بەرنامەیەکى نوێ بۆ بەرپەرچدانەوەى تاوانە داراییەکان لە عێراقدا

2021 July 6

بەغدا، 6ى تەمموزى 2021.- ئیمڕۆ، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، بە هاوبەشى لەگەڵ حکومەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، هەستا بە خستنەگەڕى دەستپێشخەرییەکى چەند ساڵەى ڕاهێنان بۆ بەهێزکردن و باشترکردنى لێکۆڵینەوەکان لە تاوانە ئاڵۆز و ڕێکخراو و داراییەکان لە عێراقدا.

بەرنامەى ڕاهێنانەکە، بەناوى لێکۆڵینەوەى تاوانى ڕێکخراو و داراییە: میتۆدێکى یەکخراو، سەرج دەخاتە سەر توانا و شارەزایى و تەکنیک و ڕێکارە پێویستەکان بۆ دادوەرانى عێراقى و پسپۆڕەکانى تر بۆئەوەى بەشێوەیەکى کاریگەر هەستن بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانى تاوانە ئاڵۆزە داراییەکاندا. هەروەها کۆمەڵێک پێشنیار دەخاتە بەردەست بۆ بەرەوپێشبردنى سیاسەت و ڕێکارەکانى لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنى تاوانە ئاڵۆز و داراییە ڕێکخراوەکان و لەگەڵیدا ببێتە داڕشتنى نەخشەڕێگایەک بۆ جێبەجێکردنى ئەو سیاسەتانە.

وەک بەشێک لە دەستپێشخەرییەکە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەگەڵ دادوەران و دادوەرانى گشتى و لێکۆڵەرانى تاوانى داراییدا کاردەکەن، بەمەبەستى ڕێکخستنى ڕاهێنانێک بۆ زۆرێک لە دامەزراوە عێراقییەکان لەبارەى تاوانى ڕێکخراو و دارایی و سەرپەرشتیکردنى دانانى نامیلکەیەک لەبارەى سەرکردایەتیکردن و ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەکان لەبارەى تاوانە ڕێکخراو و داراییەکانەوە.

سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى لە عێراق، دادوەر فایەق زێدان، جەختى کردەوە کە ئامانجى ئەم بەرنامەیە بریتییە لە " پتەوکردنى ڕێکار و تاکتیکەکانى دادوەرانى لێکۆڵینەوە لەبارەى سەرکردایەتیکردنى لێکۆڵینەوەکان لەبارەى تاوانە ئاڵۆزەکانى داراییەوە، بەهەماهەنگى و لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپیشەکانیاندا لە ئاژانسەکانى لێکۆڵینەوە" ى دەستەى دەستپاکى و یەکەى چاودێرى دارایى و  نوسینگەى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارە و ڕووبەڕووبوونەوەى داراییکردنى تیرۆرى سەر بە بانکى ناوەندى و بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتمەندەکانى بوارى لێکۆڵینەوەى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ.

باڵوێزى وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ توێلەر، گوتى " عێراق پێویستى بە کەرەستە و سیاسەتى کاریگەر هەیە بەمەبەستى هاریکاریکردنى لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنى تاوانە داراییەکان، چونکە هاندەرى سەرەکى لەپشت زۆرینەى ئەم تاوانانە بریتییە لە دەوڵەمەندبوونى تاکەکەسەکان و لەئەنجامدا ئازارى عێراق و هاوڵاتییەکانى دەدات." وەزارەتى دەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەخۆشحاڵییەوە کۆمەکى دارایى هەڵسەنگاندنى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان لەسەر تواناکانى لێکۆڵینەوەى تاوانى دارایى لە عێراقدا کردووە؛ ئەم هەڵسەنگاندنە هاریکار بووە لە دانانى بنچینەیەکى کار بۆ ڕاهێنان و کەرەستەیەکى گرینگ بووە لە داڕشتنى ڕێکار و تەکنیکەکانى لێکۆڵینەوەى تاوانى دارایى بۆ دادوەران و لێکۆڵەران.

خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتى: " ئەم بەرنامەیە و پەڕاوە هاوشانەکەى دان بە ئاڵۆزى و ڕێکخراوەیى تاوانەکانى داراییدا دەنێت، وەک گەندەڵى و سپیکردنەوەى پارە و کۆکردنەوەى نایاسایى سەروەت و سامان کە بوونەتە هۆى دروستبوونى کەشێکى پڕ لە جیاکارى و نادادپەروەرى. ئەم تاوانانە هۆکارى سەرەکى لاوازکردنى پڕۆسەى چاکبوونەوەى ئابوورى و سەقامگیرى و پەرەسەندنى عێراقن. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئامادەیە لەگەڵ ئەنجوومەنى دادوەرى عێراق و دامەزراوەکانى تردا کار بکات، بەمەبەستى هاریکاریکردن لە نەهێشتنى ئەم تاوانانە، و زۆر سوپاسى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا دەکات بۆ کۆمەککردنى ئەم دەستپێشخەرییە گرینگە."

کۆمەکى ئەم بەرنامەیە بەشێوەیەکى دەستکراوە لەلایەن حکومەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە دابین کراوە. ئەم پڕۆژەیەش بەشێکە لە بەرنامەى چاکسازى کەرتى ئاسایش/سەروەرى یاسا ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.

بۆ خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوانە دارایيەکان کلیک لێرە بکە

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

فەى داوود، ڕاوێژکارى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، 9647801976460+