لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا لە كەربەلا: قاوشى جیاكردنەوەی نەخۆش لە شارە پیرۆزەکەی عێراق دەکرێتەوە

2020 October 26

کەربەلا، 26 تشرینی یەکەم، 2020- لە ئێستا تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەربەلا دەتوانن دەستیان بگات بە بایەخی تەندروستیی پشت پێبەستراو، بەهۆی ئەو قاوشە نوێیەی جیاكردنەوەی نەخۆش کە بە هاوبەشی لە نێوان پارێزگای کەربەلا و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق دروستکراوە.

ئەم قاوشە پێکهاتووە لە 20 قەرەوێڵە و بەشێکە لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلحوسەین لە کەربەلا و لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە دروستکراوە و هەروەها کۆمەکی داریی لەلایەن دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ دابین کراوە. ئەم نەخۆشخانەیە خزمەتگوزرای پێشکەش بە ناوچەیەك دەکات کە دانیشتوانەکەی بە نزیکەیی یەك ملیۆن کەسە.

هەروەها ئەم قاوشە یەکێکە لەو 14 قاوشەی كە لە ئێستادا لە وڵاتەکەدا لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە كار بۆ بنياتناندانیان دەكرێت، ئەمەش لەپێناو پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، و نۆ لەم قاوشانە لە لایەن دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كۆمەكی دارایی بۆ دابین كراوە، لەگەڵ ئەمەشدا دامەزراوەیەکی تریش کە 20 قەرەوێڵەیە لە پارێزگای  نەجەف دروست دەكرێت، کە ئەمیش خزمەت پێشکەش بە نزیکەی 100 هەزار کەس دەکات. هەموو شوێنەکان کەلوپەلی پزیشکی ڕزگارکردنی ژیانیان تێدا دەبێت کە بۆ چارەسەرکردنی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە.

ڕێکارەکانى تر لە پاکێجی بەدەنگەوەچوونی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پەتایە زیادکردنی توانستی پشکنینی تاقیگەکان و دابینکردنی کەلوپەلی پاراستنی کەسیی بۆ کارمەندانی تەندروستی و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتەکانی چاکبونەوەی پاش ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خۆ دەگرێت.

کەربەلا کە ناسراوە بە شوێنێکی ئاینیی، ساڵانە دەیان ملیۆن کەس سەردانی دەکات، هەرچەندە ژمارەی حەجکردن بۆ کەربەلا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە لە ساڵی 2020 دا، بەڵام هێشتا کۆمەڵگا ناوخۆییەکانی کەربەلا لە ژێر مەترسیدان بەهۆی ژمارەی زۆری سەردانیکارانەوە.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان  لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد، گوتی: "لە کاتێکدا دەتوانرێت مامەڵە لەگەڵ ڕێژەی نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەربەلا بکرێت لە ئێستادا، بە واتای ئەوە نیە ئێمە بتوانین سنوربەندیەکان هەڵبگرین. چونکە بینیومانە چۆن ئەم ڤایرۆسە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گەشتۆتە هەموو سوچەکانی جیهان. کەواتە مەرجە لە ئامادەباشیدا بین و دامەزراوەی گونجاومان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تووشبووانەی كە لەدۆخێكی خراپدان. "

هەروەها گوتیشی "ئێمە زۆر سوپاسگوزاری پشتیوانیە بەردەوامەکانی بەخشەرەکانمانین، کە تەندروستی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا عێراقیەکانیانى کردووەتە ئەولەویەت لەم کارەساتە جیهانیەدا. دەمەوێت بە تایبەتی سوپاسی یەکێك لە هاوبەشە سەرەکیەکانمان بکەم کە  ئەویش دامەزراوەی ئەمریكییە بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، چونکە بەبێ کۆمەکە باشەكەی ئەوان نەدەتوانرا ئەم دامەزراوەیە دروست بکرێت، هەروەها سوپاسی حکومەتی سوید دەکەم بۆ کۆمەکیکردن بۆ دابینکردنی هەندێك کەلوپەلی گرنگی ڕزگارکاری ژیان."

و لەلای خۆشیەوە بەرێوەبەری دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی لە عێراق، جۆن كارديناس، گوتی: "ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا شانازی بە بەردەوامی هاوكاریكردنی كۆمەڵگەكان دەكات، ئەمەش لە ڕێگەی بنیاتنانی ئەم جۆرە دامەزراوانە. ئێمە بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و پیشتوانی گەلی عێراق دەكەین، لە كاتێكدا كە ڕووبەرووی ئەم پەتایە دەبینەوە"

لەگەڵ قاوشەکانی کەربەلا و نەجەفدا، قاوشی دابڕاندنی تریش لە بابل، بەسرە، زیقار، دیالە، دهۆک، فەلوجە، کەرکوک، میسان، موسڵ، رەمادی و تکریت دروست دەکرێت.

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان | 460 1976 780 964+