پڕۆژەى میسانى جوان: کارکردن بۆ شیاندنەوەى ژێرخانى کاتبەسەربردن و ڕەخساندنى هەلى کار

2020 October 28


میسان، 28 ى تشرینى یەکەمى 2020
 –
 بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستا بە چاڵاک کردنى پڕۆژەى میسانى جوان، کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک کراوە، و کار بۆ نۆژەنکردنەوەى ژێرخانى کاتبەسەربردن و ڕەخساندنى هەلى کار دەکات. ئەم پڕۆژە دووساڵییە پشتیوانى گەشەى ئابوورى کۆمەڵایەتى دەکات لەڕێگەى گەشتوگوزارى ژینگەیى و نۆژەنکردنەوەى کەلەپورى کەلتورى و جوانکارى شارەوە. ئەمە بە هاوبەشى نێوان پارێزگاى میسان و ئۆکسفام و لە چوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراق لە ڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە بەروارى 28 ى تشرینى یەکەمى 2020 دا، کۆبوونەوەیەک لە بارەگاى شارەوانیدا لە شارى میسان ڕێکخرا و تیایدا بە ئامادەبوونى نوێنەرانى دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و کۆمەڵگا و ئەکادیمیا و ڕێکخراوە جێبەجێکارەکان و بەرژەوەندیدارەکان گفتوگۆ لەبارەى چاڵاکى و ئەولەویەتەکانى پڕۆژەکەوە کرا.

بەڕێز عەلى داوى لەزیمى پارێزگاى میسان، گوتى: "لەڕێگەى خۆڕاگرى و کارى جدى و ئەمەکى دانیشتوانە نێوخۆییەکەمانەوە بەیەکەوە کار بۆ بنیاتنانەوەى میسان دەکەین و برەو بە هەردوو کەلەپور و دەرفەتەکانى داهاتوومان دەدەین. ئەم پڕۆژەیە کار بۆ بەرەوپێشبردنى ڕۆڵى ئافرەتان و لاوان لە داڕشتن و بنیاتنانى داهاتوویەک بۆ هەموان دەکات و ئەمەش بووەتە جێى شانازیمان و هیوادارین شوێنەکانى تریش هەمان هەنگاو بگرنەبەر."

نوینەرى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق بە وەکالەت، بەڕێز جۆن بێرنارد بۆڵڤین، گوتى: " زۆر دڵخۆشم بەئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە لە شارى میساندا. میسان ناوچەیەکى زۆر دەوڵەمەندە لە ڕووى کلتور و ژینگەوە. بەهادارکردنى ناوەندى ئەل مارا و شیاندنەوەى شوێنەکانى کات بەسەربردن و نوێکردنەوەى ناوچە گەشتیاریەکان لە شارەکەدا دەرفەتى کار و کارامەیى دەڕەخسێنێت، بەتایبەتى بۆ ئافرەتان و لاوان، و دۆخى گوزەرانى کۆمەڵگاکان لەم بارودۆخە دژوارەدا باشتر دەکات. لەهەمان کاتدا ئەم پڕۆژەیە هەڵێکى زێڕینە بۆ مانەوە بە بەهێزى و بنیاتنانى داهاتوو و بیرکردنەوە لە دەرفەتى گەشتوگوزارى لەداهاتوودا و هاندانێک دەبێت بۆ کەرتى تایبەت. بە ڕابەرایەتى جەنابى پارێزگار، بەڕێز عەلى داوى لەزیم و هاوکارى خەڵکى خۆڕاگرى شارەى میسان، دڵنیام کە پاراستن و توانادارکردنى شارەکە دەبێتە هۆى دەستەبەرکردنى پشتیوانى درێژخایەن بۆ پلانى پەرەپێدانى ئابوورى کۆمەڵایەتى بۆ پارێزگاکە. هەروەها هیواى سەرکەوتن بۆ هاوبەشەکانمان دەخوازم لەم پڕۆژە گرینگەدا."

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، گوتى: "میسان خاوەنى سەروەتێکە لە سەرچاوە سروشتییەکان و کەلەپورى کلتوریدا. سوپاس بۆ کۆمەکى یەکێتى ئەوروپا و هەماهەنگی دەسەڵاتە نێوخۆییەکان، پڕۆژەى میسانى جوان هاریکار دەبێت لە خێراکردنى خستنەوەى هەلى کار و پەرەسەندنى گەشتیارى ژینگەیى و ئابوورى. چاوەڕێى هاریکاریکردنى دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و کۆمپانیاکان دەکەم بۆ بنیاتنانى داهاتوویەک بۆ پارێزگاکەیان."

بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى ئۆکسفام، بەڕێز ئەندرێس گۆنزالێس، گوتى: "ئەمە دەرفەتێکى سەرنجڕاکێشە بۆ ئێمە بۆ ئەوەى لەگەڵ کۆمەڵگا نیوخۆییەکاندا کار بکەین و لەڕێگەى ئەو دەستپێشخەریانەى برەو بە جوانکارى شارەکان و باشترکردنى شوێنە گشتییەکان و پێشخستنى کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەرفەتى کار بڕەخسێنین. عێراق چەندین دەیەیە بەدەست ناسەقامگیرى سیایى کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە ناڵاندوویەتى، بەڵام خۆڕاگرى و چاونەترسى خەڵکى عێراق هەمیشە جێگەى سەرنج بووە و زۆر دڵنیام کە ئەم دەستپێشخەریە کۆمەڵگاکان لە میساندا یەکدەخات بۆ ئەوەى بەیەکەوە بەرەنگارى ئەو بەربەستانە ببنەوە کە دێتە بەردەمیان- وەک، دامەزراندن و هەژارى و لاوازى ژێرخان- و تواناى پڕۆژەى میسانى جوان بە هەموو جیهان نیشان بدات."

میسان یەکێکە لە هەژارترین پارێزگاکانى عێراق و تیایدا ڕێژەیەکى ئێجگار زۆر لە خەڵکى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە دەژین. زیادبوونى خێراى ژمارەى دانیشتوان و گواستنەوە لە لادێوە بۆ شار فشارێکى زۆرى خستووەتە سەر گشت کەرتە خزمەتگوزارییەکان. لەکاتێکدا ڕێژەى بێکارى زۆر بەرزە، پڕۆژەى میسانى جوان جەخت دەکاتە سەر ڕاهێنانى بەرزکردنەوەى توانا و ڕەخساندنى هەلى دامەزراندن بۆ ئافرەتان و لاوان بە شێوەیەکەى تایبەتى. ئەمەش لەڕیگەى پڕۆژەکانى نۆژەنکردنەوەى شارەکە و پشتیوانیکردنى بەرەوپێشچوونى کۆمپانپا بچوک و مامناوەندەکان دێتە دى.

بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لە ڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە مەبەستیەتى لە سەقامگیرى و پەرەسەندنى ئابوورى کۆمەڵایەتیدا هاریکار بێت لە عێراقراقدا لە ڕێگەى باشترکردنى حکومى ڕەشید لە سەر ئاستى نێوخۆییدا. کار بۆ باشترکردنى تواناى پارێزگا هەڵبژێردراوەکان دەکات بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى تەندروست و گونجاو خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەڕێوە ببەن. گەشەى ئابوورى و ڕەخساندنى هەلى کار لە پێشینەدان و جەخت دەخرێتە سەر پڕۆژە سەوزەکان بە بەشداریپێکردنى لاوان و ئافرەتان و باشترکردنى دۆخى گوزەرانى ئاوارە گەڕاوەکان و ئەو ناوچانەى کەوتوونەتە بەر کاریگەری جەنگەوە.

***

پەڕاوى ڕاستییەکانى تایبەت بە بەرنامەکە لێرەدا بەردەستە.

#میسانى_جوان #سەرکردایەتى_پەرەسەندن

بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بکە بە:

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

نداء هلال، ڕاوێژکارى پێشکەوتووى بوارى پەیوەندییەکان | 0799 745 751 964+

ئۆکسفام

بەڕێز، ئەحمەد مەهدى، کارمەندى پەیوەندییەکان | 1499 210 750 964+

شاندى یەکێتى ئەوروپا بۆ عێراق

بەڕێز، ئەلسادق ئەل عەدیلی، کارمەندى ڕاگەیاندن و زانیارى | 5377 928 780 964+