فینلەندا بەخشینەکانی بۆ کۆمەککردنی خێراکردنی سەقامگیریی ناوچە تازە ئازادکراوەکان بەکاردێنێت

Mon May 16 00:00:00 EDT 2016

قۆناغی دووهەمی چاککردنەوەی وێستگەی ئاوی قادسیە، تکریت. وێنە: UNDP عێراق/٢٠١٦

بەغداد- کۆماری فینلەندا بڕی ١.١٣ ملیۆن دۆلار (١ ملیۆن یۆرۆ)ی دابینکرد بۆ بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان (UNDP) بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

ئەم بەخشینەی فینلەندا دەکرێتە دامەزراوەی کۆمەککردنی سەقامگیریی دەستبەجێ (FFIS)کە بەکاردەهێندرێت بۆ پاڵپشتیکردنی خێرای ناوچە ئازادکراوەکان تا ژێرخانی مەدەنییان چاکبکرێتەوە و دەستبکرێتەوە بە ئابووری ناوخۆ و بەرزکردنەوەی توانستی حکومەت و هاندانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی

خاتوو لیز گراندێی، نوێنەری نیشتەجێی UNDPو ڕێکخەری مرۆیی و نیشتەجێی نەتەوەیەکگرتوەکان، وتی:" یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش یەکێکە لە گەورەترین ئەولەویەتی عێراق. بەخشینە میهرەبانەکەی فینلەندا لە کاتی خۆیدایە. هەزاران ئاوارە گەڕاونەتەوە ڕەمادی و هەزارانی تر دەیانەوێت بە سەلامەتی و سەربەرزییەوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان تا دەستبکەن بە دووبارە دروستکردنەوەی ژیانیان."

لە بەرامبەردا، وەزیری بازرگانی و پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فینلەندا، خاتوو لێنیتا تۆیڤاکا وتی:" تەنها خانوو و ڕێگاکانی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێردەستی داعش کاول نەبوون، بەڵکو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیش کاول بووە. فینلەندا جەخت دەکاتەوە سەر پێویستیی دڵنیابوون بە جیاوازی نەکردن و پاڵپشتیی گروپە دۆخناسکەکان، بە خانمانیشەوە لەو ناوچانەی FFIS چاوی لەسەریانە."

دامەزراوەی FFIS   کە لە حوزەیرانی ٢٠١٥ دا دامەزراوە، لە ئێستادا لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و دیالەدا کار دەکات. بە گشتی، دامەزراوەکە دەسەڵاتی لە حەڤدە ناوچەدا پێدراوە. نوێترین کارەکانی دامەزراوەکە لە ڕەمادیی بوو، کە کاولکارییەکی فراوان و پیسبوونی ناوچەکە بە بۆمبی چێنراو ڕوویداوە و ئەمەش بۆتە هۆی خاوکردنەوەی هەوڵەکانی سەقامگیرکردن.

بڵاوکراوەی ڕۆژنامەوانی بخوێنەرەوە بە زمانی عەرەبی (داگرتن)

پەیوەندی

نیداء هیلال، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان،

م. 9647804473336+