ئافرەتانی عێراق لە ڕێزی پێشەوەدان: كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی پیشتوانی دانیشتوان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

2020 April 29

ڕەفلە تەمەنی 50 ساڵە و یەکێكە لەو 35 ئافرەتانەی كە ئەندامە لە كۆمەڵەی   ئافرەتا لە ناخۆدا کە لە پێشەنگدان لە بەرزکردنەوەی هوشیاری دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سەڵاحەدین لە عێراقدا.

كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی لە ناوخۆدا لە سەڵاحەدین كاردەكەن کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پێکهێنراوە و بە پشتیوانی حکومەتی عێراق، ئەندامەکانی کلینیکی فریاگوزاریی سەرەتایی دادەنێن و کەلوپەلی پاراستنی کەسیی دروست دەکەن و دابەشى دەکەن وهەروەها نامیلکەی زانیاریی پەرەپێدەدەن و دابەش دەکەن و خۆراک و پۆشاك و کەلوپەلی پاکژیی پێویست کۆدەکەنەوە و دابەشی دەکەن بەسەر ئەو کەسانەدا کە پێویستیان پێیە.

ڕەفلە و تیمەکەی کار دەکەن بۆ دابەشکردنی سەبەتەی خۆراك و پۆشاك و کەلوپەلی پاکژیی لە سامەڕا و بەلەد و تکریت و توزخورماتو و شەرقات و کامپەکانی ئاوارەکانی ناوخۆ لە شەهامە و دەیومدا. ئەم کۆمەڵەیە هەروەها ماسکیش دەدروێت و دابەشی دەکات بەسەر ئەفسەرانی پۆلیس و ئەندامانی تری کۆمەلگەدا کە لەبەردەم مەترسیەکی گەورەتردان بۆ توشبوون بە ڤایرۆسەکە.

چ پیشەیەكت هەیە؟

من مامۆستای سەرەتاییم و سەرۆکی ڕێکخراوی کرۆکی خێزان و هەروەها ئەندامم لە لیژنەی ئافرەتانی ئاشتی لە سەڵاحەدین.

[ڕێکخراوی کرۆکی خێزان بریتیە لە ڕێکخراوێکی ناحکومی لەلایەن ڕەفلە دامەزراوە بە ئامانجی باشترکردنی توانستی خێزانە عێراقیەکان بۆ کاریگەرى بكەنە سەر كۆمەڵگای مەدنی و هانی بەشدرابوون بدەن تێیادا.]

بۆچی ئەم کارەدەکەیت لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرنادا؟

کارەکەمان زۆر گرنگە لەبەر چەند هۆکارێك، ئامانجی ئێمە بریتیە لە یارمەتیدانی کۆمەڵگە دۆخناسکەکان لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم پەتایەدا، بەتایبەتی پاش سەپاندنی قەدەخەی هاتوچۆ و نەمانی سەرچاوەی داهاتی خەڵكانێكی زۆر. لەڕێی ئەم دەستپێشخەریانەوە ئێمە لە هەمان کاتدا کاردەکەین بۆ لەناوبردنی بیرۆکە چەقبەستووە کۆمەڵایەتیەکان دەربارەی ڕۆڵی خانمان لەم جۆرە کارانەدا. ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگە بزانێت كۆمەڵەی  ئافرەتانی ئاشتی لە سەڵاحەدین دەتوانێت کار بکات و بگاتە ئامانجەکانی و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە برەودان بە ئاشتیی لە پارێزگاکەدا.

هەستت چۆنە لە پاراستنی کۆمەڵگەکەتدا؟

زۆر سەربەرزم بە نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتانی سەڵاحەدین بە گشتی و نەك تەنها كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی لە سەڵاحەدین بەڵكو سەربەرزم کە دەتوانم یارمەتی کۆمەڵگەکەی خۆم بدەم کە ئازارێکی زۆری چەشتووە بە دەست ئەو هەموو جەنگ و ململانێیانەوە.

بوون بە بەشێك لە كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی چۆن کاریگەریی لە ژیانت کردووە؟

ئەو وانەیەی فێری بووین بریتیە لە گرنگیی کاری بە کۆمەڵ بە تایبەتی لە كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی لە سەڵاحەدیندا کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان و تایەفە و ئیتنیەکانی قەزاکە دەکات. ئەگەر کۆمەڵگە هەلومەرج و هۆکار و دەرفەتی ڕاستەقینەمان بۆ دابین بکات، ئەوا هەموومان دەتوانین بەشدار بین لە بەرپرسیارێتی و بارگرانیەکاندا بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەبا و پتەو و بەهێز کە هەتاهەتایە لە ئاشتیدا بژی.

خانەوادەکەت هەستیان چۆنە دەربارەی ئەو کارەی ئێستا تۆ دەیکەیت؟

خانەوادەكەم و هەموو خزمەکانم دڵخۆش و سەربەرزن بە من و بەردەوام هانم دەدەن تا بەردەوامبم لە پشتگیریکردنی کۆمەڵگەکەم.

چی ئامۆژگاریەك پێشکەشی ئافرەتانی عێراق دەکەیت کە حەز دەکەن یارمەتی کۆمەڵگەکانیان بدەن لەم کاتەدا؟

ئامۆژگاری من بۆ هەموو ئافرەتێك کە توانستی هەیە، با یەکەمجار خزمەتی کۆمەڵگەکەی بکات پاشان خەمی کێشەکانی خۆی بخوات. هەروەها ببنە نمونەی باڵا و هاندەر بۆ ئەوەی هەموو ئافرەتان بەشدار بن.

كورتە باسێك دەربارەی كۆمەڵەی ئافرەتانی ئاشتی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان

لە ساڵی 2018 دا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بەرنامەی ئاشتەوایی گشتگیری پێكهێنا، بە بەخشینێکی باشى حکومەتی دانیمارکەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی كۆمەڵایەتی لە عێراقدا و ڕاهێنانی کرد بە هەشت كۆمەڵەی  ئافرەتانی ئاشتی لە سەڵاحەدین و کەرکوك و شەنگال و تەلەعفەر و ئەنبار و دیالە و نەینەوا و دەشتەکانی نەینەوادا بۆ پتەوەكردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی لە کۆمەڵگەکانیاندا. ئەم كۆمەڵانە پشتگیری و هاوبەشی دەکات لەگەڵ لیژنەکانی ئاشتی ناوخۆیی کە بە هەمان شێوە بەشێکە لە بەرنامەکە، وە دەستپێشخەریی جۆراوجۆری کۆمەڵگەیی جێبەجێ دەکات.