسەر کۆمەڵگا بۆ چاککردنەوەی ماڵەکان کە لە وڵاتانی تردا جێبەجێکراوە لە پاش ململانێکان تیایاندا. UNDP شیکاریی وێنەی مانگەدەستکردەکان بەکاردێنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو گەڕەکانەی خانوەکانی زۆرترین کاولکاری بەرکەوتووە. تیمە مەیدانیەکان کە لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگارەوە سەرپەرشتی دەکرێن سەردانی گەڕەکەکان دەکەن و چاویان بە پێشەوا ناوخۆییەکانیان و گروپەکانی ناو کۆمەڵگاکانیان دەکەوێت بۆ ڕوونکردنەوەی پڕۆسەکە بۆیان. هەموو خانوییەك سەردان دەکرێت و پاشان نەخشە دەکرێت. پاشان، پسوڵەی بڕ (BoQ) بۆ کارەکانی بنیادنان پەرەی پێدەدرێت بۆ گەڕەکەکان و پاشان بەڵێندەری تایبەتی بەکرێ دەگیردرێت لەڕێی پڕۆسەیەکی زیادکردنی پێشبڕكێدارەوە. پێشەوا ناوخۆییەکان و ستافی شارەوانی و تیمەکانی مەیدانی سەر بە FFS چاودێری کارەکانی بنیادنانەوە دەکەن و پشتڕاستیان دەکەنەوە لەسەر پسوڵەی بڕەکە، پاشان دڵنیا دەبنەوە لەوەی هێزی کاری گەڕەکەکان کاریان پێبکرێت.

پاش تەواوبوونی قۆناغی تاقیکردنەوە بە سەرکەوتوویی، پڕۆژەکە لەلایەن لیژنەی ئاڕاستەکردنی FFS یەوە ڕەزامەندی لەسەر دەربڕدرا بۆ ئەوەی دەستبەجێ مەوداکەی گەورە بکرێت و هەموو خانووە ڕووخاوەکانی ڕەمادی و فەلوجە بگرێتەوە و لە داهاتووتردا لە موسڵیش جێبەجێبکرێت ئەگەر بارودۆخ ڕێگەیدا. ڕەمادی و فەلوجە پێویستیان بە 18 مانگ هەیە تا بەلایەنی کەمەوە 30،000 خانوو چاکبکرێنەوە بە بڕی 70  ملیۆن دۆلار.

ئەو وانانەی فێربووین تا ئێستا بریتیە لەوەی کە ئەم شێوازە نەک تەنها دەبێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ژیان و گوزەران، بەڵکو دەبێتە هۆی بنیادنانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی گەڕەکەکان و شەرعییەتی حکومەتیش لە کارەکانیدا باشتر دەکات. کاتێك مەودایەکی فراوان لە خەڵکی – بە خانمان و کچانیشەوە- بەشێك دەبن لە هەوڵی سەقامگیرکردنەوە، هەستی ئینتیما و هیوا بۆ داهاتوو دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دانانی بناغەی ئاشتەوایی و پەرەپێدانی تەداخولی ماوە درێژتر. پرۆسەیەک کە لەلایەن خەڵکییەوە بەڕێوەببرێت بە شێوەیەکی خێراتر بەرەوپێش دەچێت و کارەکانی تەواو دەبێت، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ سەقامگیرکردنەوەیەکی کارا  لەو شارانەی کە ئەم زیانە گەورانەیان بەرکەوتووە.

 

#IraqStabilization