میسانی ڕازاوە لە یەك ڕۆژدا

Thu Dec 22 00:00:00 EST 2016

هەڵمەتی EU-LADP بە ناوی (میسانی خاوێن لە یەك ڕۆژدا) زیاتر لە 10،000 خۆبەخشی ڕاکێشا بەلای خۆیدا وێنە:بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/2016

میسان- زیاتر لە 10،000 خۆبەخش بەشدارییان کرد لە هەڵمەتی "میسانی خاوێن لە یەك ڕۆژدا". خۆبەخشان بریتیبوون لە خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ و ڕێکخراوانی ناحکومی و پێشەوایانی کۆمەڵگە و ئەندامانی حکومەتی خۆجێی میسان. نزیکەی 500 تەن لە خاشاک کۆکرایەوە و 800 سەبەتەی خۆڵ دابەشکران و 4000 مەتر لە ئاوی ئاوەڕۆ پاککرایەوە.

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا EU لە عێراق، بەڕێز پاتریک سیمۆنێت، وتی :" ئێمە خەمخۆری خەڵکی عێراقین. پاش بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا و تێکەڵکردنەوەی لایەنە ژینگەییەکان لەگەڵ ڕێسا پەرەپێدانی ناوخۆییدا گرنگییەکی گەورەی هەبوو. ئەوەی گرنگترە بۆ ئێمە و بۆ خەڵک بریتیە لەوەی ئەم ڕێسایانە کاریان پێبکرێت. من خۆشحاڵم لەوەی ئەو هەموو خەڵکە، بەتایبەتی لاوان و خانمان هەوڵێکی پێکەوەییان خستە گەڕ بۆ باشترکردنی ژیان لە شارەکەیاندا."

گۆرانی و نمایشی منداڵانی باخچە بووە دەستپێکی هەڵمەتەکە لەبەرواری 22 ی کانونی یەکەمی 2016 دا لەلایەن بەرنامەی پەرەپێدانی ناوخۆییەوە LADP کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی دەکرێت و لەلایەن UNDP یەوە جێبەجێ دەکرێت.

هونەرمەندان و نیگارکێشەکان کە خۆبەخشبوون لە هەڵمەتەکدا ڕووکاری دەرەوەی دیواری 7 قوتابخانە و عەیادەیەکی تەندروستی و زیاتر لە 2000 مەتر یان لە شۆستەی شەقامە سەرەکیەکان بۆیە کرد. خۆبەخشان 1500 داریان بە درێژایی شەقامەکانی قەزای حەی ئەلعەسکەری چاند.

سوندوس عەباس، پسپۆری جێندەری لە UNDPدا، وتی :" بەرنامەی پەرەپێدانی ناوچە ناوخۆییەکان بوە هۆی هاندانی ئەم دەستپێشخەریە وەکو بەشێك لە چالاکیەکانی پڕۆژەی پەیوەست بە جێبەجێکردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانەوە. مەبەست لەم هەڵمەتە بریتیە لە هاندانی دامەزراوە گشتیەکان و هاوڵاتیان لە باشترکردنی خزمەتگوزاریەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی ژینگەدا. بەشداربوونی خۆبەخشانە لە هەڵمەتەکەدا جەوهەری ناوچە ناوخۆییەکان پیشان دەدات بۆ باشترکردنی متمانەی هاوڵاتیان لە پەیوەستبوونیاندا بە شارەکەیانەوە."

هەڵمەتی "میسانی خاوێن لە یەك ڕۆژدا" 9 وانەی لەسەر بەرزکردنەوەی هوشیاری لەخۆ گرتبوو لەماوەی هەفتەیەکدا ئەنجامدرا لە قوتابخانە و مزگەوت و سەنتەرەکانی کۆمەڵگا و لاواندا لە میسان بە هاریکاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و تەندروستی لە پارێزگای میساندا.

پارێزگاری میسان، بەڕێز عەلی داوای، کە شان بە شانی خۆبەخشان بوو لە هەڵمەتەکەدا جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەشداربوونی ناوخۆیی لە هوشیاریی پاراستنی ژینگەدا. هەروەها وتی "دەمەوێت میسان خاوێن بێت لە خاشاک و هەڵمەتەکە لەڕێی بەشداربوونی کارای هاوڵاتیانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕێی پراکتیکیەوە فێری کارەکان بین".

خوێندکاران و مامۆستایانی قوتابخانەی ناوەندی ئەلفورات بۆ کچان بەشداریان کرد لە هەڵمەتەکەدا. خاتو لەیلا موحەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە وتی:" هەڵمەتەکە پاڵنەرێك بوو بۆ خوێندکارەکان تا قوتابخانەکەیان بە خاوێنی بپارێزن. هەروەها خوێندکارانیش دەستپێشخەریان کرد لە دامەزراندنی کۆمەکیەکی تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی بەخشینەکان بۆ پاراستنی قوتابخانەکەیان و ناوچەکەیان بە خاوێنی. یەک کاتژمێر لە ڕۆژێکدا تەرخان کراوە بۆ ژینگە کە تیایدا مامۆستایان و خوێندکاران بەشداربن لە خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکە و دەرەوەیدا."

منداڵانی حەی ئەلعەسکەری تەنها دەیانتوانی لە نزیك قوڕاوەکان و خاشاکە کەڵەکەبوەکانەوە یاری بکەن. بەهۆی ئەمەوە توشی هەوکردن و چەندان نەخۆشی دەبوون بەهۆی بەرکەوتنیان بە مێرووەکان و مشک و جرج و مادەی ئەندامیی ناتەندروستی تر و بەکتریاوە.

دوابەدوای جێبەجێکردنی "میسانی خاوێن لە یەک ڕۆژدا"، هەموو ناوچەکانی حەی ئەلعەسکەری بە تەواوی خاوێنکرانەوە و لە کۆتاییدا منداڵان بە هەموو تەمەنەکانیانەوە کۆبونەوە و لە یەك ناوچەی سەلامەت و ژینگە تەندروستدا یارییان کرد بێ ئەوەی ترسیان هەبێت لە نەخۆشی بەهۆی ژینگەیەکی ناتەندروستەوە. عەلی حەیدەر ی تەمەن 7 ساڵان هێندە بەجۆشبوو بۆ پیشاندانی دڵخۆشیەکەی وتی"لە کۆتاییدا دەتوانین لە شوێنێکی خاوێندا یاری بکەین".

باسم، هونەرمەندێکی لێهاتوی 30 ساڵان بە زەردەخەنەیەکی هیوابەخشەوە وتی :"ڕێگام بۆ خۆشکراوە بۆ بەدیهێنانی خەونەکانم"، هەروەها وتی :"من زۆر دڵخۆشم بۆ بەشداریکردن لە جوانکردنی ئەم شارەدا و بۆ بۆیاخکردنی دیواری قوتابخانەکان لە ناوچەکەدا." بەهۆی بەشداریی ئەم هونەرمەندەوە لە هەڵمەتەکەدا، باسم بوە هۆی ئەوەی لە نێو کۆمەڵگەی هونەرمەنداندا لە میسان زۆر بناسرێت. ئەم هونەرمەندە بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردن لە چەندین فیستیڤاڵ و پێشانگا و بەشداریکردن لە پێشبڕكێی وێنەکێشاندا. هەروەها هەلی بەدەستهێنانی داهاتێکی جێگیری بۆ ڕەخسا بەهۆی جێبەجێکردنی وێنەکێشان لەسەر دیواری هەندێك ناوچەی میساندا.

شایەنی باسکردنە کۆمەڵێکی 102 خوێندکاریی کە بەشدارییانکرد لە هەڵمەتەکەدا وەکو خۆبەخش ناونوسکران لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومییەوە لە میساندا بۆ بەشداریپێکردنیان لە هەر چالاکیەکی پێویستی تر لە داهاتوودا لە پارێزگای میساندا.

پەیوەندی

نیداء هیلال، بەرپرسی پەیوەندییەکان، UNDP عێراق. م. 9647804473336+

موحەممەد فەوزی، بەرپرسی ڕاگەیاندن و زانیاری، نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کۆماری عێراق م. 9647809285377+