بەرەوپێشبردنی گشتاندنی ڕەچاوکردنی ڕەگەز بۆ بەڕێوەبردنێکی بەردەوامی ژینگەیی لە عێراقدا

Mon Feb 13 00:00:00 EST 2017

بەشداربوان زانیاریەکانیان فراوانتر دەکرێت لەسەر هۆکارە پراکتیکیەکانی تێکەڵکردنی لایەنەکانی ڕەگەزیی لە پڕۆژە ژینگەییەکاندا. وێنە: عەبدولهادی حەمید/ UNDPعێراق/2017

بەغداد- بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقی GoI و حکومەتی هەرێمی کوردستان KRG دا، بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان UNDP وۆرکشۆپێکی تەکنیکی ڕێکخست بە ئامانجی ئاخاوتن و باشترکردن و تێگەشتنی زیاتر سەبارەت بە گشتاندنی ڕەچاوکردنی ڕەگەز لە پڕۆژە ژینگەییەکانی عێراقدا. وۆرکشۆپەکە لە بەرواری 13 ی شوباتی 2017 دا بەسترا لە بەغداد و بیست و چوار  نێوەند گر (فۆکاڵ پۆینت)لە وەزارەتە جیاوازەکانی وەکو تەندروستی و ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا و بەرگری و ناوخۆ و کەلتورەوە بەشداربوون لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی دەستەی پاراستن و بەرەوپیشبردنی ژینگە EPIB ی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وۆرکشۆپەکە ئامڕاز و چێوەی کاری مەبدەئیی بۆ گشتاندنی ڕەچاوکردنی ڕەگەز دابین کرد لەنێو بواری بەرنامەڕێژیی ژینگەییدا. بەشداربوان بە چالاکانە بەشدارییان کرد لە ئاخاوتنە تەکنیکیەکان سەبارەت بە هۆکارە پراکتیکیەکانی چۆنیەتی تێکەڵکردنەوە و یەکخستنەوەی لایەنە ڕەگەزیەکان لە پڕۆژە ژینگەییەکاندا کە پەیوەستدارن بە کارەکانیانەوە، بە تەرکیزکردنە سەر ڕێکاریەکانی ئامادەباشیی بۆ لافاو لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەمەش بۆ باسکردنی مەترسیەکانی بەنداوی موسڵ و لافاوەکانی ڕووباری دیجلە.

بەڕێوەبەری بەرنامەی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگە و وزە EECC ی سەر بە UNDP، بەڕێز تەریقول ئیسلام وتی :" ڕەگەز بنەمایەکی ڕێکخەری ناوەندییە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، نایەکسانی لە ڕەگەزدا دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئافرەتان و پیاوان لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتیەکاندا و ئەمەش دەبێتە هۆی کارەسات و مەترسیی ژینگەیی دێنە پێش".

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی و ژینگە MoHE خاتوو شەذا کاظم وتی :" گۆڕانکاریی کەشوهەوا کاریگەری دەکاتە سەر هەموو لایەنێکی ژیانمان لە هەموو کەرتەکاندا. ژینگە لە ڕووی ڕەگەزەوە بێ لایەن نیە. بەڵکوو کاریگەریی دەکاتە سەر پیاوان و ئافرەتان و کوڕان و کچان بە جیاوازییەوە، لەگەڵ جیاوازیی لە پێویستی و توانستەکانیاندا. ئەمە دۆخناسکێتیی ئافرەتان زیاتر لە لایەنەکانی تر زیاد دەکات."

خاتوو سوندوس عەباس، بەرپرسی ڕەگەز لە UNDP دا، وتی :" ئافرەتان و کچان بە تایبەتی ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە دابینکردن و بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی ئاوی خواردنەوە لە ماڵەکاندا. ئەمان بەرپرسن لە پاکژی و پاکوخاوێنی ناو ماڵ، هەروەها زۆرجاریش خەریکی کاروباری باخچە و چالاکیی بچوکی ناو کێڵگەش دەکەن، کاتێك جۆرایەتی ئاو دادەبەزێت و کەمدەبێتەوە، ڕاستەوخۆ باری سەرشانی کچان و ئافرەتان قورستر دەبێت و ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی هەموو لایەك."

لە دەرەنجامی وۆرکشۆپەکەدا، بەشداربوان ڕێکەوتن لەسەر کارکردن بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە:

  1. داکۆکیکردن لە زانیاری ڕەگەزی جیاکراوە لە هەموو کەرتە پەیوەستدارەکاندا.
  2. داکۆکیکردن بۆ پەرەپێدانی پلانێكی کاری ڕەگەز لە هەر وەزارەتێک لەسەر ئاستی وڵات، بە پاڵپشتیکردن بە سیستەمێکی خەمڵاندن و چاودێریکردنی بەهێز بۆ جێبەجێکردنیان.
  3. باشترکردنی تێگەشتن سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ژینگە و نایەکسانی ڕەگەز لە کۆمەڵگای عێراقیدا، بە ئەندامانی نێو کۆمەڵگا و دانەرانی سیاسەت و بڕیاردەرانیشەوە.
  4. بەگەڕ خستنی تەداخولی ڕەگەزی پێشکەوتوو لە کەرتی ژینگەدا.
  5. ڕەشنوسکردنی نامیلکەیەکی هەمە زمانیی سەبارەت بە ئافرەتان و کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات (DRR) و ژینگە بە لەخۆگرتنی کورتە پەیامی تایبەت بە ئافرەتان و کچان بە پاڵپشتیی UNDP و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تەندروستی و ژینگە و کەلتور و EPIB.
پەیوەندی

تەریقول ئیسلام، بەڕێوەبەری بەرنامە لە گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگە و وزە دا. م، 9647801976462+