سوید هاوبەشى خۆى لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە مەبەستى پشتیوانیکردنى عێراقییە دۆخ ناسکەکان دووپات دەکاتەوە

2020 December 27

بەغدا، 27 كانوونی یەكەم 2020 - حکومەتى سوید، بە نوینەرایەتى ئاژانسى هاریکارى سویدى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕێککەوتنیکى سێ ساڵەیان بە بڕى 140 ملیۆن کڕۆنى سویدى (16.4 ملیۆن دۆلار ى ئەمریکى) بۆ پشتیوانیکردنى کۆمەڵگا دۆخ ناسکەکان لە عێراقدا واژۆ کرد.

دەستپێشخەرییەکەى سوید لەڕێگەى دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەبێت، کە هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنى دەستپێشخەرییە خێراکان لەو ناوچانەدا کە لە دەستى داعش ڕزگار کراون. ئەمە شەشەمین دەستپێشخەرى سویدە بۆ دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، کە کۆى گشتى پشتیوانییەکانى دەگەیەنێت بە 60.5 ملیۆن دۆلایى ئەمریکى، لەسەرەتاى دامەزراندنى دامەزراوەکەوە لە ساڵى 2015 دا.

بەگوێرەی ئەو ئەولەویەتانەى سەقامگیرى کە لە لایەن هاوبەشە نیشتیمانییەکانەوە دیاریکراون، دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کار بۆ ئەوە دەکات بە خێرایى ژێرخانە گشتییە گرینگەکان زیندو بکاتەوە و دەرفەتى کارى کورت مەودا دابین بکات و پەرە بە سەرچاوەى داهات و ئابوورى کۆمەڵگاکان بدات و ڕێگە بۆ ئاشتەوایى خۆش بکات لەو کۆمەڵگایانەدا کە لە دەستى داعش ڕزگارکراون.

زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتى: "بەم مانگەوە سێ سال بەسەر ڕزگارکردنى فەرمى عێراق لە دەستى داعش تێدەپەڕێت. هێشتا 1.28 ملیۆن عێراقى لە ئاوارەییدا دەژین. هاوکارییەکانمان بۆ حکومەت و هاوڵاتیانى عێراق یەکلاکەرەوەن بۆ دابینکردنى پێداویستی ئەو ئاوارە نێوخۆییانەى دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان، بەتایبەتى بە لەبەرچاوگرتنى کاریگەرییە نەرێنییە بێ وێنەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەسەر ئەو خەڵکانەوە."

هەروەها بەڕێزیان گوتى:" ئەوپەڕى سوپاسگوزارى خۆمان ئاراستەى سوید دەکەین بۆ ئەو بەخششە گرینگە و هاوکارییە دانەبڕاوەکانى بۆ پشتیوانیکردنى سەقامگیرى عێراق."

لەلاى خۆیەوە ئێڤا گیبسن سمێدبێرگ، سەرۆکى بەشى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقا لە ئاژانسى هاریکارى سویدى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى، گوتى: "سوید پابەندە بە پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى سەقامگیرکردن لە عێراقدا، بەتایبەتى بۆ ئەوەى ئاسانکارى بۆ گەڕانەوەى ئەو ئاوارە نێوخۆییانە بکرێت کە ماون. ئێمە جەخت لەسەر گرینگى یەکسانى ڕەگەزى و مافەکانى مرۆڤ و پەرەسەندنى بەردەوام دەکەینەوە لە گشت بەرنامەکاندا، لە نێویاندا برەودان بە پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى لەڕوانگەى جەنگەوە لە کۆمەڵگاکاندا."

بە هاوکارى 28 هاوبەش، لەنێویاندا سوید، دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن  توانیویەتى 2,650 پڕۆژەى سەقامگیرکردن لە ئەنباڕ و دیالە و کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین تەواو بکات و سوود بە نزیکەى 11 ملیۆن کەس بگەیەنێت.


بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

زەینەب مەرزوق، فەرمانبەری ڕاپۆرتكردن و پەیوەندیەكان |  21654859408+