نەخۆشخانەیەک، بە پشتیوانى سندوقى مەداد، 27 ستافى تەندروستى دادەمەزرێنێت بۆ ڕزگارکردنى ژیانى خەڵک

2020 October 25

ئاکام عومەرى: "بەم گوژمەیە، توانیمان هەنگاوێک بەرەوپێشەوە بچین بۆ دانانى ستانداردى هاوچەرخ و بەرزکردنەوەى تواناکانمان بۆ خزمەتکردنى باشترى نەخۆشەکانمان." دەزگای ڕوانگە\2020

نەخۆشخانەى CMC لە هەولێر، هەرێمى کوردستانى عێراق، و پاش وەرگرتنى پشتیوانى گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا کە سەر بە بەرنامەى  بەرەوپێشەوە یە، توانى 27 دکتۆر و پەرستار و کارمەندى تەندروستى دابمەزرێنێت بۆ ڕزگارکردنى ژیانى هاونیشتیمانیان بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسى کۆڤید-19.  ئەم پڕۆژەیە لەلایەن سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا بۆ بەدەمەوەچوونى قەیرانەکانى سوریا،  ,‘سندوقى مەداد ەوە کۆمەک دەکرێت و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە بە هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و دەزگاى ڕوانگە جێبەجێ دەکرێت.

ڕەیان سالار، یەکێکە لە تازە دامەزراوەکان، گوتى: "بەرپرسیارێتییەکەم لە نەخۆشخانەکەدا بریتییە لە بەڕێوەبردن و ژمێریارى دەرمانخانەى بەشى فریاگوزارى. بەرلەوەى لەلایەن نەخۆشخانەى CMCەوە دابمەزرێم، ماوەیەک بوو بێکار بوون. لەئێستادا زۆر دڵخۆشم کە خزمەت بە نەخۆش دەکەم و کارێکم هەیە سوود بە خەڵکەکەم و کۆمەڵگاکەم دەگەیەنیت."

لەسەروبەندى ئەم قەیرانە تەندروستییە جیهانیەدا، پشتیوانیکردنى ئەم نەخۆشخانەیە یارمەتى نەخۆشەکان و کەرتى تەندروستى داوە و لەهەمان کاتدا دەرفەتى کار و داهاتى بۆ لاوان و ئافرەتان ڕەخساندووە.

"دەستکەوتنى ئەم کارە زۆر گرینگ بوو بۆم چونکە هیچ سەرچاوەیەکى داهاتم نەبوو و ماوەیەکى زۆر بوو بێکار بووم و ئەمەش فشارێکى زۆرى لەسەرم دروست کردبوو،" ئەمە گوتەى عەلى کەریم بوو کە لە ئێستادا کارگوزارى نەخۆشخانەیە.

ڕۆشنا یوسف، کە بۆ بەشى چاودێرى نەخۆش دامەزراوە، گوتى: "خەڵکێکى زۆر بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆڤید-١٩ ەوە کارەکانیان لەدەستدا، بەڵام ئێمە لەکارکردن بەردەوام بووین و خزمەتى نەخۆشمان کردووە. ئەم کارە سەرچاوەى داهاتێکە بۆ خانەوادەکەم." و هەروەها لە باسکردنى سروشتى کارەکەیەوە گوتى: "کاتێک هەر نەخۆشێک کێشەیەکى دێتە بەردەم، پەیوەندى بە بەشەکەى ئێمەوە دەکات بۆئەوەى بەکارى پێویست هەڵبستین."

لەبەرامبەردا، ئاکام عومەرى کارمەندى بەشى سەرچاوە مرۆییەکان گوتى: "ئەمە دەرفەتێکى زۆر باش بوو بۆ ئێمە. چەندین بیرۆکەمان هەبوو بۆ فراوانکردنى بوارى خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانەکەدا بەڵام، نەدەتوانرا تێچووەکەى دابین بکرێت. بەم گوژمەیە، توانیمان هەنگاوێک بەرەوپێشەوە بچین بۆ دانانى ستانداردى هاوچەرخ و بەرزکردنەوەى تواناکانمان بۆ خزمەتکردنى باشترى نەخۆشەکانمان."

ئەم چیرۆکەى نەخۆشخانەى CMC وەک بەشێک لە کەمپینى هۆشیارى  باکۆرۆنا ببەزێنین لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەى هەبوو. کەمپینەکە لەچوارچێوەى هەردوو بەرنامەى بەرەوپێشەوە و بەرنامەى کۆمەکى یەکێتى ئەوروپا بۆ  پشتیوانیکردى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە ئەنجام درا.

گوژمەى بەخشینى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەریمى کوردستانى عێراقدا لەکۆتایى ساڵى 2019 دا ڕاگەیەنرا. تاکو تەموزى 2020،  56 دامەزراوەى کەرتى تایبەت پشتیوانى کران و توانییان 661 کەس لە شارى هەولێر و دهۆک و سلێمانى و هەڵەبجە دابمەزرێنن. تازە دامەزراوەکان پێکهاتبوون لە 92 پەنابەرى سورى و 472 ئەندامى کۆمەڵگاى لەخۆگر و 97 ئاوارەى نێوخۆیى، کە لە نێو ئەوانەدا 221 ئافرەت هەبوون.

بۆ زانیارى زیاتر، سەردانى ماڵپەڕى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراق بکە: https://www.headwayjobs.com , و پەڕاوى زانیاریەکانى بەرنامەى بەرەوپێشەوە بکە لە : https://bit.ly/3dXZ8HL