خوێندنی ئەلیکترۆنی لە عێراق: لەخۆگرتنی تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ زاڵبوون بەسەر پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا

2020 September 6

زانكۆی كەربەلا. وێنە : عەبدوڵڵا زیاء ئەلدین / بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2020.

شەش مانگ پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، عێراق هێشتا ڕۆژانە ژمارەی توشبووانی لەبەرزبونەوەدایە. ئەم پەتایە بووە هۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی لە مانگەکانی سەرەتادا و کاریگەریەکی گەورەی هەبوو بەسەر پرۆسەی خوێندنەوە لە زانکۆکانی عێراقدا. ئەم ئاستەنگە گەورەیە هەندێك دامەزراوەی خوێندنی ناچارکرد ئامرازی جێگرەوە بدۆزنەوە بۆ تەواوکردنی وەرزی خوێندن، لەنێویاندا زانکۆی کەربەلا.

لە سەرەتای ساڵی 2017 ەوە، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کاری بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی خوێندنی ئەلیکترۆنی کردووە لە زانکۆی کەربەلادا. لەبەر ئەمە،  زنجیرەیەك راهێنانی ئەنجامدا بۆ پەرەپێدان بە کارامەیی کارمەندانی جێبەجێکاری سیستەمەکە و سازکردنی کارمەندانی زانکۆ بە میتۆد و ئامرازی هەرە نوێی خوێندنی ئەلیکترۆنی لەگەڵ تەکنیکەکانی پەرەپێدان و دابینکردنی بابەتی خوێندنی ئەلیکترۆنی. لە بەرامبەردا، زانکۆی کەربەلا یەکەمین بەشی خوێندنی ئەلیکترۆنی کردەوە و پەرەیدا بە یەکەمین سەکۆی خوێندنی ئەلیکترۆنی.

پاش بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و قەدەغەى هاتوچۆ سەرتاسەریەکە لە عێراقدا، زانکۆی کەربەلا دەستیکرد بە بەرزکردنەوەی ئاستی سەکۆکەی بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو بابەتەکان و تاقیکردنەوەی سەر ئینتەرنێت لەخۆ بگرێت تا خوێندکاران بتوانن ساڵە ئەکادیمیەکەیان لە ماڵەوە تەواو بکەن.

ئەحمەد خالید، خوێندکار لە کۆلیژی زانستە گەشتیاریەکان لە زانکۆی کەربەلا، دەڵێت:" سەکۆی خوێندنە ئەلیکترۆنیەکە بووە هۆی ئەوەی من کات و ماندوبوون و پارەم بۆ بگەڕێتەوە و تواناداری کردم وفێرى تەکنیکى نوێى خوێندن بووم و ئەوەی زۆر گرنگە بووە هۆی ئەوەی سەرباری قەدەغەی هاتووچۆ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ساڵە ئەکادیمیەکەم تەواو بکەم."

هەروەها گوتیشی "بێ گومان ئەم شێوازە دووچاری ئاستەنگ بووەوە وەک هێڵی ئینتەرنێتی خاو. بەڵام بەهۆی سەکۆکەوە توانیم وانەکان چەندجارێك دووبارە بکەمەوە تا باشتر لێیان تێبگەم. ئەمە یارمەتیدەر بوو لە گێڕاندنەوەی کات بۆم لەماڵەوەدا بەهۆی کەرەنتینەوە. من دڵخۆشم توانیم ساڵی ئەکادیمیم تەواو بکەم و لەسەر ئینتەرنێت تاقیکردنەوەکانم ئەنجام بدەم بەبێ داپچڕاندن."

ئەحمەد خالد، وانە دەڵێتەوە لە بواری زانستی گەشتیاری لە زانكۆی كەربەلا، و باسی ئەوە دەكات كە چۆن سیستەمی فێركردنی ئەلیكترۆنی توانی یارمەتی بدات كە كاتەكەی بە شێوەكی باشتر تەرخان بكات لە كاتی مانەوە لە ماڵەوە. وێنە : عەبدوڵڵا زیاء ئەلدین / بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2020.

دکتۆر موەفەق کازم، ئەندامی فاکەڵتی لە زانکۆی کەربەلا، دەڵێت:"پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی زانکۆکان، ئێمە خەمی کاریگەری قەیرانەکە بووین لەسەر داهاتووی خوێندن لە عێراقدا. لەبەر ئەمە دەستمان کرد بە گەڕان بەدوای چارەسەردا و بڕیارماندا سەکۆ ئەلیکترۆنیەکەمان بەکاربێنین بۆ تەواوکردنی مەنهەج و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لە ماڵەوەوە. سەربەرزم توانیمان ئەم کارە ئەنجام بدەین."

هەروەها دکتۆر موەفەق جەختی کردە سەر گرنگی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا لەگەڵ ڕێگەکانی بەکارهێنانی بۆ پەرەپێدان بە دامەزراوەکانی خوێندن لە عێراقدا. گوتی:" لەڕێگەی خوێندنی ئەلیکترۆنییەوە، زانکۆی کەربەلا توانی بناغەیەك دابمەزرێنێت بۆ پلاندانان و دیزاینکردنی سیاسەتی خوێندن بۆ چوونەسەر ئەم شێوازی خوێندنە بە تەواوەتی چونکە ئەمە ڕێگەچارەیە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکانی خوێندنمان و گەشتنەوە بە وڵاتە پێشکەوتووەکان لەبواری زانیاریدا. "

دكتۆر موەفەق كازم، وانەبێژێكە لە زانكۆی كەربەلا، سیستەمی فێركردنی ئەلیكتڕۆنی نیشان دەكات كە لە ئێستادا لە پارێزگاكە كاری پێدەكرێت. وێنە : عەبدوڵڵا زیاء ئەلدین / بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2020.

سەکۆکە وانەکان لەخۆ دەگرێت و دەکرێت بە شێوەیەکی بەردەوام نوێ بکرێنەوە و بەشێکی تێدایە بۆ تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی کە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەرەیپێدراوە بۆ ئەوەی وابکات خوێندکاران لە ماڵەوەوە تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.

بیلال فەیسەڵ، یەکێك لە خوێندکارانی کۆلیژی زانستە گەشتیاریەکان لە زانکۆی کەربەلا کە لەماڵەوەوە تاقیکردنەوەکەی ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی سەکۆی زانکۆکە، وتی:"ئێمە پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد ئەم پەتایە بەم جۆرە کاریگەری بکاتە سەر پرۆسەی خوێندن و سەر توانامان بۆ تەواوکردنی ساڵی ئەکادیمی. بەڵام توانیمان تەواوی بکەین. ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانم لەسەر ئینتەرنێت بەسوودبوو و ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش و ئاسانتر بوو لە میتۆد و شێوازە باوەکە. سیستەمی خوێندنی عێراق پێویستە میتۆدی پێشکەوتووتر لەخۆ بگرێت وەکو خوێندنی ئەلیکترۆنی."

عەلی خەزعەل جەواد، وانەبێژیكە لە زانكۆی كەربەلا، سیستەمەی فێركردنی ئەلیكتڕۆنی نیشان دەكات بۆ بیلال فەیسەڵ، كە یەكێكە لە قوتابیانی زانكۆكە. وێنە : عەبدوڵڵا زیاء ئەلدین / بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2020.

عەلی خەزعەل جەواد، ئەندامی فاکەڵتی لە زانکۆکە، گوتی:"ئەم ئەزموونە یارمەتیدەر بوو لەوەی زانکۆی کەربەلا و کۆلیژەکانی بەرەو قۆناغی خوێندنی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو بڕۆن سەرباری دۆخە کتوپڕەکان کە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناەوە دروست بوون. من خەمی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی سەر ئینتەرنێتم بوو، بەڵام ڕاهێنانەکانمان لەسەر بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمەکە زۆر یارمەتیدەرم بوو. عێراق دووچاری چەندین هەڵومەرجی بێوێنە بۆتەوە پێشتر، بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە. کەواتە دەبێت میتۆدی نوێ لەخۆ بگرین بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە تەواوکردنی ساڵی ئەکادیمی."

سەکۆی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەشێکە لە پڕۆژەی پەرەپێدان و پشتیوانیکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن بەرنامەی بەهاوچەخكردنی کەرتی گشتی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی کەربەلادا، جێبەجێ کراوە. کۆلیژەکانی ئەندازیاری و زانستەکان هەلبژێردران وەکو نمونەی تاقیکاری بۆ پڕۆژەکە و دواتر 14 کۆلیژی تری لەخۆ گرت. ئەمە یارمەتیدەری زانکۆکە بوو لە پەرەپێدانی پلانێك بۆ لەخۆگرتنی سیستەمێکی یەکخراوی خوێندنی ئەلیکترۆنی و دەستنیشانکردنی خاڵە لاواز و بەهێزەکان لە ژێرخان و سەرچاوە مرۆییە بەردەستەکاندا.