گەنجانی عێراق دێنە پێش: سەرکردەکانی داهاتوو یارمەتی لێقەوماوان دەدەن

2020 August 27

وێنە: منداڵێك دەمامکێک لە گروپی گەنجانی ئەنبار سەربە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان عێراق وەردەگرێت لە پارێزگای ئەنبار.

هەر لە سەرەتای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هاوڵاتیانی عێراق شایەتی ئەو ڕاستییە بوون کە گەنجانی عێراق هاتوونەتە مەیدان بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان لە سەرانسەرى وڵاتدا. وەکو یەکێك لەو وڵاتانەی پڕ گەنجە لە جیهاندا، ئەم پشتیوانیە زۆر گرنگە بۆ خەلکانی دۆخناسک لە عێراقدا لە کاتە سەختەکانی لەم جۆرەدا.

لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا، وەکو بەشێك لە زنجیرەیەك دەستپێشخەری کە لەلایەن گروپی گەنجانی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق پەرەیپێدراوە بە پشتیوانی حکومەتی دانیمارك و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی وەسڵ تەسڵى نا حکومی، کۆمەڵگاکانی ناو پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە و نەینەوا پێویستیەکانی وەکو ئاو و پۆشاك و کەلوپەلی پاکژی و ماسكیان پێدراوە.

لە یەك دەستپێشخەریدا، گەنجانی ئەنبار 20 لیتر ئاویان دابین کردووە بۆ 100 خێزان لە روتبە لە بەرواری 29 ی تەمووز تا 2 ی ئاب. ئاوی خواردنەوە بە ئەستەم دەست دەکەوێت لە قەزای روتبەدا کە دەکەوێتە باشوری پارێزگای ئەنبارەوە. ئەم شارە بە تەواوەتی پشت بە بیری ئاو دەبەستێت کە بە گشتی بەکەلکی خواردنەوە نایەن.

مەحمود، ئەندامێکی گروپی گەنجان، دەڵێت "هەموومان هەستێكی ئاڵۆز و دژیەكمان هەبوو، من هەستم بە دڵتەنگی دەکرد کە گەڕەکەکە و شارەکە بە گشتی ئاوی خواردنەوەیان نییە. بەڕاستی ئەمە پێویستیەکی زۆر بنەڕەتییە. لەلایەکی ترەوە دڵخۆشبووم بەوەی توانیمان شتێك بکەین بۆ پشتیوانی کردنی ئەم خێزانانە. دەمویست ببمە بەشێك لەم دەستپێشخەریە بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگاکەم و خستنە بەرچاوی پێویستیەکانی."

ئەو خێزانانەی لەلایەم ئەم دەستپێشخەریەی گەنجانەوە پشتیوانی کراون لەژێر هێلی هەژاریەوە دەژین لە یەکێك لە هەژارنشینترین ناوچەکانی روتبەدا.

لە دەستپێشخەریەکی تر لە مانگی تەمووزدا، پۆشاك کڕدران و دابەشکران بەسەر منداڵانی سەقلاویە کە شارێکە لە ئەنبار و چەندان کەسی تێدا بێ سەرو شوێن بووە بەهۆی ململانێ درێژخایەنەكانەوە. چەندان خێزان لە شارەکەدا هەن هیچ داهاتێکیان نییە، واتا بۆنە گرنگەکانی وەکو جەژن زۆر بە بچوكی ئەنجام دەدرێن و لایەنە سەرەکیەکانی وەکو دیاری بۆ منداڵانی تێدا نییە. زیاتر لە 100 خێزان پۆشاکیان بەسەردا دابەشکرا کە کڕدرابوون، وەکو بەشێك لە دەستپێشخەریەکە.

یاسەمین ئەندامێکی گروپی گەنجانە و باسی ئەو کاتە دەکات کە چۆتە ماڵێکەوە و دایکەکە و چوار منداڵی دابڕێندرابوون بۆ پاراستنی خۆیان لە ڤایرۆسەکە، "دایکەکە دەستی کرد بە گریان و وتی ماوەی هەفتەیەکە نەخەوتووە چونکە ناتوانێت بوەستێت لە بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەم جەژنە بکاتە شتێکی تایبەت بۆ منداڵەکانی. ژنەکە نەیدەزانی چۆن سوپاسمان بکات."

لە مانگی ئابدا، دەستپێشخەریەکانی دیالە 500 کەلوپەلی پاکژیان دابەشکرد لە بەرواری 17 بۆ 19 ی ئابدا لە قاتون و ئەلخان و ئەلکەرنەبات. بە هەمان شێوە لە نەینەوادا لە 18 ی ئابدا 300 کەلوپەلی پاکژیی دابەش کران لە ئەلشیفا و ناوچە گشتیەکانیش پاکژکران.

وێنە: کەلوپەلی پاکژیی پێکهاتووە لە پاکژکاری دەست و دەستکێش و ماسك و زانیاری دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

لە ئەنبار بڕی 1000 دەمامک لە بەرواری 16 تا 20 ی ئاب دابەشکران، لە قائیم و رەمادی و حەدیسە و عامریەدا.

وێنە: دەستگێڕێکی بازاڕ ماسێکی لە گروپی گەنجانی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وەرگرت لە پارێزگای ئەنبار.

عەبدولرەحمان تەمەنی 22 ساڵە و لەسەر شەقامەکانی رەمادی چا و قاوە دەفرۆشێت لە پارێزگای ئەنباردا. گوتی "پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ وایکرد من کارم نەمێنێت. ئێستا کە قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیراوە دەتوانم کارەکەم دەست پێبکەمەوە و بژێوی خێزانەکەم دابین بکەم. حەزدەکەم هەمووان ماسك بپۆشن بۆ پاراستنی خۆیان و خێزانەکانیان و ئێمەش بەردەوامبین لە کار."

وێنە: ژنێك زانیاری و کەلوپەلی پاکژیی و زانیاری لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گروپی گەنجانی دیالەى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وەردەگرێت لە پارێزگای دیالە.

دەستپێشخەری تر پلانیان بۆ دانراوە و بەردەوام دەبن لە پیشاندانی پابەندبوون و هیوا و هاوسۆزی گەنجانی عێراق. گەنجان داهاتوون و ئەمەش بەندە بەم کار و دەستپێشخەریانەی گەنجانی عێراقەوە لەم قەیرانەدا، داهاتوو گەش دەردەکەوێت.