دەستپێکردنى پڕۆژەى"سۆمەريون": گەشەى ئابورى و کۆمەڵایەتى لەڕێگەى گەشتیارى ژینگەییەوە لە زیقار

2020 August 26

زیقار، 26- ئاب - 2020- بەکۆمەکى یەکێتى ئەوروپا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەڵدەستێت بە پشتیوانیکردنى گەشەى ئابورى و کۆمەڵایەتى لەڕێگەى گەشتیارى ژینگەیی و پارێزگاریکردن لە کەلەپوورى فەرهەنگى لە پارێزگاى زیقاردا، لە باشورى عێراق. پڕۆژەى” لاوانى سۆمەرى بۆ پەرەپێدانى ئابورى و کەلەپورى فەرهەنگى” لە ڕێگەى تۆڕى ئینتەرنێتەوە ڕاگەیەنرا و بە هاوبەشى لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوى ناحکومى، لەوانە Un Ponte Per و حمات دجلە و پڕۆژەکانى سەفینە و ستۆدیۆى کارلۆ لیۆپاردى، جێبەجێدەکرێت. ئەم پڕۆژە دووساڵییە بەشێکە لە بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لە ڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە.

ئامانجى پڕۆژەى “سۆمەرییون” بریتییە لە ناساندنى پارێزگاى زیقار وەک شوێنێکى گەشتیارى لەڕێگەى بنیاتنانى ژێرخانى گەشتیارى لە ناوچەى ئور ى شوێنەواری و زۆنگاوەکان و دابینکردنى ڕاهێنانى پیشەیى لەبوارى گەشتیارى ژینگەیى و پاراستنى ژینگەدا، هەروەها ڕەخساندنى دەرفەتى دامەزراندن بۆ دانشتوانە نێوخۆییەکە، بەتایبەتى لاوان و ئافرەتان.

سەرۆکى شاندى یەکێتى ئەوروپا بۆ عێراق، باڵوێز مارتن هوت، گوتى: “زۆر دڵخۆشم بە دەستپێکردنى پڕۆژەى سۆمەرییون کە بەشێوەیەکى زۆر باش گوزارشت لە هاریکارى یەکێتى ئەوروپا دەکات بۆ عێراق و گەلەکەى لە باکورەوە بۆ باشور، بەتایبەتى زیقار. بەسەرکردایەتى بەڕێز پارێزگار نازم حەمید ئەل وائیلی، ئەم پڕۆژەیە دەرفەتى کار، کە زۆر پێویستە، بۆ لاوانى زیقار دەستەبەر دەکات. زۆر دڵخۆشم کە ئەم پڕۆژەیە ڕەهەندێکى دوور مەودا بۆ کۆمەڵگاکان دەستەبەردەکات لە ڕێگەى برەودان بە کەلەپورە فەرهەنگى و سروشتییە ناوازەکەى پارێزگاکە و ناوچە شوێنەوارییەکەى ئور و زۆنگاوەکانەوە. تێکهەڵکێشى پەرەسەندنى بەردەوامى ئابورى و کۆمەڵایەتى شانبەشانى پارێزگاریکردن لە ژینگە ڕێگاى هەنگاونانە بەرەو چاکبوونەوەى بەردەوامى عێراق. هیواى سەرکەوتن بۆ گشت هاوبەشەکانمان دەخوازم لە پڕۆژەیەدا”.

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، گوتى: “سۆمەریون یەکێکە لە پڕۆژە هیوابەخشەکان بۆ دانیشتوانى زیقار و داهاتووى گەشتیارى ژینگەیى باشورى عێراق. زۆر سوپاسى یەکێتى ئەوروپا دەکەین بۆ پشتیوانیکردنى ئەم پڕۆژە گرینگە کە لە پێشکەشکردنى پشتیوانى پێویست بۆ دانیشتوانە نێوخۆییەکە هاریکاریمان دەکات. هیواى کارکردنین لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە پارێزگاکە بەمەبەستى دەستخستنى ئەنجامى بەرجەستە و بەردەوام کە تواناى گۆڕانکارى هەبێت لە ڕووى دەرکەوتنى ئەم پارێزگایە، کە لە ڕووى کلتورییەوە زۆر زەنگینە، و پشتیوانیکردنى لاوان لە دۆزینەوەى کار لە بازاڕى کار و ڕەخساندنى زیاتر ژینگەى وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا. بنیاتنانى کۆمەڵگاى خۆڕاگر پێشینەى سەرەکى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانە لە عێراقدا ”.

هەروەها نوێنەرى ڕێکخراوى Un Ponte Per لە عێراق و بەڕێوەبەرى پڕۆژەى سۆمەرییون، بەڕێز توون بیجنینز، گوتى: “ڕێکخراوەکەمان پێی وایە کە زۆنگاوەکان و ئور، کە هەردووکیان لە لیستى یونێسکۆدا بۆ کەلەپورى جیهانى بەناوى زۆنگاوەکان ناویان هاتووە، دەتوانن پەرەسەندنى ئابورى و کۆمەڵایەتى لە زیقاردا بەهێزتر بکەن. بەخۆشحاڵییەوە هاریکار دەبین لە بەدیهاتنى ئەم ئامانجە لە ڕێگەى هاوبەشیمانەوە لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێداندا. لە چەند مانگى داهاتوودا، پڕۆژەى سۆمەرییون هەڵدەستێت بە بەشداریپێکردنى کۆمەڵگا نیوخۆییەکان و ئافرەتان و لاوان و کۆمەڵگاى مەدەنى و دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و کەرتى تایبەت لە ڕێگەى کۆمەڵێک چاڵاکى هاوبەشەوە بۆ پاراستن وپەرەپێدانى شارى ئور و زۆنگاوەکان”.

ئامانجى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە بریتییە لە برەودان بە سەقامگیرى و پەرەسەندنى کۆمەڵایەتى و ئابوورى لەڕێگەى باشترکردنى دۆخى دیموکراسیانەى بەڕێوەبردن لەسەر ئاستى نێوخۆییدا. هەروەها کار بۆ پەرەپێدانى تواناى پارێزگا دەستنیشانکراوەکان دەکات لە بەڕێوەبردنى حکومەتە خۆجێییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە کارامەییانە. ئەم بەرنامەیە پێشینە دەدات بە گەشەى ئابورى و ڕەخساندنى هەلى کار، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەو پڕۆژە سەوزانەى هەریەک لە چینى ئافرەتان و لاوان بەشداری پێدەکەن، لەگەڵ باشترکردنى دۆخى گوزەرانى ئەو گەڕاوانەى ناوچەکانیان بەهۆى ڕووبەڕووبوونەوەکانەوە زەرەرمەند بوونە.

دەتوانیت پەڕەى زانیاربەکانى تایبەت بە بەرنامەکە لەڕێگەى ئەم بەستەرەوە دابەزێنیت:

https://bit.ly/3huJhBx

بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بکە بە :

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق:

نداء هلال، ڕاوێژکارى پێشکەوتووى بوارى پەیوەندییەکان

ئیمێل: nidaa.hilal@undp.org

 

ڕێکخراوى Un Ponte Per

يحيى كريم، بەرپرسى پەیوەندیەکان

ئیمێل: yahia.kareem@unponteper.it

نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق:

ئه‌لسادق  ئەلعەدلی، بەرپرسى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانى

ئیمێل: Alsadiq.AL-ADILEE@eeas.europa.eu