بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا لە عێراقدا

2020 December 20

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە هاوبەشى لەگەڵوەزارەتى تەندروستى و ژینگە لە عێراق، بە هەماهەنگى لەگەڵ پارێزگاى میساندا، هەستاوە بە ڕاگەیاندنى پڕۆژەى پشتیوانیکردنى دانیشتوانى زۆنگاوەگانى حوێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانکاریەکانى کەش وهەوا بە کۆمەکى ئاژانسى سویدى بۆ هەماهەنگى پەرەسەندنى نێودەوڵەتى.

ئەم ڕاگەیاندنەش لەمیانى وۆرکشۆپێک بوو لە پارێزگاى میساندا کە بە بەشدارى نوینەرى نوسینگەى هەرێمى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بۆ وڵاتە عەرەبییەکان، کە پەیوەندیدارە بە پڕۆژەکەوە، و بەئامادەبوونى کادیرانى هونەرى وەزارەتى تەندروستى و ژینگە و نوینەرانى پاریزگا و فەرمانگە نێوخۆییە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ئەنجامدرا.

ئامانجى ئەم پڕۆژەنیشتیمانییە، کە ماوەکەى دوو ساڵە، بریتییە لە پشتیوانیکردنى دانیشتوانى زۆنگاوەکان بۆ ئەوەى تواناى خۆڕاگرییان هەبێت بەرامبەر بەو مەترسییانەى بە هۆى گۆڕانى کەش و هەواوە ڕوو دەدەن و دەبنە هۆى کارەساتى ژینگەیى وەک دووبارەبوونەوەى وشکەساڵى کە هەڕەشەیەکى گەورەیە بەسەر دانیشتوانەوە بە شێوەیەک دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژارى و کۆچى دانیشتوان بەهۆى کەمى ئاو و تیکچوونى سیستەمى ژینگەیى و لەئەنجامدا کار دەکاتە سەر سەرچاوەکانى بژێوى ژیان.

 بریکارى هونەرى وەزارەتى تەندروستى و ژینگە، بەڕێز دکتۆر جاسم حامدى گوتى: “وەزارەتمان بە هاماهەنگى لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کارى لەسەر دابینکردنى گشت پێداویستییە هونەرییەکان کردووە بۆ ئامادەکردنى پەڕاوى یڕۆژەکە و، لەبەر ئەوەى بڕوامان بە گرینگى زۆنگاوەکان هەیە، پابەندبوونى تەواوى خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆئەوەى ئەم پڕۆژەیە ببێت بە دەستپیکێکى ڕاستەقینە بۆ پشتیوانیکردنى ناوچە و دانیشتوانە نێوخۆییەکانى زۆنگاوەکان لەڕیگەى لەخۆگرتنى پڕۆژەى نوێوە. پێشهاتە ژینگەیى و کۆمەڵایەتى و ئابورییەکانى ئەم ناوچانە بە کەلەپورێکى گرینگى شارستانى و ژینگەیى هەژمار دەکرێن،نەک تەنها لەسەر ئاستى عێراقدا بەڵکو لەسەر ئاستى جیهانیشدا.”

ئەم پڕۆژەیە چارەسەرى داهێنەرانە بۆ دڵنیاییدان لە دەستەبەربوونى ئاوى خواردنەوە دەخاتە ڕوو بەمەبەستى پشتیوانیکردنى نیشتەجێکردنى ناوچەى زۆنگاوەکانى حوێزە، هەروەها کار لەسەر هەمەجۆرکردنى سەرچاوەکانى داهاتى ژیان دەکات لەڕێگەى پەرەسەندنى گەشتیاری ژینگەیی و ڕەخساندنى هەلى کار بۆ ئافرەتان و لاوانەوە. لەهەمان کاتدا کار لەسەر پەرەپێدانى تواناى فەرمانبەرانى نێوخۆیى و کۆمەڵگاى مەدەنى دەکات بۆ کارپێکردنى وێستەگەکانى ئاو و ئەو چاڵاکییانەى بەرزکردنەوەى هۆشیارى کە جەخت لەسەر ئافرەتان دەکەنەوە لەگەڵ پێدانى زانیارى لەبارەى گەشتیارى ژینگەییەوە کە دەبێتە هۆى هێنانى وەبەرهێنان بۆ نێو پارێزگاکە.

هەروەها پارێزگارى میسان، بەڕێز عەلى داودى، گوتى: بەهۆى ئەوەى ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ کار لەسەر پشتیوانیکردنى دانیشتوانە نێوخۆییەکانى زۆنگاوەکانى حوێزە دەکات و ژینگەیەکى لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا، پێشبینى دەکەین سەرکەوتنێکى گەورە بەدەست بهێنێت.”

هەروەها بەڕێزیان گوتی: “پارێزگاى میسان ئامادەباشى تەواوى هەیە بۆ پشتیوانیکردنى پڕۆژەکە و سەرپەرشتیکردنى بەمەبەستى سەرخستنى چونکە خزمەت بە دانیشتوانى زۆنگاوەکان دەگەیەنێت.”

هەروەها خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانى کردنەوەى پڕۆژەکەدا گوتى: “گۆڕانى کەش و هەوا بابەتێکى هەرە گرنگە لە ئێستادا و پێویستى بە بەدەمەوەچوونێکى بە پەلە هەیە لە لایەن گشت وڵاتانى جیهانەوە بۆ ڕێگریکردن لەو گۆڕانکاریانەى کە دەکرێت ئاستەنگەکانى دانیشتوان زیاتر بکەن و ئاستى کۆچى نێوخۆیى و دەرەکى بەرز بکەنەوە. ئامانج لە لەخۆگرتنى ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە زیادکردنى تواناى خۆگونجاندن لە ناوچەکەدا و ئامانجەکانى بەشێوەیەک داڕێژراون لەگەڵ داواکاری دانیشتوانە نێوخۆییەکان بگونجێن و سنورێک بۆ کۆچکردن دابنێن و ئەو دانیشتوانەى لاوازترینن بکەنە ئامانج.”

پاش ئەمە کۆبوونەوەى یەکەمى لێژنەى ئاراستەکردنى پڕۆژەکە ئەنجامدرا کە لەمیانیدا پلانى کارى پڕۆژەکە بۆ ساڵى 2021 خرایە ڕوو و پاش دیاریکردنى ئەولەویەتەکان لە لایەن ئەندامانەوە ڕەزامەندى لەسەر دەدرێت.