پشتیوانیکردنى پەرەسەندنى ئابوورى نێوخۆیى عێراق لەڕێگەى چارەسەرى ووزەى بەردەوامەوە- ژمارەیەک پڕۆژەى نوێ خرانە گەڕ

2021 September 9

هەولێر، 9ى ئەیلولى 2021-  ئیمڕۆ سێ پڕۆژەى داهێنەرانە بە ئامانجى برەودان بە چارەسەرى ووزەى بەردەوام، بە هاوبەشى نێوان بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و پاریزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و بە کۆمەکێکى دەستکراوەى یەکێتى ئەوروپا، خرایە گەڕ.

ئەم پڕۆژانە، کە هەر یەکەیان لەلایەن هەر یەکێک لە پارێزگاکانەوە نەخشەڕێژى بۆ کراوە بەگوێرەى پلانى ستراتیژى خۆیان، لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى عێراق کە کێشەى بەردەوامى ژینگەییان هەیە بەشوێن سەرچاوەى جێگرەوەى ووزەى بەردەوامدا دەگەڕێن، هاوشان لەگەڵ پابەندبوونیان بە کەمکردنەوەى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان بەپێى پلانى کارى ووزەى بەردەوام کە لە ساڵى 2018 دا داڕێژراوە، لە چوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەریگەى بەرنامەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە کە لەلایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەو پڕۆژەیەى لەهەولێر جێبەجێدەکرێت بریتییە لە دانانى پەنێڵى ووزەى خۆر بۆ ترۆمپاى ئاو لە 45 ناوچەى گوندنشین دادەنرێت و لەگەڵیدا 100 گەرمکەرى ئاو بە ووزەى خۆر لە کێڵگەکاندا دادەنرێن بۆ ئەوەى لەبەرهەمى کشتوکاڵیدا بەکاربێن.

لەپڕۆژەکەى سلێمانیشدا، ئەو گڵۆپە ئاساییانەى شەقامەکان کە بڕێکى زۆر لە کارەبا بەکاردەهێنن بەهۆى بەکارهێنانى گڵۆپى پەستانى بەرزەوە دەگۆڕدرێن بە 10,000 گڵۆپى لید کە کارەباى کەمى دەوێت و ئەمەش دەبێتە هۆى کەمکردنەوەیەکى بەرچاوى تێچووى کارەبا لە پاریزگاکەدا.

لە دهۆک، پارێزگا سەرنج دەخاتە سەر توانستى ووزەى خۆر و وێستگەیەکى بچوکى ووزەى خۆر دادەمەزرێنێت بە تواناى 2 مێگا وات. ئەمەش یەکەمین بەرهەمهێنانى ووزەى کارەبایە لەڕێگەى تیشکى خۆرەوە و هاریکار دەبێت بۆ پتەوکردنى هاوبەشى نێوان کەرتى گشتى و تایبەت و وەک پڕۆژەیەکى گرینگى تاقیکراوە خزمەت دەکات بۆ وەبەرهێنانى گەورەتر تیایدا لە داهاتوودا.

خاتو زێنە عەلى ئەحمەد، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتى: “ دابینکردنى ووزەى نوێبووەوە بۆ هەرێمى کوردستانى عێراق گرینگییەکى زۆرى هەیە بۆ چارەسەرکردنى زۆرێک لە کێشە ژینگەییەکانى. ئەم پڕۆژانە یەکەمین دەستپێشخەرین بۆ ئەم هەرێمە و دەبێتە وەرچەرخانێک لە گۆڕین لە ووزەى باوەوە بۆ ووزەى پاک و هەرپاریزگایەک لەداهاتوودا دەبنە نموونەیەک لە عێراقیکى پاکتر و ژینگە دۆستتر.”

باڵوێزى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق، بەڕێز ڤێڵى ڤاریۆلا، گوتى: “ خستنەگەڕى سێ پڕۆژە لەئەنجامى کارى داهێنەرانە و پابەندبوونەوەیە لەژێر سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر و پاریزگارى دهۆک و پارێزگارى سلێمانیدا. ووزەى نوێبووەوە و کارامەیى لەبەکارهێنانى ووزەدا لەپێشینەى گرینگن بۆ عێراق و یەکێتى ئەوروپا. دڵنیاشم کە ئەمانە ڕێگەخۆشکەر دەبن لەبەردەم داهاتوویەکى بەردەوامدا.”

بەڕێز ئومێد خۆشناو، پاریزگارى هەولێر، گوتى: “ ئەم پڕۆژەیە هەوڵەکانى پاریزگاکەمان پتەوتر دەکات بۆ بەکارهێنانى کۆمەڵێک میتۆدى جێگرەوەى پێشکەوتوو بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، وەک ووزەى خۆر. ئامانجى ئەم پڕۆژەیە، کە لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدانەوە پشتیوانى دەکرێت و لەلایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت،بریتییە لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان و خێراکردنى بەرەوپێشچوونەکان لە بەرهەمهێنانى کارەبا و پەرەسەندنى کەرتى گشتوکاڵ و هاندانى جوتیاران بۆ زیادکردنى بەرهەمى نێوخۆیى لەهەرێمەکەدا.

ئەم پڕۆژەیە جەختکردنەوەیەکى ترە لەسەر گرینگى و کاریگەرى هاوبەشى نێوان پارێزگاى هەولێر و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و هەماهەنگیکردن لەگەل کۆمەڵگا نێوخۆییەکان و کەرتى تایبەتدا.”

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگارى سلێمانى، گوتى: “ئەم پرۆژەیە، بەپێی پلانی ستراتیژیی پارێزگای سلێمانی بۆ وزە نوێکان و ژینگەی پەسەندکراو لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و وەک پێویستیەکی ژیانیی و ژیاریی پارێزگاکەمان، بە هەماهەنگی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان  و بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارەبا و پلانی پارێزگاکەمان، دیاریکراوە، کە پرۆژەیەکی گرینگە بۆ ڕووناکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی کارەبا و دەردراوی دووانە ئۆکسیدى کاربۆن و گەڕاندنەوەی خەرجییەکی زۆر بۆ خەزێنەی گشتی و دروستکردنی دەرفەتی کار و گەشەکردنی سەردەمیانەی پارێزگاکەمان، و سوودی راستەوخۆی بۆ هاوڵاتیان و سیستمەکانی ڕووناکردنەوە و هاتوچۆ و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەبێت.”

بەڕێز عەلى تەتەر، پاریزگارى دهۆک، گوتى: “ زۆر سوپاسى ڕۆڵى چاڵاکى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەکەین لە خزمەتکردنى خەڵکى دهۆکدا، لە پەنابەران و ئاوارە نێوخۆییەکانەوە تاکو دانیشتوانە نێوخۆییەکەى، کە ماوەى چەندین ساڵە بەردەوامە.بەتایبەتیش سوپاسگوزارى دەستپێکى یەگەم پڕۆژەى ووزەى نوێبووەوەین، کە پڕۆژەى ووزەى خۆرە لە پاریزگاکەماندا و ژینگەکەمان دەپاریزێت و بەردەوامى پێ دەدات.”

پڕۆژەکان دووبارە جەخت دەخەنەوە سەر پابەندبوونى پاریزگاکان بە پەرەپێدانى چارەسەرى ووزەى خاوێن و لەگەڵیدا پشتیوانییە بەردەوامەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و یەکێتى ئەوروپا کە چارەسەرى گۆڕانى کەشوهەوادەکەن و برەو بە ئابوورییەکى سەوز دەدەن لە عێراقدا.

بۆ زانیارى زیاتر، تکایە پەیوەندى بکە بە :

زەین حەمدان، بەرپرسى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، 33688813276+