لەڕێی بەخشینێکی نوێوە يابان پشتگیری خۆی بۆ كەرتی تەندروستی عێراق دوپات دەكاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا

2020 June 1


بەغدا، 1 ی حوزەیران 2020 - حکومەتی یابان بڕی 2.26 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ پشتیوانیکردن لە بەدەنگەوەچوونی حکومەتی عێراق بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، و بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

کۆمەکیەکان بەکاردێن بۆ کڕینی کەلوپەلی گرنگی پێداویستی پزیشکی وەکو هەناسەپێدەری دەستکرد و هەروەها یارمەتیدان لە پێویستیە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان و هەڵسەنگاندنی کاریگەریەکان بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتەکانی چاکبوونەوە پاش ئەم قەیرانە.

ئەم چالاکیانە دەچنە نێو پلانی وەڵامدانەوەی گشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەڕێوە دەبرێت لەلایەن دامەزراوەی کۆمەككردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و هەروەها زیادکردنی توانستی پشکنینی تاقیگەکانیش لەخۆ دەگرێت و کەلوپەلی پارێزگاریی کەسیی دابین دەکات بۆ کارمەندانی كەرتی چاودێری تەندروستی و یەکەی دابڕاندن دروست دەکات بۆ نەخۆشە توشبووەکان  و برەو دەدات بە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگەکاندا.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد، وتی: "دەرکەوتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ قەیرانێکی تری زیادکرد بۆ قەیرانە کەڵەکەبووەکانی دۆخە ناسکەکەی عێراق و بووە هۆی ئیفلیجکردنی سیستەمی تەندروستی و ئابووری و گوزەرانی خەڵكی. ئەمە لایەنێکی زۆر سەختە بەتایبەت بۆ کۆمەڵگە دۆخناسکەکان کە بە دڵنیاییەوە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم جۆرە گورزانەوە." هەروەها وتی "ئێمە زۆر سوپاسگوزاری پشتیوانی یابانین کە زۆر گرنگە لەم کاتەدا نەک تەنها بۆ دڵنیابوون لەوەی نەخۆشەکان چاودێری تەندروستی پێویست وەرگرن بە خێرایی و کارایانە، بەڵکو بۆ یارمەتیدان لە داڕشتنی نەخشە ڕێگەی عێراق بۆ چاکبوونەوەی درێژخایەن لە قۆناغی پاش ئەم پەتایە."

باڵیۆزی یابان لە عێراق، جەنابی بەڕێز ناوفومی هاشیمۆتۆ، وتی: "لەکاتێکدا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەموو جیهاندا بەربڵاوە، زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی تەواوەتی بدات و هیوادارم ئەم هاریکاریەی یابان لە ڕێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان كە یارمەتیدەر بێت لە ڕووبەرووبوونەوەی ئەم پەتایە و خستنە ڕووی کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانیش." هەروەها وتیشی "لەم دۆخە ئاستەنگیداراندا، خوازیارم بەشداربم لە بەهێزکردنی هاریکاریەکی نزیك لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی عێرق بۆ مەودایەکی فراوان لە کێشەکان."

یابان یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکیەکانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، لە ساڵی 2014 ەوە تا ئێستا زیاتر لە 86 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگە و چالاکیە گوزەرانیەکان.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

فەی داود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان