زانکۆکانی عێراق بەشداری لە بەنیشتمانیكردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام دەكەن لەسەر ئاستی نێوخۆییدا

2020 September 24

بەدیهێنانی حەڤدە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لە عێراقدا گرینگییەکى زۆرى هەیە بۆ بوژانەوەی وڵاتەکە و دەستخستنى پەرەسەندن بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ. بەڵام بەدەستهێنانی سەركەوتنی ئەمە پێویستی بە هەوڵ و تێكۆشانی هەموو لایەکە لەسەرهەردوو ئاستی نیشتیمانی و ناوخۆییدا، نەك تەنها لە پایتەخت و پارێزگا گەورەکاندا، بەڵكو لە سەرتاپای وڵاتدا. ئەم تەواوكردنەوەی یەكتر، و بەناوخۆییكردنە، كليلى زامنكردنى بەشداری گشتگیرە لە هەموو عێراقدا.

بەهۆی ئەوەی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام کاریگەریەکی گەورە دەکاتە سەر هاوڵاتیان لە هەموو  بوارەکاندا، کە لە حەڤدە ئامانجەکەدا کۆکراونەتەوە، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق دەستیكرد بە جێبەجێکردنی دەستپێشخەری بۆ بەشداریپێکردنی هاوبەشە ناوخۆییەکان بە زانکۆ و ناوەندەکانى لێکۆڵینەوەشەوە لەو پارێزگایانەدا کە زۆرترین پێویستییان بە پەرەپێدان هەیە.

لە سەرەتای ساڵی 2019 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، وەکو هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو بەناوخۆییکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆیی، دەستپێشخەری بەشداریپێکردنی هاوبەشە ناوخۆییەکانی لە پارێزگاى بەسڕە و ئەنبار و کەربەلادا بەگەڕ خست. ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە حکومیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پلاندانان و نوسینگەکانی ئامار بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕۆڵە گرنگەی ئەم هاوبەشانە هەیانە لە جێبەجێکردن و چاودێریکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام دەستیپێکرد. لەو میانەشدا سێ زانکۆی حکومی کە بریتین لە زانکۆی بەسڕە و کەربەلا و ئەنبار، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پلاندانان و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی پێداویستیەكانیی ناوخۆ هاوتا لەگەڵ ئەجێندای 2030 بۆ پەرپێدانی بەردەوام بەشداریان پێکرا.

ئەم سێ پارێزگایە لە سەرەتادا بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاستەنگانەی کۆمەڵگا ناوخۆییەکانیان ڕووبەڕوویان بونەتەوە هەڵبژێردران. پاشان و لە سەرەتای ساڵی 2020 دا پارێزگای موسەنا بەشداری پێکرا، ئەویش پاش ڕاوێژى نێوان بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان  بۆ پەرەپێدان و وەزارەتی پلاندانان، لەکاتێکدا بەپێی داتاکانی دەزگای ناوەندی بۆ ئامار ڕێژەی هەژاری لەم پارێزگایەدا %52 ە.

دەستپێشخەری بەشداریپێکردنی هاوبەشە ناوخۆییەکان جەخت دەکاتە سەر بەشداریپێکردنی هەمووان بۆ دانانی سیاسەت و پلان لەو پارێزگایانەی دەستنیشانكراون.ئەمەش بە پشت بەستن بوو بەو زانیاری و داتا شیکاریانەی تایبەتمەندن بەو ئاستەنگانەی ئەم پارێزگایانە بەدەستیەوە دەناڵێنن ، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم ئاستەنگانە و دانانی پلانێك کە بتوانێت ڕەوشی ناوخۆی ناوچەکە باشتر بکات. ئەو چارەسەرەی دەبێتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و دەستخستنى پەرەسەندن بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ. ئەمە لەکاتێکدایە گرنگی بەشداریپێکردنی زانکۆکان بەمەبەستى ئاڵوگۆرکردنى بیرۆکەکان لە نێوان داڕێژەرانى سیاسەت و بڕیاردەران و ئەکادیمیاکاران لە زانکۆکاندا، ئەمەش سەرباری جەختکردنەوە لەسەر گرنگی سوود وەرگرتن لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و شیکاریە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی یارمەتیدەرن لە تێگەشتن لە ڕەوشی ناوخۆ و دەستنیشانکردنی ئەولەویەتەکان بەو شێوەیەی لەگەڵ ئەجێندای پەرەپێداندا دەگونجێت.

سوندوس عەباس، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، دەڵێت "چاڵاککردنی ئەجێندای پەرەپێدان کاریگەریەکی ئەرێنی دەکاتە سەر ئەو خزمەتگوزاریانەى پێشکەشى هاوڵاتیان دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری بە تایبەتی لە موسەنادا کە بەدەست کەموکوڕیەکی گەورەوە دەنالێنێت لەبوارى خزمەتگوزاریەکاندا و ڕێژەی هەژاریش تیایدا بەرزە. بەڵام بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام پێویستی بە بەشداریپێکردی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت و داڕێژەرانى سیاسەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پلانداناندا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە و سوود وەرگرتن لەو وانانەى لە ئەزموونەکانى ڕابردووەوە وەرگیراون و ئەمانەش ئەو ئامانجانەن کە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان کاریان لەسەر دەکات."

نزیککردنەوەى پەیوەندی زانکۆکان و ناوەندەکانی ئەکادیمی و بڕیاردەران و بەڕێوەبەرایەتیەکانی پلاندانان لە یەکترى کارێکی زۆر گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لەسەر ئاستی پارێزگاکاندا، بە سوود وەرگرتن لەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەى کە زانکۆکان هەیانە. دەکرێت بڕیاردەران و دانەرانی سیاسەت لەڕێگەى لێکۆڵینەوە و زانیاریە پێویستەکانەوە بەمەبەستى داڕشتنى پلان و سیاسەت پشتیوانى بکرێن. بۆ ئەم مەبەستەش، دەستپێشخەریەکە هەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنەکان دەدات بۆ خێراکردنی بەناوخۆییکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەستنیشانکردنی ئەولەویەتەکانی پارێزگاکان و دامەزراندنی هاوبەشێتی ڕاستەقینە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەپێدان.