بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەزگاکانی حکومەت و سەرکردەکانی کۆمەڵگای ئەنباردا وۆرکشۆپێکیان ڕێکخست بۆ هاندانی گەڕانەوەی خێزانەکان و یەکخستنەوەیان بۆنێو کۆمەڵگا

2022 January 17

هەولێر،١٨ ی کانونی دووهەمی ٢٠٢٢- بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بە هاوبەشی لەگەڵ نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و بە بەشداری وەزارەتی کۆچ و ئاوارەکان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دەزگا حکومییە پەیوەندیدارەکانی تر لە ئەنباردا ٣٥ سەرکردەی کۆمەڵگا و سەرۆک هۆزەکانیان لە وۆرکشۆپێکدا کۆکردەوە کە ئامانج لێى کردنەوەی ئامێز و تێگەیشتن بوو لە نێو سەرکردەکاندا ئەمەش بۆ ئاسانکاری گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئاوارە عێراقییەکان بۆ ناو کۆمەڵگاکانیان.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کاردەکەن بۆ پشتیوانیکردنی گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئەو خێزانە ئاوارە نێوخۆییانەى گومانى پەیوەندییان لێ دەکرا لەگەڵ داعشدا و ئەوانەش کە دەگەڕێنەوە بۆ سوریا. ئەمانە هاوتا لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتدا بۆ کۆتایی هێنان بە ئاوارەبوونی ماوە درێژ لەڕێی گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ئاسانکاری لە گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو.

بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە گفتوگۆیان لەسەر وردەکاریەکانی پرۆسەی گەڕانەوە و ڕۆڵی سەرکردەکانی کۆمەڵگا و حکومەتی ناوخۆیی کرد لە ئاسانکاریکردن لە یەکخستنەوەی خێزانەکان لەگەل کۆمەڵگا و کاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کە دەیکەن بۆ ئاسانکاری لە گەڕاندنەوە و یەکخستنەوەدا. وۆرکشۆپەکە پێشنیاری بۆ باشترکردنی کردنەوەی ئامێزی کۆمەڵگا پێشکەش کرد بۆ خێزانە گەڕاوەکان.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد، جەختی کردەوە و گوتی: "یەکخستنەوەی ئاوارە عێراقییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام بۆناو کۆمەڵگاکانیان کاری لەپێشینەى بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانە، ئامادەکاری کۆمەڵگا لایەنێکی سەرەکی ئەم کارە گرینگەیە. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی کۆمەڵگای ناوخۆیی و هاوبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئامادەکردنی کۆمەڵگا لە گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئەوانەی هێشتا ئاوارەن و ئەوانەی گێڕانەوەیان سەختە."

سەرۆکی کاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراقدا، جیۆرجی گیگاوری، گوتی: "دەستنیشانکردنی چارەسەری ماوەدرێژ بۆ ئەو ئاوارە عێراقییانەی ڕووبەڕووی چەندان بەربەستی ئاڵۆز دەبنەوە لە گەڕاندنەوە و یەکخستنەوە و یان جێگۆڕینیاندا کاری لەپێشینەى ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی عێراقە، بەوانەشەوە کە گومانى پەیوەندیکردنیان لێدەکرێت لەگەڵ داعشدا. ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی پابەندە بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگاکان لە چارەسەرکردنى دابەشبوون و جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان و بەربەستەکانی تر لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان وەکو بەشێك لە کارەکانمان بۆ بنیادنانی ئاشتەوایی و سەقامگیری."

دکتۆر سەعید ئەلجیاشی، ڕاوێژکار لە نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، گوتی: "کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ جەختی خستە سەر ئاوارە گەڕاوەکان لە کامپی ئەلحۆپدا کە لە بنەڕەتدا خەڵكی پارێزگای ئەنبارن. ئێمە ڕێککەوتین لەسەر کاتێکی دیاریکراو بۆ ئاسانکاری گەڕاندنەوەی زیاتر لە ٢٠٠ خێزان و چارەسەری ئەو کێشانەى پەیوەندییان بەگەڕاندنەوەی خۆویستانەی خێزانەکان هەیە هەروەها لەو ناوچانەدا کە خێزانەکان بۆیان دەگەڕێنەوە و وەرگرتنی سەرنجەکان لە حکومەتی ناوخۆیی و سەرکردەکانی کۆمەڵگەوە."

لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا بەرنامەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی پێنج ساڵەی بەگەڕخست بۆ برەودان بە کۆمەڵگای بەهێزتر و ئاشتیخوازتر و لەخۆگرتر لە سەرتاسەری عێراقدا. پڕۆژەی ئاشتەوایى و یەکخستنەوەی کۆمەڵگا پشتیوانی لە ئامادەباشی کۆمەڵگە و گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئەوخێزانانە دەکات کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت کە زۆرجار لە پەراوێزخراوترینەکانن، هەروەها کۆمەڵانی دۆخناسک و خێزانەکان لەو ناوچانەدا کە بۆی گەڕاونەتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

میریام پینۆ، پسپۆری پرۆژەی داکۆکی و راگەیاندن، miriam.pineau@undp.org

009647901101982

یەکەی زانیاریی گشتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی

ئیمەیڵ: iraqpublicinfo@iom.int