پەیوەندی نێوان قەدەغەی هاتوچۆ و توندوتیژیی بنەما لەسەر ڕەگەز لە عێراقدا

2020 July 22

ئایا دەزانیت سەربارەی بەرەوپیشچوونی چەندان ساڵەی پڕکردنەوەی کەلێنی نایەکسانی ڕەگەزی، هێشتا سەدا 90 ی ژنان و پیاوان جیاوازی دەکەن لەدژی ژنان؟

ئاماژەدەری نەریتە ئاساییە کۆمەڵایەتیە ڕەگەزیەکانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کە لەم دواییانەدا بڵاو کرایەوە دەریدەخات چۆن باوەڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕیگرن لەبەردەم یەکسانی ڕەگەزیدا لە بوارەکانی سیاسەت و کار پەروەردەدا لە 75 وڵاتدا، ئەم شیکاریە ئاماژەدەری نوێ دابین دەکات بۆ ئەو بەربەستە نەبینراوانەی لەبەردەم ژناندان لە بەدەستهێنانی یەکسانیدا و تێكشکاندنی ئەم بەربەستە شووشەییە نادیارەدا.

لە عێراقدا کە ڕێژەی بێکاری بەرزە (سەدا 58) و بەشداربوونی ژنان لە هێزی کاردا کەمە (سەدا 12.6) زۆرجار پەیوەست دەکرێت بە نەریتە کۆمەڵایەتی و کەلتوریە چەقبەستووەکانەوە، کە کاری سەلامەت بۆ ژنان سنوردار دەکەن یان لەڕێی شارەزایی سنورداری ئابووری و دارایی ژنانەوە، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بەشداری بە بەرژەوەندیدارانی سەرەکیکرد لە گفتوگۆیەکدا لە مانگی تەمووزدا.

بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرێتی بەهێزکردنی ژنان لە سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و تۆڕی عێراقی بۆ بڕیاری 1325 ی ئەنجومەنی ئاسایش، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان دوو دانیشتنی گفتوگۆی کراوەی ساز کرد لە 8 و 9 ی تەمووزدا. 184 بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ داکۆکیکارانی یەکسانی ڕەگەزی کۆبوونەوە بەشێوەكی ئۆنڵاین بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان کە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە ڕوویداوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سنوردارکردنی جوڵە کە لە ناوەراستی مانگی ئازاردا سەپێنران. بەشداربووانی گفتوگۆکە باسی لایەنی گەورەتری کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی پەتاکە کرد کە دووچاری ژنان و کچان بۆتەوە و هەڕەشەیە بۆ کزکردن و لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەی وەدەستهاتوون لە عێراقدا، وەکو جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی خێزانی.

ئەم قەیرانە بۆتە هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر بەشداربوونی ژنان لە کاری بەپارەدا بەهۆی قوڵترکردنەوەی نەریتە کۆمەڵایەتیە سنوردارکارە هەبووەکان کە ڕۆڵی دیاریکراو دەداتە ژنان و پیاوان. هەروەها ئەوەشی بەرچاوخست چۆن چێوەی کارە یاسایە جیاکاریەکان بەردەوامە لە گەشتنی ژنان بە دەرفەتی یەکسانی ئابووری.

د. ئیبتیسام عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرێتی بەهێزکردنی ژنان وتی:"زۆرینەی ڕێکاریەکانی بەدەنگەوەچوونی قەیران وەکو قەدەغەی هاتوچۆ بە ڕوونی هێزی نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی پێوە دیارە، کە دروست کراون لەسەر سیستەمی گونجاو بۆ پیاوان و کەمکردنەوەی سزادانی ئەنجامدەرانی تاوان بەهۆی جیاوازیکردنی نامەبەست و هەندێكجار بەمەبەست. هەروەها زۆرینەی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیی عەشایەری چارەسەر دەکرێت، ئەگەرچی گەشتبێتە تاوانی کوشتنیش." دوعا عەلی، خوێندکاری یاسا لە زانکۆ وتی: "بە پێچەوانەوە ڕێکاریەکانی کەرەنتینە بۆتە هۆی ئەوەی ژنانی لاوی عێراقی دەرفەتی دیزاینکردن و دروستکردنی چەندان چارەسەری داهێنەرانەیان هەبووبێت بۆ بزواندنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئابوریی خۆیان."

دانیشتنەکان کۆتایی هات بە ڕاگەیاندنی پێکهێنانی ژووری قەیرانەکان بە ئامانجی بەبەڵگەنامەکردن و نەخشەدانان و شیکاریی شێوازە نوێیەکانی توندوتیژی و هەروەها پێشنیارکردنی چارەسەری داهێنەرانە و بەردەوام و پێداچوونەوەی پرۆتۆکۆلە هەبووەکان و ڕێکاریە ستانداردەکانی کارکردن بۆ ڕەنگدانەوەی هەلومەرجە گۆڕاوەکان لە دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا. هەروەها ئەم ژوورە مەبەستی دانانی قۆناغی ڕێبازێکی نوێیە بۆ بەشداربوونی ستراتیژیانەی هاوبەشان و ڕوانگەیەکی نوێ بۆ خستنەڕووی کاریگەریەکانی نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و جیاکاریی ڕەگەزیی لە پەکخستنی یەکسانی رەگەزییدا لە قەیرانەکاندا. هەروەها ژووری قەیرانەکان دڵنیایی دەدات لەوەی تەداخولەکانی بەدەنگەوەچوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا  تەنانەت ئەگەر بە ڕوونی توندوتیژی بنەما لەسەر رەگەز نەخەنەڕوو، دەبێت یارمەتیدەر بن لە ڕێگرتنی ئەم جۆرە توندوتیژیە و پاراستنی ڕزگاربووان لەم توندوتیژیە.

لە ساتێکی گرنگی یەکسانیی ڕەگەزیدا، جیهان ئاهەنگی 64 هەمین کۆمسیۆنی پایەی ژنان (پەکین+25) گێرا کە دەکاتە 20هەم ساڵیادی لەخۆگرتنی یاسای 1325 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان و پێنجەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئەجێندای 2030 بۆ پەرەپێدانی بەردەوام، زیادبوونی لەپڕی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە عیراقدا لە هێڵی پێشەوەی بەدەنگەوەچوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا خراوەتە ڕوو.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پشتیوانی دەکات لە حکومەتی عێراقی لە هەڵسەنگاندنەوەی ڕێچکەی نیشتیمانیدا بۆ یەکسانی و چۆنیەتی پڕکردنەوەی کەلێنی نایەکسانی ڕەگەزی بە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستن لە ڕووی دارایی و سەرچاوە مرۆییە گەورەترەکان و ئاسانکاری لە گەشتن بە دادوەریی بۆ ژنان.

بەڕێز خالید موحەمەد، پارێزەر و بەشداربووی گفتوگۆکە وتی:"بەهۆی قورسیی چاودێریکردن و پێوانەکردنی نەریت و هەڵوێستە کۆمەڵایەتیەکان، کاریگەری هیزی دابونەریت زۆرجار پشتگوێ خراوە. ئەمەش بۆتە هۆی نەبوونی تێگەشتن لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و بەردەوامبوونی نایەکسانی ڕەگەزی. ڕێگرتن لە توندوتیژی بنەما لەسەر رەگەز بریتیە لە ستراتیژیەتێك کە دەکرێت برەو بدات بە بەرەوپێشچوونی چەندان ئامانجی پەرەپێدانی بەردەوام، نەك تەنها بەهۆی ئەوەی یەکخراوە بۆ ناو زۆرینەی ئامانجەکان، بەڵکو بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی باشتربوون و قوڵتربونەوەی کاریگەریی ئەرێنی. ئەمە دەبێتە دڵنیایی لە دەرفەتەکانی یەکخستنی بەرنامەکانی ڕێگریی لە بەدەنگەوەچوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دەستپێشخەریەکانی چاکبوونەوە لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی سەروەرێتی یاسا و دادوەری و ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ."