ئیتاڵیا بە کۆمەکێکى نوێ بە بڕى 2.4 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى پابەندبوونى خۆى بۆ سەقامگیرى عێراق دووپات دەکاتەوە

2021 June 27

بەغدا، یەک شەممە، 27ى حوزەیرانى 2020- وەزارەتى دەرەوەی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکانى ئیتاڵیا، بە نوێنەرایەتى ئاژانسى ئیتاڵى بۆ پەرەپێدان و هەماهەنگى، بە بڕى 2 ملیۆن یۆرۆ (2.4 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى)، بەمەبەستى هاریکاریکردنى ئەو کۆمەڵگایانەى زەرەرمەندى دەستى داعشن لە عێراقدا، هاریکارى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەکات.

ئەم هاوکارییەى ئیتاڵیا لەڕێگەى دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە دەبێت، کە دەستپێشخەرییە خێراکان لە ناوچە ڕزگارکراوەکانى دەستى داعش جێبەجێ دەکات. لە ساڵى 2015 وە، لەوەتەى دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى دامەزراوە، ئیتاڵیا بڕى 18 ملیۆن دۆلارى بەمەبەستى گەڕانەوەى ئاوارە نێوخۆییەکانى عێراق بۆ سەر ماڵ و حاڵەکانى خۆیان بەخشیوە.

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، گوتى: "زۆر سوپاس بۆ ئەم هاوکارییەى ئیتاڵیا کە لە کاتێکى گونجاودا گەیشت. سوپاس بۆ هاوبەشەکانمان کە لە سایەیانەوە دامەزراوەى کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیرى دەتوانێت لەکارەکانیدا بەردەوام بێت بۆ باشترکردنى دۆخى ناوچە ئازادکراوەکان و ئەوانەش کە تاکو ئێستا لە ئاوارەییدا ژیان دەگوزەرێنن بۆ ئەوەى بەشیوەیەکى شکۆمەندانە و پارێزراو بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانى خۆیان. هەروەها لەرێگەى ئەم هاریکارییە گرینگەوە، ئیتاڵیا پابەندبوونى خۆى بۆ پشتیوانیکردنى گەڕانەوەى ئاوارەنێوخۆییەكان بۆ نێوکۆمەڵگاکانیان و بنیاتنانەوەى ژیانیان دووپات دەکاتەوە."

باڵوێزى ئیتاڵیا لە بەغدا، برونۆ پاسکینۆ، ئەم هاریکارییەى حکومەتى ئیتاڵیاى بەرز نرخاند وەک هەنگاوێکى ترى ڕاستەقینە بەرەو عێراقێکى سەقامگیرتر و پارێزراوتر و ئارامتر. بەڕێزیان لەو بارەیەوە دوا و گوتى: "ئەم دەستپێشخەرییە هاوتەریبە لەگەڵ پێشینەکانى هاریکارییەکانى ئیتاڵیا بۆ باشترکردنى یەکسانى ڕەگەزى و برەودان بە ڕێگریکردن و کەمکردنەوەى ڕوودانى جەنگ و ناکۆکییەکان."

هەروەها  بەڕێوەبەرى نوسینگەى عەممانى ئاژانسى ئیتاڵى بۆ پەرەپێدان و هەماهەنگى، میشێل مۆرانا، گوتى: "حکومەتى ئیتاڵیا پیشتیوانى تەواوى پڕۆسەى سەقامگیرکردن دەکات لە عێراقدا، لە ڕێگەى بەشداریکردن لە درویتکردنى دۆخێکى باشتر بۆ گەڕانەوەیەکى شکۆمەندانەترى ئاوارە نێوخۆییەکان بۆ زیدى خۆیان و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگاکانیان و پشتیوانیکردن بۆ پاراستن و ئاسایشیان. "

بەهاوکارى 27 هاوبەش و حکومەتى عێراقى، دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى توانیویەتى 2,831 پڕۆژە لە ناوچە ئازادکراوەکانى دەستى داعش تەواو بکات و سوود بە 13 ملیۆن عێراقى بگەیەنێت و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ژێرخانى پەروەردە و تەندروستى باشتر بکات. هەروەها توانیویەتى هاریکارى 4.8 ملیۆن ئاوارەى نێوخۆیی بکات بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

میرینالینى سانتانام، پسپۆڕى پەیوەندییەکان، 9647901931308+