بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان: دەبێت حکومەتەکان پێشەنگبن لە بەرەنگاربوونەوەی زانیاری نادروست و هەلخەڵەتێن دەربارەی كۆڤید-19

زیادبوونی زانیاری نادروست و هەلخەڵەتێن هەڕەشەیەكە بۆ بەدەنگەوەچوونە نیشتیمانیەکان بۆ ئەم پەتایە و ژیان و گوزەرانی زیاتر دەخاتە مەترسیەوە

2020 June 11

نیویۆرك، 4 ی حوزەیرانی 2020- دەبێت حکومەتەکان بێنە مەیدان بۆ پێشەنگیکردنی جەنگان لە دژی تەوژمی زانیاریی هەڵە و سەرلێتێکدەر کە هەڕەشەن بۆ خراپترکردنی کاریگەریەکانی ڤایرۆسەکە کە خۆی لە خۆیدا زۆر گەورەیە، بەپێی وتەی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان.

حکومەتە نیشتیمانیەکان بە ئامادەبوونیان لە پاڵ دانیشتوانەکەیاندا بۆ بنیادنانی پەیوەندیەکی مەتمانەدار، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی هەڕەشەی زانیاری هەڵە و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی لەدەستدانی ژیان و گوزەرانی خەڵك. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە نزیکەوە کاردەکات لەگەڵ دامەزراوە نیشتیمانیەکان و ڕاگەیاندن و لایەنە مەدەنیەکاندا بۆ یارمەتیدان لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و سەرلێتێکدەر و پشتیوانیکردنی دەستپێشخەریەکان بۆ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی دروست دەربارەی كۆڤید-19.

ئامۆژگاری و ڕێنماییەکان بە خێرایی دەگۆڕێن دەربارەی كۆڤید-19 لەگەڵ زیاتر تێگەشتنی پزیشکی دەربارەی ئەم دۆخە، ئەم گۆڕانکاریە خێرایە و کاریگەریە لەکارخەرەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی بۆتە هۆی تینووبونی خەلکی بۆ زانیاری. تۆڕی کۆمەڵایەتی و سەرچاوە نافەرمیەکانی هەواڵ و ڕۆژنامەگەریی بابەتە نامۆکان ئەم بۆشاییەیان پڕ کردۆتەوە و بە گشتیی ترس و بیرۆکەی چەقبەستوو وە جیاکاری و سەرلێشێواندن دروست دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، ئاکیم شتاینەر وتی:"شەپۆلی گەورەی چارەسەری ناڕاست و بەقوربانیکردن و بیردۆزەکانی پیلانگێڕی و چیرۆکەکانی هەواڵی ناڕاست کە وەکو لافاو بە گشتی ڕاگەیاندن و بە تایبەتی سەکۆ سەرهێڵیەکانی داپۆشیوە بۆتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی بێسەروبەری زانیاری، ژینگەیەك کە نەك تەنها بۆتە هۆی کەمکردنەوەی گرنگیی ڕێکاریە تەندروستیە گشتیەکان بەڵكو بۆتە هۆی توندوتیژی و جیاکاریی ڕاستەقینە و سەرلێشێواندن و ترس و زیانی ماوەدرێژی کۆمەڵایەتی."

هەروەها وتیشی "بە فێڕبوون لە وانەکانی ئیدز  و  ئیبۆلا، دەبێت ئێمە هێزەکانمان یەکبخەین بۆ ڕەتکردنەوەی زانیاری هەڵە و بیرۆکەی چەقبەستوو وە بەدەنگەوەچوونەکانمان و داکۆکیەکانمان لە زانست و بەڵگە و مافەکانی مرۆڤ و هاوسۆزیدا یەکبخەین. لەکاتێکدا چەندین لایەن بەرپرسیارێتی ڕەتکردنەوەی زانیاری هەڵەیان گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە بەدەست نایەت بەبێ پێشەنگبوونی حکومەت."

ئاستەنگیەکانی ئێستا بریتیە لەوەی کە ئامڕاز و تاکتیکەکانی زانیاری سەرلێتێکدەر و هەڵە لەبەردەستی هەمووانە و بە ئاسانی دەتوانن كۆڤید-19 بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاربێنن، بە دەزگا حکومیەکانیشەوە. بۆ نمونە، لێکۆڵەرانی دەزگای برونۆ کێسلەر 112 ملیۆن پۆستی گشتیی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان شیکردۆتەوە دەربارەی ئەم پەتایە و بۆیان دەرکەوتووە %40 ی ئەم پۆستانە لە سەرچاوەی پشت پێنەبەستراوەوە هاتوون و نزیکەی %42 ی زیاتر لە 178 ملیۆن پۆستی تویتەر دەربارەی كۆڤید-19 بە ئامێری ئۆتۆماتیکی ئەنجامدراوە. هەروەها دامەزراوەی رۆیتەرس بۆی دەرکەوت کە نزیکەی یەك لەسەر سێی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتی زانیاری هەڵە و ناڕاستیان کردووە دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکۆڵینەوەی بيو (Pew) بۆی دەرکەوت کە ئەو کەسانەی زانیاریەکانیان زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە وەردەگرن ئەگەری زیاتریان هەیە بابەت و پۆستی هەڵە بخوێننەوە.

لە سۆماڵ کە کاریگەرترین کەسەکان بریتین لە شێخەکان و ئیمامەکان (ڕابەرە دینیەکان) بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پێکەوە لەگەڵ نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەڵمەتێکیان سازکرد لە مەقادیشۆ بە ڕابەریی شێخ عەلی دیری و کەسایەتیە باڵاکانی تر. ڤیدۆ و پۆستە بینراوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی گەشتە نزیکەی یەك ملیۆن کەس لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی و بۆ بابەتی تەلەڤیزۆن و ڕادیۆ بەکاردەهێنرێن.

هەروەها بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پشتگیری وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سۆمالیش دەکات بۆ دروستکردنی ماڵپەڕێك کە ڕێنمایی دابین بکات بۆ تەکنیکەکانی بە سەلامەتی ناشتنی مردووان و یارمەتیدان لە جوڵاندنی کۆمەڵگەی ئاینییدا بۆ بەخشین و دابینکردنی پێویستیەکانی وەکو ڕووپۆش و سابون و بەکارهێنانی چەندان سەرچاوەی زانیاری. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان یەکەمین ماڵپەڕی سۆمالی دروستکرد بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاوبەشی کرد لەگەڵ گەورەترین كۆمپانیای دابینکاری پەیوەندیی سۆمالیدا بە ناوی هورمود بۆ دابینکردنی پەیامی تۆمارکراو دەربارەی زانیاری لەسەر كۆڤید-19  و ڕێنماییەکانی چونە ناو ماڵپەڕەکەوە بۆ ملیۆنان مۆبایل.

لە لوبنان بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی زانیاری و رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى و  سه‌ندوقى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان  و هەڵمەتێکی نیشتیمانییان بەگەڕخست بۆ بەگژداچوونەوەی بڵاوبونەوەی زانیاری هەڵە و کەمکردنەوەی دۆخناسکێتی خەڵكی بەرامبەر زانیاریی هەڵە و بەرزکردنەوەی توانستی حکومەت بۆ وەستانەوە لەدژی ئەم جۆرە زانیاریانە. ماڵپەڕێکی پشکنینی زانیاری لە دروستکردندایە و هەڵمەتێکی بەرزکردنەوەی هوشیاریش بەگەڕخراوە بۆ هاندانی خەڵكی لە وەستان و بیرکردنەوە پێش ئەوەی زانیاریەك پۆست بکەن.

لە گینیا-بیساو، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و وەزارەتی تەندروستی پشتیوانی دەکەن لە دروستکردنی ماڵەپەڕێکی پشکنینی زانیاری (www.nobaschecker.org) کە یارمەتی هاوڵاتیانی لوسۆفۆن دەدات لە گەشتن بە زانیاریی مەتمانەدار دەربارەی كۆڤید-19. ڕۆژنامەوانان و پزیشکان و ئابوریناسانی گینیا-بیساو و هەموو جیهانەوە لەڕێی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی فراوانی پشکنینی زانیاریەوە ئامانجیان بریتیە لە بەگژداچوونەوەی زانیاری هەڵە لەسەر ئەم پەتایە لەڕێی دابینکردنی زانیاری و هەواڵی پشتڕاستکراوەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان  هەماهەنگی کردووە لەگەڵ کەرتی پەیوەندی و زانیاریی رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ وزانست وڕۆشنبیرى  -یونیسكۆ کە زنجیرەیەك نامیلکەی ڕێسایی و لێکۆڵینەوە و ڕێنمایی کردارەکی بۆ ڕۆژنامەوانان بڵاوکردۆتەوە بۆ پشکنینی هەواڵی هەڵە و برەودان بە ئازادی ڕادەربڕین و گەشتن بە زانیاری.

مالین هێرفج، بەڕێوەبەری کاتی سەنتەری حوکمڕانێتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە ئۆسلۆ، وتی:" باشترین چەكی هەر حکومەتێك لە ئێستادا بەکاریبێنێت بریتیە لە ڕوونێتی و دیبلۆماسیەت و هەماهەنگی. حکومەتەکان دەتوانن بە کردار ببنە پێشەنگ و پیشانی بدەن چۆن تەکنۆلۆژیا بەکاردێت بە دەستپاکی. هەروەها دەتوانن دانوستان بکەن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیادا بۆ برەودان بە هەڵمەتی خوێندەواری دیجیتاڵی نیشتیمانی و سپۆنسەرکردنی هەوڵەکانی پشکنینی زانیاری و ڕێگەدان بە ڕۆژنامەوانان تا بە کارەکانی خۆیان هەستن. ئەم وەبەرهێنانە قازانجێکی چەندین قاتی دەبێت بە دروستبوونی کۆمەڵگە گشتگیر و زانیاریدارەکان و هاوڵاتی بەشداربوو."

هەروەها وتیشی "ئەو حکومەتانەی زانیاری دەشارنەوە و بۆچوونی ئازاد سەرکوت دەکەن و هەوڵی دابەشکاری دەکەن دەربارەی كۆڤید-19 هیچ قازانج ناکەن. لە داهاتووی ماوە کورتدا، دەبێتە هۆی پەکخستنی سیستەمە تەندروستیەکان و توڕەکردن و سەرلێشێواندنی هاوڵاتیان و بێهێزکردنی هێزەکانی ئاسایش و قوڵترکردنەوەی دابەشکاری و نایەکسانیەکان. لە ماوە درێژیشدا دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی داخوران و داڕمانی بەها و بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی."

هەفتەی پێشوو، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێشخەی "پشتڕاستکراوە" ( Verified ) ی بەگەڕخست کە بریتیە لە دەستپێشخەریەك بۆ جەنگان لە دژی زانیاری هەڵە دەربارەی كۆڤید-19 لەڕێی زیادکردنی بڕ و ڕێژەی بڵاوبۆوەی زانیاری متمانەدار و دروست. هەروەها زانیاری دابین دەکات دەربارەی سێ لایەن: زانست: بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵكی، هاوسۆزبوون: بۆ برەودان بە هاریکاریی ناوچەیی و جیهانی، چارەسەرەکان: بۆ داکۆکیکردن بۆ پشتیوانیکردن لەو کەسانی زیانیان بەرکەوتووە. ئەمە دەبێتە هۆی برەودان بە پاکێجەکانی چاکبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کەشوهەوا و خستنەڕووی ڕیشەیی هۆکارەکانی هەژاری و نایەکسانی و برسێتی. بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدا  و دەزگاکانی تری  نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمە وڵاتیەکانی  نەتەوە یەكگرتووەكان و کاریگەرکاران و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە کارسازیەکان و ڕاگەیاندندا ئەم دەستپێشخەریە دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی دروست و کارکردن لەگەڵ سەکۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بۆ ڕیشەکێشکردنی زانیاریە ڕقاوی و زیانبەخشەکان دەربارەی كۆڤید-19.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

بۆئاز پالدی |  boaz.paldi@undp.org  |  +1 212 991 8910

نعمان ئەڵسەیاد |  noeman.alsayyad@undp.org |  +962 79 567 2901