بەگەڕخستنی وێستگە ئاویەکانی بەری ڕۆژئاوای موسڵ

Tue Aug 15 00:00:00 EDT 2017

 

نوسینی: هیوگۆ دی ڤریز، پسپۆری سەقامگیرکردن، UNDP لە عێراق

موسڵ یەکێك بوو لە کۆتا پەناگە سەرەکیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراقدا، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 دا کۆنتڕۆڵی شارەکەی کرد. هەڵمەتی سەربازی بۆ ئازادکردنی شارەکە لە تشرینی یەکەمی 2016 دا دەستی پێکرد و بەردەوامبوو بۆ ماوەی دە مانگ. نزیکەی یەك ملیۆن هاوڵاتی شارەکەیان چۆڵکرد کە ئەمەش بە یەکێك لە گەورەترین چۆڵکردنە بەڕێوەبراوەکان دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەرەتای تەمموزدا ئازادکردنی تەواوەتی موسڵی ڕاگەیاند، وە کارە قورسەکەی بنیادنانەوە دەستی پێکرد. زیاتر لە 700،000 هاوڵاتی هێشتا لەدەرەوەی ماڵوحاڵەکانی خۆیان، چاوەڕیی دەستپێکردنەوەی ژیانیانن. دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن (FFS)ی سەر بە (UNDP) لە کۆتایی 2016ەوە دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی لە نزیك هێلێ پێشەوەدا. زیاتر لە 300 پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان و سەدانی تر لە هەفتەی داهاتوودا دەست دەکەن بە کار.

وەکو پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق، ئەم دامەزراوەیە تەرکیزدەکاتەوە سەر خێرایی و کارکردن و وا دانراوە یارمەتیدەر بێت لە دەستپێکردنی بەگوڕی ئابوری ناوخۆدا لەگەڵ تەواوبوونی شەڕەکاندا. ڕێژەی سەدا نەوەد و پێنج لە دەستپێشخەریەکانی سەقامگیرکردن بە شێوەی بەڵێندەرایەتی بووە لە ڕێی کەرتی تایبەتیی عێراقییەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچوونەکان و دڵنیابوون لە ئاستبەرزێتی خاوەندارێتی ناوخۆیی و دروستکردنی هەلی کار لەو ناوچانەی زۆرترین پێویستیان بە کارە.

لە دۆخی موسڵدا، ئەم دامەزراوەیە بەڵێندەرایەتی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا ئەنجام دەدات بۆ بنیادنانەوەی تۆڕەکان لە خوارەوە تا سەرەوە و بەشێوەیەکی خێراش ماڵەکان دەبەستێتەوە بە تۆڕەکانی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆوە. تیمی کاری گشتیی داروپەردووەکان پاك دەکەنەوە و بینا گشتیەکان چاک دەکەنەوە. سەدان هەزار خەڵکی موسڵ لە دەستپێشخەریەکانی سەقامگیرکردنەوەدا کاردەکەن، بەمەش داهاتێکیان دێتە دەست و بۆ کڕینی بابەتە پێویستەکان لە بازاڕدا خەرجی دەکەنەوە. دامەزراوە تەندروستیەکان و قوتابخانەکان لە بواری شیاندنەوەدان و زیاتر لە 40 ئەندازیار و کەسانی شارەزا لە کەرتە حکومیەکاندا دانراون.

ئەم دامەزراوەیە دەبوایە بە خێرایی چارەسەری گونجاو و هەڵسوڕاوی بدۆزیبایەوە بۆ کێشە سەختەکان. وێستگەی نوێی پاڵاوتنی ئاو (ئەلئەیمەن ئەلجەدیدە) کە ئاوی خواردنەوە دابین دەکات بۆ نیوەی دانیشتوانی بەری ڕۆژئاوای موسڵ، نمونەیەکی باشە بۆ ئەم لایەنە. شیاندنەوەی ئەم دامەزراوەیە بریتی بوو لە کارەکانی چاککردنەوەی بۆریەکان و ئامێرە ناوخۆییەکان و دڵنیابوون لە بوونی وزەی پێویست. پاش پشکنینی توانستە ناوخۆییەکان، تیمە مەیدانیەکان ڕێکەوتن لەسەر  دروستکردنی کەرتێکی هەڵسوڕاو لە هێزی کار. حکومەتی عێراقی ڕێنمونی تەکنیکی دابین دەکرد و ئەنجومەنی دانیمارکی بۆ پەنابەران گۆڕەرەکان (محاویلەکان)ی گۆڕی بەو گۆڕەرانەی بەردەست بوو لەلایان و دامەزراوەی سەقامگیرکردنیش هێڵێکی ڤۆڵتیە بەرزی دانا بەنێو ڕووباری موسڵدا لە بەری ڕۆژهەڵاتی موسڵەوە کە حکومەت چەند بەشێکی تۆڕی کارەبای چاککردۆتەوە، بۆ وێستگەی پاڵاوتنی ئاوەکە.

کارەکانی UNDP زۆر بە خێرایی و بە تێچوونێکی کەم ئەنجام درا. تراکتۆر و خولخولۆکە بەکارهاتن بۆ بەرزکردنەوەی کێبڵەکان لە هەردوو بەری ڕووبارەکەدا لەکاتێكدا کرێکارە کارامەکان کێبڵەکانیان لە تاوەرەکان دەبەست. گەرمی ئاوڕێژگەی ڕووبارەکە لە ناوەڕاستی هاوینی عێراقدا پڕوکێنەر بوو، ناوە ناوە لە ڕاکێشانی کێبڵەکان و سەرکەوتن بەسەر تاوەرە پۆڵاینە بەرزەکاندا بە ڕۆژ، کرێکارەکان خۆیان فڕیدەدایە ناو ڕووباری دیجلەوە بۆ فێنکبونەوە. خودی هێڵەکە بەسەر ڕووبارەکەدا بەسترا لە ماوەی یەك ڕۆژدا، کە شەو داهات، بەڕێوەبەرایەتی کارەبا تەزووی کارەبای لە هێڵەکەدا هەڵکردەوە.

شوێنی کارەکە کەشێکی زۆر ناوازەی هەبوو. کرێکارەکانی سەر پڕۆژەکە کە هەموویان خەڵکی موسڵ بوون هەستێکی زۆر گەورەی شکۆمەندییان هەبوو. لەگەڵ بەرزکردنەوەی وایەرەکە لە ناو ڕووبارەکەوە، هەمووان بە مۆبایلەکانیان وێنەی سێڵفییان دەگرت بۆ ئەوەی بۆ هاوڕێکانیان بینێرن. هەموو ئەو شتانەی دامەزراوەی سەقامگیرکردن ئەنجامی داوە بەناوی حکومەتەوە بووە. ئەم دامەزراوەیە هێما و پۆستەر بەکارناهێنێت بۆ ئەوەی  کارەکانی خۆی بەناوی خۆیەوە بکات. ئاڵای عێراق تاکە ئاڵابوو لە شوێنەکە و لەکاتی بەرزکردنەوەی وایەرەکەدا دەشەکایەوە.

هێشتا کاری زۆر ماوە لە بەری ڕۆژئاوای موسڵدا ئەنجام بدرێت، وە دامەزراوەکەش ئامادە دەبێت بۆ یارمەتیدانی حکومەت و خەڵکی عێراق لە بنیادنانەوەی یەکێك لە جوانترین و گرنگترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

                                                                                                                          

#IraqStabilization