گێڕاندنەوەی گرنگترین خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی بۆ ڕۆژهەڵاتی موسڵ

2020 February 21

"بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی دامەزراوەی چاودێری تەندروستی گرنگی گشتی، خزمەتگوزاریەکان لە ڕووی نرخەوە گونجاو تر دەبن و فەراهەم دەبێت بۆ خەڵكی موسڵ." وتى بەڕێز نەجم عەبدوڵا ئەلجبوری، پارێزگاری نەینەوا. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/2020

موسڵ، 20 شوبات، 2020 – ئەمڕۆ سەنتەری نەشتەرگەری ئەلشیفا کە بەم دواییانە نۆژەنكردنەوەی بۆ کراوە بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و حکومەتی عێراق. ئەم سەنتەری نەشتەرگەریە وەکو دامەزراوەی پزیشکی سەرەکی ڕۆڵ دەبینێت بۆ خزمەتکردنی نزیکەی 800 هەزار کەس لە هەموو ڕۆژهەڵاتی موسڵدا.

ئەم پڕۆژە گەورەیە نۆژەنكردنەوەی قاوشی نەخۆشی 24 قەرەوێڵەی بۆ پیاوان و ژنان لە خۆ گرت لەگەڵ دوو ژووری نەشتەرگەری تەواوە و دوو یەکەی چاودێری ورد و ژمارەیەك ژووری پشكنین و پاکژکردنەوە. بینایەکی نوێی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بڕی تەواوی ئۆکسجینی ئاست بەرز بۆ هەموو نەخۆشخانەکە دابین دەکات و دەتوانێت بتڵی ئۆکسجین پڕ بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیە دەرەکیەکانیش. ئەم دامەزراوەیە کاری نۆژەنكردنەوەی بۆ کراوە بە پشتگیری کۆمەکی دارایی لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە.

پارێزگاری نەینەوا، بەڕێز نەجم عەبدوڵا ئەلجبوری بە هاوەڵی نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد لە بۆنەکەدا ئامادە بوون.

خاتوو زێنە، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وتی:"سەنتەری نەشتەرگەری ئەلشیفا بەشێوەكی باش کەلوپەل  و پێداویستی بۆ دابین كراوە، كە دامەزراوەیەکی سەردەمیانەی پزیشکیە کە خزمەتگوزاریی تەندروستی شیاو بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵكی موسڵ دابین دەکات."

هەروەها وتیشی "گەشتن بە بایەخپێدانی تەندروستی یەکێکە لە بناغەکانی کۆمەڵگەی بەهێز و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بە شانازیەوە کار دەکات بۆ باشترکردنی دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لەو ناوچانەی بەدەست داعشەوە گیرۆدە بووبوون."

پارێزگاری نەینەوا، بەڕێز نەجم عەبدوڵا ئەلجبوری وتی "لەکاتێکدا دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی لە موسڵدا بۆ چەندان ساڵ بوو خزمەتگوزاریی ئاست بەرزیان دابین دەکرد، بەڵام کاولکاریی داعش بۆ ناوچەکە بووە هۆی ئەوەی وابکات خەلکی موسڵ بەدووی چارەسەری پزیشکیدا بگەڕێن لە پارێزگاکانی تردا."

"ئێستا، لەگەڵ گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری لە پزیشکەکان بۆ شارەکە و بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی دامەزراوەی بایەخپێدانی تەندروستی گرنگی گشتی، خزمەتگوزاریەکان لە ڕووی نرخەوە گونجاو تر دەبن و فەراهەم دەبێت بۆ خەڵكی موسڵ."

ئەم سەنتەری نەشتەرگەریە دامەزراوەیەکە سەر بە کۆمەڵە نەخۆشخانەی ئەلشیفایە کە پێشتر وەکو بارەگای داعش بەکار دەهات لە داگیرکاریاندا بۆ موسڵ. ئەم کۆمەڵە نەخۆشخانەیە لە زیاتر لە 2,000  تەقەمەنی پاککرایەوە لە ساڵی 2017 دا، بە پشتگیری فەرمانگەى کاروبارى مین سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە هەموو پارێزگا ئازادکراوەکاندا کار دەکات لە عێراقدا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی. لە دەرەنجامی ئەمەدا، 1.8 ملیۆن کەس لە ئێستادا باشتر دەگەنە خزمەتگوزاری تەندروستی لەڕێی نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەکان و سەنتەرە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستیدا.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

ئیۆن ئۆکاهاسە، پسپۆری پەیوەندیەکان، دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن