بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پشتیوانى وەزارەتى پلاندانان دەکات بۆ دەستپێکردنى ڕاوێژ بۆ دووەم پێداچوونەوەى خۆبەخشانەى نیشتیمانى عێراقى

2021 March 21

بەغدا، 21ى ئازار 2021 - کاریگەرى قەیرانەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا زەبرێکى دوورمەوداى بەسەر عێراقەوە هەیە، و تەنانەت ئەوانەش کە پەیوەندییان بە بەرەوپێشچوونى دەستخستنى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامەوە هەیە تاکو ساڵى 2030. هەربۆیە، وەزارەتى پلاندانانى عێراقى بە هەماهەنگى لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستاوە بە دەستپێکردنى ڕاوێژێکى نیشتیمانى لەسەر پڕۆسەى ئامادەکارییەکە لە دووەم پێداچوونەوەى خۆبەخشانەى نیشتیمانى عێراقى بۆ ساڵى 2021. ئەم دەستپێکە بە وۆرکشۆپێک دەستیپێکرد لە بەغداى پایتەختى عێراق بۆ ئەوەى ڕێگە بۆ کۆمەڵگا نێوخۆییەکان بڕەخسێنێت بە شێوەیەکى چاڵاکانە بەشدارى لە دەستخستنى پەرەسەندنى بەردەوام و بنیاتنانى نەخشەڕێگایەکى پەرەسەندنى بەردەوام کە پەیوەست بێت بە کۆمەڵگاوە بۆ داهاتووى عێراق.

بەرپرسانى حکومى و نوێنەران و ڕێکخراوە نا حکومییەکان و نوێنەرانى کەرتى گشتى و تایبەت و ئەکادیمیکاران و لاوان و ئافرەتان بەشدارییان لەو وۆرکشۆپەدا کرد بۆ ئەوەى بەشدارى لە گفتوگۆکاندا بکەن و تێبینى خۆیان بۆ دووەم پێداچوونەوەى خۆبەخشانەى نیشتیمانى بخەنەڕوو.

وەزیرى پلاندانان، بەڕێز خالید بەتال، لەمیانى وۆرکشۆپەکەدا گوتى: "عێراق سوورە لەسەر دەستخستنى ئامانجەکانى پەرەسەندنى بەردەواملە ماوەى دیاریکراودا و هەر لەبەر ئەمەش  دەبێت وەبەرهێنان لە پەرەپێدانى مرۆڤ و لاواندا ئەنجام بدەین. سەرەڕاى ئاستەنگ هەنوکەییەکان، پێویستە لە کارکردن بەردەوامبین بۆ هێنانەدى ئامانجەکانمان."

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، گوتى: "پێداچوونەوە خۆبەخشییە نیشتیمانییەکان ڕێگایەکن بۆ تیشکخستنەسەر ئەو چاڵاکى و سیاسەتانەى سەلماندوویانە کە بۆ بنیاتنانى خۆڕاگرى کاریگەربوونە لە چارەسەرکردنى کێشەى نایەکسانى و جیاکارى و گرینگیدان بە کێشە و پێداویستییەکانى گەڕاوەکان و ئاوارە نیوخۆییەکان و کۆمەڵە پەراوێزخراوەکان کە هاریکارن لەوەى کەس پشتگوێ نەخرێت و لەگەڵیدا وەک بەشێکن لە بەدەمەوەهاتن و چاکبوونەوە لە ڤایرۆسى کۆرۆنا."

دووەم پێداچوونەوەى خۆبەخشانەى نیشتیمانى بەگوێرەى ڕاوێژى بەرفراوانى کۆمەڵگا و بەشدارى ئەندامانى کۆمەڵگاى مەدەنى و ڕاوێژکارە نیشتیمانییەکان دادەڕێژرێت. حەوت پارێزگا وەک ناوچەى تاقیکردنەوە دەستنیشان دەکرێن (بەغدا و بەسڕە و زی قاڕ و کەربەلا و ئەنباڕ و موسڵ و سلێمانى). سەرنجێکى تەواو دەخرێتە سەر ئەو کێشە سەرەکییەکان لە عێراقدا، کە لە نێویاندا ئەمانە هەن:

  • جوڵانەوە باوەکان/ پێداچوونەوە بە یەکێتى کۆمەڵایەتى/ بەشداریپێکردنى لاوان لە پڕۆسەى پەرەسەندندا.
  • قەیرانەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا (لەسەر ئاستى نیشتیمانى و نیوخۆیى/ وەک قەیرانیکى فرە ئاراستە).
  • قەیرانى ئابوورى لە عێراق.
  •  پێداچوونەوەى ئەزموونە سەرکەوتووەکان لە کۆمەڵێک لەو پارێزگایانەى لە عێراقدا دەستنیشان کراون لە چوارچێوەى کارى پەرەسەندنى بەردەوامدا.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنى کۆمیتەى ئامانجە نیشتیمانییەکانى پەرەسەندنى بەردەوام بۆ دەستنیشانکردنى ئاستەنگ و دەرفەتەکان وەک دیاریکەرى داهاتووى عێراق و بۆ خستنەڕووى باشترین ئەزمونى وڵاتەکە بەرەو ئەجێنداى 2030.