لە کاتێکی گونجاو دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بڕى 10 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ زیاتر پاراستنی كۆمەڵگەكان لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا

2020 June 18

بەغدا، 18 حوزەیران 2020 - دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی بڕی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بەخشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراقدا، ئەمەش وایکرد بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بتوانێت بەدەنگەوەچوونەکەی بۆ رووبەڕوونەوەی ئەم پەتایە فراوانتر بكات بۆ سێ پارێزگای تر.

کۆمەکیەکە کە بەخشراوە بە دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بۆ ئەو چاڵاکیانەی جێبەجێ کراون بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەکاردێت بۆ شیاندنەوەی دامەزراوە تەندروستیەکان و دابینکردنی ئامێری پزیشکی و كەل پەل و پێداویستی نەخۆشخانە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێشتر وەك ئەولەویتێك دەستنیشان كراون لە بەسڕە ، دهۆک ، کەربەلا ، کەرکوک ، نەجەف و نەینەوا  وهەروەها لە سێ شوێنی تردا: بابل و زیقار و میسان.

ئەم کۆمەکیەکە بەکاردێت بۆ شیاندنەوەی کارگەی شلەمەنی پزیشكی لە بەری ڕۆژهەڵاتی موسڵ کە یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی لەم جۆرە لە عێراقدا و سەرچاوەیەکی گرنگی کەلوپەلی پزیشکیە بۆ نەخۆشخانە حکومیەکان و سەنتەرە سەرەکیەکانی تەندروستی و دەرمانخانەکان. ئەم کارگەیە بەهۆی ململانێی داعشەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتبوو.

زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، وتی: "بەرزبوونەوە کتوپڕەکەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا دەستنیشانکران زۆر جێی دوودڵیە و ئەوە پیشان دەدات ئەم ڤایرۆسە هێشتا نەگەشتۆتە لوتکە لە عێراقدا."

هەروەها وتیشی "بەخشینە باشەكەی دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی لە کاتی خۆیدا بووە، ئەم بەخشینە وادەكات ئێمە بتوانین کۆمەڵگەی زیاتر بە ئامانج بگرین لە ڕێی فراوانکردنی مەودای جوگرافیمانەوە بۆ سێ پارێزگای بێبەشی تر. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیین وەکو گەورەترین بەخشەرمان کە بەردەوامە لە پابەندبوونی بە بەخشین بە کۆمەڵگە دۆخناسکەکان و پشتگوێ نەخستنی کەس."

دانا مەنسوری، بەڕێوەبەری کارەکان لە دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی وتی:"ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شانازیەوە پشتیوانی لەم كارانە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و هاریکاری پێشكەش بە خەڵكی عێراق دەکات، ئەم کارە ڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکات لە هاوڵاتیان لە هەموو وڵاتەکەدا بۆ ئەوەی چارەسەری ئاست بەرزیان بۆ دابین بکرێت كە پێویستیان پێیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."

 دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی دەچێتە پاڵ بەلجیکا، دانیمارک، یابان، هۆڵەندا و سوید وەکو هاوبەشانی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لە بەدەنگەوەچوونیدا بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان