کۆڕبەندى ئافرەتان دژى گەندەڵى لە عێراقدا

كۆربەندی ئافرەتانی دژی گەندەڵی لە عێراقدا، یەكەمین كۆربەندی لەو شێوەیە كە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا دایدەمەزرێنێت. مریەم ئەل فەرتوسى لە پارێزگای موسەننا ئە ندامێكە لەم كۆربەندە تیشك دەخاتە سەر چۆنیەتی ڕابەرایەتیكردنی ئەم گروپەی گۆرانكارە و بۆ كاركردن لە پێناو هێنانەكایەوەی عێراقێك كە گەندەڵی تێیادا نەبێت.

2020 December 16

مریەم ئەل فەرتوسى، ئەندامی کۆڕبەندى ئافرەتان دژى گەندەڵى لە عێراقدا، تاوتوێی باشترين پلانی كاركردن دەكات لەگەڵ ئەندامانی كۆربەندەكە، بۆ ڕووبەرووبووەنەوەی گەندەڵی لە عێراقدا

کاتێک من و کۆمەڵێک ئافرەتى تر لە پارێزگا جیاجیاکانەوە بانگهێشتکراین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە عێراقدا، یەکەم جارمبوو گوێبیستى گفتوگۆیەکى بوێرانە و ڕوون بم لەبارەى ڕۆڵى ئافرەتان لە ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵیدا. لەکاتێکدا هەمیشە باسمان لە هەوڵەکانى حکومەت و لایەنە فەرمییەکان کردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم دیاردەیەى لە کۆمەڵگاکەماندا بڵاو بووەتەوە و بەداخەوە و لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هەمیشە ئافرەتان بوونیان نەبووە لەو یەکە ودامەزراوانەى پەیوەندییان بە بوارى بەرەنگاربوونەوەى دیاردەى گەندەڵى دارایى و بەڕێوەبردنەوە هەیە، بەشێوەیەک کە سەرەڕاى گرینگییەکەى لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە هیچ هەنگاوێک بۆ بەرقەراربوونى ڕۆڵى ئافرەت نەنراوە.

کاتێک بانگهێشتنامەکەى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان ڕێى بۆ گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە خۆشکرد هانیداین بیر لە ڕۆڵە هەمەچەشنەکانمان بکەینەوە وەک ئافرەتان و متمانەمان بە تواناکانمان و ئەو کاریگەرییەگرینگانەمان هەبێت کە بەسەر کۆمەڵگاکەمانەوە هەمانە. ئەمە لە هاوینى 2020 دا بوو و لەو کاتەشەوە یەکێک بووم لەو ئافرەتانەى هەر لە سەرەتاوە بە خۆبەخشى کاریان لەسەر ئەم دۆزە کردووە و لەگەڵ هاوپیشەکانى ترماندا ڕۆژانە گفتوگۆمان لەبارەى ئەوەوە کردووە کە چۆن گەندەڵى خۆمان و منداڵەکانمانى لەو خزمەتگوزاریانە بێبەش کردووە کە پێویستمانە و بە هۆى گەندەڵییەوە ڕێگاکانى شارەکەم قیر نەکراون و بە هۆى گەندەڵییەوە ڕۆژانە نزا دەکەم خۆم و منداڵەکانم نەخۆش نەکەوین چونکە نەخۆشخانەى باش بوونى نییە و هەروەها بەهۆى گەندەڵییەوە کوڕى دراوسێکەم لەبەر بێکارى وڵاتى جێهێشت و لە دەریادا خنکا و تاو ئێستاش و پاش چەندین ساڵ دایکى بۆى دەگری.

بەر لەوە هیچ خەونیکم نەبوو چونکە گشت خەونەکانمان بەهۆى گەندەڵی و ئەو گەندەڵکارانەى پێمان وابوو گشت توانایەکیان هەیە و ئێمەش بێجگە لە بێهیوایى هیچ شتێکى ترمان بەدەستەوە نییە هەڵوەرین . بەڵام ئێستا بەهەموو توانام و زۆر بەڕوونى دەڵێم کە هیوا و هێز و ئەو سوربوونەى ئافرەتانى عێراق هەیانە خەونى داهاتوویەکى باشتر بۆ خۆمان و منداڵەکانمان دروست دەکەن و تواناى گەندەڵکاران ڕاستەقینە نییە و ساختەیە و بە کارى جدى دەتوانین ڕۆژانە ڕێگە لەو دیاردەیە بگرین و گشت کۆمەڵگا هان بدەین بۆئەوەى گەندەڵى و گەندەڵکاران ڕەت بکەنەوە و شەرمەزاریان بکەن.

خۆم و ژمارەیەک ئافرەتى ئەندام لە کۆڕبەندەکەدا لە پارێزگاى موسەننا بڕیارماندا ستراتیژیەتیکى کارکردن دابڕێژین بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لەبارەى ڕۆڵى ئافرەتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى سەرەڕاى ئەو ئاستەنگ و گێچەڵانەى ڕووبەڕوومان بوونەوە کاتێک دەستمان کرد بە خستنەڕووى ئەوەى کە ئێمە ئافرەتانى عێراقین و نیشتیمانێکى خاڵیمان لە گەندەڵى دەوێت و لە ئەیلولى 2020ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام لە کارکردنداین ئەویش لە ڕێگەى سەردانیکردنى ئەوانەى بڕیاریان بەدەستە و پێمان خۆش بوو ڕایبگەیەنین کە پارێزگارى موسەننا زۆر هانیداین و زۆر دڵخۆش بوو بە ئازایەتى و چاونەترسى ئافرەتانى عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم دیاردەیەدا و بە هەمان شێوە مامۆستایانى زانکۆى موسەننا و ژمارەیەکى زۆرى ئافرەتانى تریش.

ڕاوێژکارى پارێزگار بۆ کاروبارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە موسەننا پشتیوانى و ئامادەباشى خۆى بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵماندا دەربڕى لە پێناو یەکخستنى ڕێکخراوە نێوخۆییەکان بۆ کارکردن لەسەر داڕشتنى بیرۆکە و ئامانجى کۆڕبەندەکە لەمیانى چاڵاکییە کۆمەڵایەتییەکانیدا بۆ بنیاتنانى کلتورى ڕەتکردنەوەى گەندەڵى بەیەکەوە.

ڕەنگە پێویست بکات بڵێم کە ئارەزوى خۆبەخشیم هەبوو بۆ کارکردن لەگەڵ کۆڕبەندى ئافرەتان دژ بە گەندەڵى چونکە ئەندامە ئافرەتەکانى بڕوایان بە ڕۆڵەکانیان و هاوتایى بنەما و ئامانجەکانى کۆڕبەندەکە لەگەڵ بیروباوەڕ و ئامانجەکانمدا هەبوو لە نیشتیمانێکى خاڵى لە گەندەڵیدا و لەکەمان کاتدا کارکردنم لەم بوارەدا بووەهۆى کردنەوەى ئاسۆیەکى نوێ لە پەیوەندى ئەرێنى ئەو بیرۆکە بنیاتنەرانەى  بەم زوانە دەیانخەمە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگا و دەرخستنى ڕۆڵى ئافرەتلە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیدا و هەروەها سوپاسى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان دەکەم کە لە گشت پارێزگا و بوارێکدا پشتیوانى لە ئافرەتان دەکات.