بەخشینێکی نوێ لەلایەن یابانەوە دەبێتە هۆی خێراکردنی ئابووری ناوخۆ و ئاسایشی کۆمەڵگە لە باکوری عێراقدا

2020 March 24

وێنه‌: كلیر تۆماس/به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان له‌ عێراق/2018.

بەغدا، 24 ی ئازاری 2020- حکومەتی یابان بڕی 7.63 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ پشتیوانیکردنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا چونکە ئەم ڕێکخراوە خەریکی پشتیوانیکردنە لە دەرفەتەکانی خستنە سەر کار لە دەشتەکانی نەینەوا دا هەروەها برەودان بە پتەوەكردنی سەلامەتی كۆمەڵگاكان لە شەنگاڵ.

ئەم پڕۆژەیە کە جەختیش دەکاتەوە لەسەر لاوان و ئافرەتان، چالاکیەکانی پەرەپێدانی کارامەیی و ڕاهێنان و دابینکردنی پێدانی بڕە پارەی کەم بۆ کارسازەکان نوێ و ئەو كارسازانەی تازە سەر هەڵ دەدەن و هەروەها شیاندنەوەی ژێرخانی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیش لە خۆ دەگرێت.

هەروەها بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئەم بەخشینە بەکار دێنێت بۆ خستنە گەڕی بەرنامەی تاقیکاری ئاسایشی کۆمەڵگە بۆ یارمەتیدانی لایەنە حکومی و ناوچەییەکان بۆ یەکخستنەوەی شەڕکارە دێرینەکان بە سەلامەتی و بە شکۆوە لە ڕێی باشترکردنی دۆخی ژیانیان و دامەزراندنی داکۆکیکارانی ئاشتیی ناوچەیی.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد، وتی "ئێمە زۆر سوپاسگوزاری حکومەتی یابانین بۆ ئەم بەخشینە باشەی کە دەبێتە پشتیوانیەکی بەهێز بۆ کەرتە گرنگەکانی وەکو کشتوکاڵ کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی وڵات بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان. هاوبەشیە بەهێز و بەردەوامەکەمان سەربەخۆیی دارایی باشتر پێشکەش بە کۆمەڵگە عێراقیەکان دەکات لەڕێی دابینکردنی دەرفەتی کار و خستنە سەر کار و ڕاهێنانی کارامەییە گرنگەكانەوە. "

هەروەها وتیشی "جەختکردنەوە لەسەر بنیادنانی ئاسایشی کۆمەڵگە لەم پڕۆژەیەدا بە هەمان شێوە گرنگە، هەروەها کارکردن پێکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بۆ برەودان بە ئاشتی کۆمەڵگەش لە ژینگەیەکی ئاسایشی زۆر شلۆق و ئاستەنگداردا. "

جەنابی بەڕێز ناوفومی هاشیمۆتۆ، باڵیۆزی یابان لە عێراق، وتی "یابان لەم دواییانەدا بڕیاریداوە بە دابینکردنی پاکێجێکی نوێی هاریکاریی بۆ عێراق بە بڕی 41 ملیۆن دۆلار کە ئەم پڕۆژەیەش لەخۆ دەگرێت وەکو هاریکاریی بۆ پەرەپێدان و ئاشتیەکی بەردەوام. بەم پاکێجەوە کۆی هاریکاریەکانی یابان بۆ خەڵكانی ئەو ناوچانەی کاریگەریی قەیرانەکانی بەرکەوتووە دەگەیەنێتەوە 540 ملیۆن دۆلار لە 2014 ەوە".

هەروەها وتی " بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕۆڵێکی گرنگی دیوە لە شیاندنەوەی ژێرخانی گرنگ و باشترکردنی توانای هەستانەوەی ئەو ناوچانەی پێشووتر زیانیان بەرکەوتبوو بەهۆی ململانێکانەوە. ئەم پڕۆژەیە تەنها یارمەتیدەر نابێت لە گێڕاندنەوەی ژیانی دانیشتوان و خەڵکە گەڕاوەکان، بەڵکو زۆر گرنگیشە بۆ بەردەوامیپێدانی ئاشتی و پەرەپێدان لە عێراقدا. "

ئەم پڕۆژەیە هاوشانە لەگەڵ ئامانجەکانی (پەیوەندی پەرەپێدان-ئاسایش) کە بەگەڕخراوە لەلایەن حکومەتی یابانەوە لە تۆکیۆ لە 2018 دا، کە جەخت دەکاتەوە سەر ڕۆڵی گرنگی ئاسایش لە بەدەستهێنانی ئاسایش و پەرەپێدانی بەردەوام لەڕێی شیاندنەوەی ژێرخانە گرنگەکان و خێراکردنی خستنە سەرکار و بنیادنانی پێکەوە ژیانی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی توانستی ئاسایشی نیشتیمانی.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

موحەمەد ئەلبەهبەهانی، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان