سیستەمى پتەوى پاراستنى کۆمەڵایەتى بۆ پشتیوانیکردنى لاوازترین چینەکانى عێراق گرینگە: ڕاپۆرتى نوێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان

2021 January 27

بەغدا، 27 ى کانوونى دووەمى 2020-  بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى نوێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کە بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوى کارى جیهانى کە ئیمڕۆ بڵاو کراوەتەوە، پێویستە چاکبوونەوەى عێراق لە ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک دەرفەتێک تەماشا بکرێت بۆ بەهێزکردنى سیستەمى پاراستنى کۆمەڵایەتى وڵاتەکە بەمەبەستى پشتیوانیکردنى چینە لاوازەکەى دانیشتوان.

کاریگەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەسەر پاراستنى کۆمەڵایەتییەوە لە عێراق چۆنیەتى بەکارهێنانى ژێرخانى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە لایەن عێراقەوە هەڵدەسەنگێنێت بۆ چارەسەرکردنى کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەسەر کۆمەڵگا هەژار و لاوازەکانەوە. ئەم ڕاپۆرتە هەڵدەستێت بە ڕەچاوکردنى چۆنیەتى چارەسەرکردنى پێداویستییەکانى لاوازترین چینەکانى دانیشتوان لە ڕابردوودا لە لایەن ئەو پڕۆگرامانەوە، و ئایا هاریکار دەبن لە زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەى لە ١٨-٢٤ مانگى داهاتوودا دێنە بەردەم چاکبوونەوەى عێراق بەهۆى ئەو دوو قەیرانە هەنووکەییەدا کە بریتین لە پەتاى ڤایرۆسەکە و دابەزینى داهاتى نەوت.

ڕاپۆرتەکە هەندێک سیاسەتى گرینگ بۆ حکومەتى عێراق پێشنیار دەکات و سیستەمى نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانى پەرەپێدان بۆ بەهێزکردنى سیستەمى پاراستنى کۆمەڵایەتى عێراق و دڵنیاییدان لە وەى هەژارترین و لاوازترین دانیشتوانەکە ببنە چەقى بایەخى چاکبوونەوەى ئابوورى کۆمەڵایەتى لە پەتاکە و لەهەمان کاتدا جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە هیچ کەسێک فەرامۆش نەکرێت.

خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتى: “نزیکەى ساڵێک پاش دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، دانیشتوانە دۆخ ناسکەکەى عێراق- لە نێویاندا ئافرەتان و لاوان و ئاوارە نێوخۆییەکان و بەساڵا چووەکان- بەرجەوام بە شێوەیەکى نادادپەروەرانە زەرەرمەند دەبن، نەک تەنها بەهۆى ئەو کێشە تەندروستییانەى بە هۆى پەتاکەوە دروست دەبن، بەڵکو بگرە بە شێوەیەکى زیاتر بەهۆى دەرئەنجامە خراپەکانیەوەیە لەڕووى ئابوورى کۆمەڵایەتییەوە. “

هەروەها بەڕێزیان گوتى: “ئەو چوارچێوەیەى کارى پاراستنى کۆمەڵایەتى کە لە ئێستادا لە عێراق هەیە بە شێوەیەگونجاو دانەڕێژراوە بۆ ئەوەى بتوانێت بە شێوەیەکى پارێزراو گشت ئەو کۆمەڵانە بکاتە ئامانج لە عێراقدا کە دۆخیان لاوازە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە هاریکارى و پشتیوانییەکانى حکومەت هەموو کات ناگەن بەوانەى زۆرترین پێویستییان پێیەتى. ئەمە مایەى نیگەرانییە، بەتایبەتى لەبەر ئەوەى بەرەو بڵاوبوونەوەى جیهانى پێکوتەى دژەڤایرۆسى کۆرۆنا هەنگاو دەنێین. “

هەروەها گوتى: “پێویستە قەیرانە ئابوورییەکانى وڵاتەکە وەک دەرفەتێک تەماشا بکرێن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەى سیستەمێکى پاراستنى کۆمەڵایەتى خۆڕاگر و چوست و توانادار لە بەرەنگاربوونەوەى زەبرەکانى بەردەمى- سیستەمێک کە بتوانێت بەرگەى قەیرانەکانى داهاتوو بگرێت و بەتایبەتى جەخت لەسەر پێویستى هەژارترین و دۆخناسکترین دانیشتوان بگرێت بۆئەوەى لەڕووى ئەو پەتایەدا هەنگاو بەرەو پێش بنێت. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و هاوبەشەکانى ئامادەن هاریکارى حکومەتى عیراق بکەن بۆ بەئەنجامگەیاندنى ئەو ئەرکە گرینگە.”

کاریگەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا بەسەر پاراستنى کۆمەڵایەتییەوە لە عێراق چوارەم ڕاپۆرتە لە زنجیرە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە بارەى کاریگەرییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاو بکرێتەوە.  یەکەم لێکۆڵینەوە  جەختى خستبووە سەر کاریگەرییەکانى دۆخ ناسکى و دووەمیان لێکۆڵینەوەى لەبارەى  دەرئەنجامەکانى ئابوورى سەرانسەرى کرد و سێیەم لێکۆڵینەوەى لە کاریگەرییەکانى سەر پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى کرد.

لە چەند مانگى داهاتوودا چەند پەڕاوێکى بابەتیانەى تایبەت بە سیاسەتەکان بڵاو دەبنەوە کە تیشک دەخەنە سەر کاریگەرییە نەرێنییەکانى پەتاکە بەسەر ژینگە و داڕمانى ئابوورى کۆمەڵایەتی خانەوادە دۆخ ناسکەکان. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان سوپاسگوزارى ڕێکخراوى کارى نێودەوڵەتییە بۆ ئەو هاوبەشی و دەستپێشخەرییە گرینگەیان لە کاریگەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر پاراستنى کۆمەڵایەتى لە عێراقدا.

لێرەوە زیاتر بخوێنەوە.


بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان | 460 1976 780 964+