وێنە کێشان بۆ ئاشتی لە عێراقدا

2020 October 14

لە ماوەی هەڵمەتێکی 11 ڕۆژیدا كە لە مانگی ئەیلولدا ئەنجامدرا، گروپی گەنجانی  دیالە بۆ ئاشتى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، وێنەیەکی 100 مەترییان کێشا بۆ دەربڕینی ئاشتی و ئازادی لە سەنتەری پارێزگای دیالە. ئەو کارە هونەریەی ئێستا دیواری دەرەوەی قوتابخانەی ئامادەیی ئەلحورییەی ڕازاندۆتەوە لە سەنتەری بەعقوبەدا بریتیە لە دەستپێشخەرییەك لەلایەن گەنجانی  ناوچەکەوە بۆ برەودان بە پێکەوە ژیان و ئاشتی لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگادا. زیاتر لە 20 گەنج بەشدارییان لە دیزاینکردن و وێنە کێشانەکەدا کرد ، بە خۆبەخشان و نوێنەرانی قوتابخانەکەشەوە.

لەکاتی وێنەکیشانەکەدا، بەرپرسانی ناوچەکە سەردانی گەنجەكانیان کرد و دەستخۆشییان لێکردن بۆ جوانکردنی شارەکەیان. دەسەڵاتدارانیش دەستپێشخەری خۆیان ئەنجامدا بە ناردنی تانکەری ئاو بۆ شوشتنەوەی ناوچەکە پاش تەواوبوونی کارەکە ودابینکرنی چیمەنتۆ بۆ چاککردنەوەى شۆستەکانی نزیک کارە هونەرییەکە.

ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوخۆ کە بەرپرس بوو لە ئاسایشی ناوچەکە گوتی "من زۆر دڵخۆشم دەبینم گەنجان حەزیان بە ڕازاندنەوەى شارەکەیان هەیە و کات تەرخان دەکەن بۆ خۆبەخشیکردن لە کۆمەڵگاکەیاندا."

کاردانەوەی کۆمەڵگا چی بوو کاتێك خەریکی کێشانی وێنەکە بوون؟

کاردانەوەکە زۆر نایاب بوو. لە تەواوی کاتی چالاکیەکەدا تیمەکە چەندان پەیام و هاندانیان بۆ نێردراوە لە فەیسبووكدا و زۆر کەس سەردانیان دەکردن و قسەیان لەگەڵ دەکردن بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆیان. هەندێکیان تەنانەت ئامادەییان نیشاندا لەگەڵ تیمەکەدا کار بکەن. کاردانەوەکان زۆر ئەرێنی بوون بە جۆرێك حەز دەکەین ئەم چاڵاکیە لە ناوچەیەکی تریش ئەنجام بدەین.

بە ڕای ئێوە چۆن ئەم وێنەیە کاریگەری دەکاتە سەر کۆمەڵگا؟

ئەم وێنەیە بەهۆی ئەوەی لەناوجەرگەی شاری دیالەدایە پەیامی بەهێز دەنێرێت دەربارەی ئەوەی گەنجان دەتوانن چی ئەنجام بدەن. ئەمە هەنگاوێکە بۆ گۆڕینی ڕووکاری شارەکە. لەماوەی 11 ڕۆژی کارکردنەکەدا، چەندان زەردەخەنەمان دیوە لەو کەسانەی بەلای کارەکەدا تێپەڕیون.

خوازیاریت کۆمەڵگەی دیالە چاوەڕێی چی بکەن لە داهاتوودا؟

خوازیارین کۆمەڵگا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی چالاکی هاوشێوە و هاندەری جوانکردن و پاککردنەوەی شارەکە بن. هەروەها هیوادارین هاوبەشیی بەهێز لە نێوان گەنجان و حکومەتی خۆجێیى لە دیالەدا ببوژێتەوە و ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی. دەمانەوێت کۆمەڵگای دیالە یەکگرتوو بێت.

بەشێك لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی ئاشتەوایی سەر بە بەرنامەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی جەخت دەخاتە سەر بەهێزکردنی گەنجان و پتەوکردنی پێگەکەیان لە کۆمەڵگادا لەڕێی بنیادنانی متمانەیانەوە بۆ هاندانی بەشداربوونێکی باشتر لەگەڵ کۆمەڵگا و دەسەڵاتە نێوخۆییەکاندا. لەڕێی پشتیوانی حکومەتی دانیمارکەوە، گروپی گەنجان لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە و نەینەوا چەندان دەستپێشخەرییان ئەنجامداوە بۆ باشترکردنی کۆمەڵگاکەیان لەمساڵدا.

دواتر، گروپی گەنجانی  دیالە پرۆژەیەک ئەنجام دەدەن لە سێ قوتابخانەدا لە پارێزگاکەدا کە کاری باشترکردنی ژێرخان و وێنە کێشان و دابینکردنی کەلوپەلی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێندکاران و مامۆستایان لە خۆ دەگرێت.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بەرنامەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، تکایە سەردانی ئەم لینكە بکەن.