بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان UNDP و کۆمپانیای تۆیۆتا شیاندن بۆ ئاوارەکانی عێراق دەکەن تا پەیوەندی بکەن بە هێزی کارەوە و بەشداربن لە دووبارە بنیادنانەوەی ژینگەی پیشەوکار

Wed Oct 26 00:00:00 EDT 2016

سەرۆکی تۆیۆتا لقی عێراق بەڕێز سەردار ‌ح. حەسەن وتی :" لەگەڵ هاوکارمان UNDP ئامانجمان بریتیە لە زیادکردنی هەلی ڕاهێنانی پێشەگەریی لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبیل دا بۆ ئاوارەکان و کۆمەڵگا خانەخوێیەکان." وێنە Cengiz Yar/UNDP عێراق /2016

هەولێر- UNDP و کۆمپانیای تۆیۆتا لقی عێراق بەرنامەیەکی گەورەی ڕاهێنانی پیشەیی و هەلی کار خستە گەڕ بۆ دابینکردنی هەلی بەدەستهێنانی داهات بۆ لاوان و ئاوارەکان. ئەمە پاش چوار مانگ لە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەك لەلایەن ئەم دوو لایەنەوە دێت لە هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق.

لەکاتی خستە گەڕەکەدا، سەرۆکی تۆیۆتا لقی عێراق، بەڕێز سەردار ح. حەسەن وتی:" تۆیۆتا وەی - Toyota Way- ڕێنیشاندەرێکی نمونەیی پێوانەییە بۆ تۆڕی جیهانیی لە ئۆتۆمبیلسازان و دابەشکاران و بازرگانان. یەکێک لە بنەما بنەڕەتیەکانمان بریتیە لە ڕێزگرتن لە خەڵکیی. لە هەر شوێنێکدا کار بکەین، بە چالاکانە دەست دەکەین بە هاندانی ناوخۆیی لەسەر ئاستی تاك و لەسەر ئاستی هاوبەشەکانیشمان، ئەمە یارمەتیدەرە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگاکاندا و یارمەتیدرە بۆ دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵگا. ئەمە لەڕێی چەندین چالاکییەوە بە ناوی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکانەوە دەبێت سەر بە تۆیۆتا لقی عێراق. لەگەڵ هاوکارمان UNDP ئامانجمان بریتیە لە زیادکردنی هەلی ڕاهێنانی پێشەگەریی لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبیل دا بۆ ئاوارەکان و کۆمەڵگا خانەخوێیەکان لەڕێی بەرنامەی پەرەپێدانی تەکنیکییەوە".

سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی یابان لە عێراق، بەڕێز هیرۆتاکا تێزوکا، وتی:" خوازیارم ئەو ئاوارانەی ماڵ و حاڵ و ئیش و کاریان لەدەست داوە بەهۆی هێڕشە تیرۆریستیەکانەوە لەلایەن داعشەوە بتوانن ژینگەی کاری ناوخۆ بنیادبنێنەوە لەڕێگەی بەکارهێنانی کارامەیی و ئەو زانیاریانەی لەم ڕاهێنانەوە بەدەستی دێنن."

لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕێوەبەری بەرنامەی ICRRP ی سەر بە UNDP، خاتو میزوهۆ یۆکۆی، وتی :" لەکاتێکدا خەڵکانێکی زۆر لە عێراقدا پێویستیان بە یارمەتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، UNDP بە شانازیەوە هاوبەشی دەکات لەگەڵ تۆیۆتا دا، بەشێوەیەك کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بێنێتە دی لە ژیانی لاواندا. لە ماوەی درێژخایەندا، من ئاسودەم لەوەی ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی دروستکردنی چەندین هەل بۆ لاوان تا دووبارە ژیانیان دابمەزرێننەوە لە عێراقدا."

عەلی حومەیدی، تەمەنی ٢٥ ساڵە و ئەندازیاری میکانیکە، لەدەست توندوتیژیەکانی ئەنبار هەڵاتوە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ٢٠١٤ەوە و یەکێکە لەوانەی ڕاهێنان وەردەگرن. ئەم کەسە لەم باریەوە وتی :" ئەمڕۆ ژیان پەنجەرەیەکی هیوای کردەوە بۆ خۆم و خێزانەکەم. گەڕان بە دوای کاردا بەبێ ئەزمونی کردارەکی زۆر گرانە و ئێمە سوپاسگوزاری ئەم هەلەین."

ICRRP ی سەر بە UNDP پاڵپشتیی خێرا بۆ خێزانە دۆخناسکەکانی ناوچە تازە ئازادکراوەکان دابین دەکات لە شار و گوندەکاندا کە تیایدا تەنگەژەی کۆمەڵایەتی هەڕەشە لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگا دەکات. ICRRP لە ئێستادا لە 11 ناوچەی تازە ئازادکراو لە پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا چالاکە و وا پێشبینی دەکرێت بۆ نزیکەی 30 ناوچە کارەکانی فراوان بکات لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا. ICRRP بە شێوەیەک دانراوە کە ڕۆڵبگێڕێت وەکو بەرنامەیەکی چارەسەر و هەستانەوە بۆ یارمەتیدانی خێزانەکان کە لە چەندین لاوە دووچاری زەبر بونەتەوە لەو شوێنانەی گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

#IraqResilience

پەیوەندی

کەریم ئەلکۆرانی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان FFIS.

م، 9647901931292+

ئەمیر سالح، بەڕێوەبەری بانگەشە و هاندان، تۆیۆتا لقی عێراق.

م، 9647507412444+