بەشداریی ئافرەتان زۆر گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بە گەندەڵی لە عێراقدا: ئەمڕۆ کۆڕبەندێکی نوێ بەگەڕخرا

2020 September 3

بەغدا، 3 ئەیلول 2020- بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، ئەمڕۆ یەکەمین کۆڕبەندی ئافرەتانی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخاتەگەڕ، كە تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی گرنگی ئافرەتان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا.

کۆڕبەندی ئافرەتان دژی گەندەڵی، 35 ئەکادیمیاکار و چاڵاکوانی ئافرەتی پێکەوە کۆکردەوە کە لە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت کاردەکەن لە وڵاتەکەدا بۆ بەرزکردنەوەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە ڕێکاریەکانی دژە گەندەڵیدا بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی-ئابوریی عێراق.

وەکو بەشێك لە پابەندبوونى لە بەدەستهێنانی یەکسانی رەگەزی لە ژێر ئەجێندای 2030 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پشتیوانی لە دامەزراندنی ئەم کۆڕبەندە کرد و پشتیوانی تەکنیکی بۆ ئەندامانى گروپەکان دابین کرد بەمەبەستى دەستنیشانکردنی ڕێگەکانی بەشداریپێکردنی ئافرەتانی لاو لە ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی هەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی هوشیاری کە دانیشتوانى بە شێوەیەکى گشتى بەئامانج گرتووە.

ئەم کۆڕبەندە ڕێچکەی ڕێشەیی دەگرێتە بەر و مامەڵە لەگەڵ كرۆكی کۆمەڵگا و ئەندامە چاڵاکەکانی دەکات لە ئافرەتان و پیاوان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد، گوتی:" لە عێراقدا، زۆرینەی ڕێکاریەکانی دژە گەندەڵی جەخت دەکەنە سەر دامەزراوەکانی حکومەت، لەکاتێکدا ڕۆڵی کۆمەڵگا و کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەت بە لاوەکی لێی دەڕوانرێت. ئەگەر ئەم وڵاتە سەرکەوت لە جەنگیدا دژی گەندەڵی، ئەوا دەبێت بە شێوەیەکی سەرانسەرى مامەڵە لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەدا بکات."

هەروەها گوتیشی:"گەندەڵی دەبێتە زیاتر قوڵبوونەوەی نایەکسانیە ڕەگەزیەکان. ئافرەتان وەک بایەخپێدەرانی سەرەکی ماڵ و کۆمەڵگاکانیان، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ئەزموون و بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ گەندەڵیدا. تێگەشتن لە گەندەڵی لە ڕەگ و ڕیشەیەوە لە ڕوانگەی ئافرەتانەوە و بەلەبەرچاوگرتنى گرنگی ڕۆڵی ئافرەتان لە خستنەڕووی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی گەندەڵی لە عێراقدا."

بەر لە دەستپێکى کۆڕبەندەکە، ئەندامان لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامدا کە باوترین و بلاوترین شێوەکانی گەندەڵی لە عێراقدا لە ڕوانگەی ئافرەتانەوە دەرخست. لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی دەرخست کە باوترین بەربەستەکانی بەردەم ئافرەتان لە ڕاپۆرتكرن و ئاگادارکردنەوە لەبارەى گەندەڵییەوە بەهۆی نەبوونی متمانەوەیە بەو لایەنەى ئەو زانیاریەکەى پێدەگات، هەروەها ترسە لەو سەرکۆنە و سەرزەنشتیکردنەی لەلایەن دەزگای ئاگادارکراوەوە ڕوودەدات.

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، 460 1976 780 00964

موحەمەد ئەلبەهبەهانی، 222 4399 770 00964