ڕێکخستنی بەدەمەوەچوونى دۆخە لەناکاوەکان: هێلەكانی پێشەوە چۆن لە بەردەم ڤایرۆسی کۆرۆنادا وەستاونەتەوە

2020 November 17

بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، کەواتە داهێنانی ڕیگەی نوێ بۆ هاندانی بەمەبەستى دوورەپەرێزى جەستەیى لەنێو کەسەکاندا زۆر گرنگە. هەروەها لەبەر ئەوەی ژێرخانی پەیوەندیەکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێك بەستنەوەی کەسەکان بەیەکەوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانەوە، ئەوا بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کاری بۆ بەکارهێنانیان کردووە لە بەهێزکردنی توانای حکومەتی عێراق بۆ بەرنگاربوونەوەی دۆخە کتوپڕیەکان، بە تایبەتی دامەزراوە تەندروستیەکان کە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا بەدرێژایى ئەم ساڵ لە هەوڵ و كۆششی بەردەوامدابوون.

بەرنامەی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگە و وزەى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئامڕازى پەیوەندی بێ تەلیان لەسەر بینای ئەنجومەنی پارێزگای بەغداو  بینای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کەرخ دامەزراندووە ، وەکو بەشێك لە پلانێك بۆ ڕێکخستنی بەدەمەوەهاتنى حکومەتی عێراق بۆ دۆخە لەناکاوەکان لە ئەگەری ڕووخانی بەنداوی موسڵدا. هەروەها پلانەکە بە شێوەیەك داڕێژراوە کە تواناى دانانی ئامڕازی هاوشێوەى لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوادا هەبێت کە زۆرترین زیانیان بەر دەکەوێت لە ئەگەری ڕووخانی بەنداوەکەدا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا ئەم ئامڕازانە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ڕێکخستنی بەدەمەوەچوونى لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پەتاکەوە بەکارهێنراون.

ئەمانەی لای خوارەوە هەندێكن لە وەڵامەکانی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرخ، دکتۆر جاسب لەتیف:

چۆن ئامڕازە بێ تەلەکانتان بەکارهێناوە کە لەسەر بینای بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دانراون ؟

لەگەڵ دانانی ئەم ئامڕازی پەیوەندیە بێ تەلانەدا توانیمان پەیوەندی ببەستین لەگەڵ نەخۆشخانەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەبێ کۆبونەوە نەریتیە ڕووبەڕووەکان کە نەماتوانیبوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و سیاسەتی دوورەپەرێزى کۆمەڵایەتییەوە ئەنجامى بدەین. هەروەها بەهۆی ئەم ئامێرانەوە توانیمان بەدەمەوەچوونەکانمان بە شێوەیەکی خێراتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ڕێك بخەین و ئەمەش بووە هۆی زاڵبوونمان بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا بە تایبەتی لە بەغدای پایتەخت.

چۆن توانیتان مامەلە لەگەڵ ئەم پەتایەدا بکەن و چارەسەر بۆ ئەو ئاستەنگیانە بدۆزنەوە کە دێنە بەردەم کەرتی تەندروستی لە عێراقدا؟

ئەمە یەکەم جارە مامەڵە لەگەڵ پەتایەکی مەترسیداری لەم جۆرە بکەین کە  لە ماوەیەکی کورتدا بە هەموو جیهاندا بڵاوبوبێتەوە بە عێراقیشەوە. ئەم ڤایرۆسە جیهانی توشی سەرسوڕمان کردووە بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسێکی نوێیە و لەگەڵ ئەو نەخۆشیانەى پێشتر مامەڵەمان لەگەڵدا کردوون زۆر جیاوازە. بەڵام بەهۆی ئەو ئامێرانەوە کە پێمان دراون توانیمان ڕووبەڕووی کێشەکانی ڕێکخستنی بەدەنگەوەچوونەکانمان ببین بۆ ڤایرۆسەکە و بتوانین هەوڵەکانمان لەگەڵ هەموو کارمەندە تەندروستیەکاندا ڕێک بخەین و پێویستیەکانی سەنتەرەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان لە کاتی خۆیدا دابین بکەین.

ئایا ئەو ئامێرانەی بۆتان دابین کراوە وای کرد بتوانن کۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەن؟

ئەگەر بەدەنگەوەچوونەکانمان لەگەڵ یەکتردا ڕێك نەخستایە دۆخەکە زۆر خراپتر دەبوو و نەمان دەتوانی کۆنترۆڵی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بکەین. لە سەرەتادا نەخۆشخانەکانمان ئامادەی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە نەبوون و  زۆر پێویستمان بە دەرمان بوو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و دابین کردنی قەرەوێڵەی زیاتر بۆ قاوشەکانی نەخۆش و گرنگیدان پێیان. لێرەدا ڕۆڵی پشتیوانەکانمان دەرکەوت وەکو بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کە ئامێری پەیوەندی کردنی ئەلیکترۆنی و کەلوپەل و ئامرازی پزیشکیی تریان بۆ دابین کردین کە زۆر پێویستمان بوو، وەکو ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. یەکخستنی هەوڵی هەموو لایەک بووە هۆی ئەوەی عێراق کۆنترۆڵی بلاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بکات و ڕێژەی مردنی نەخۆشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

هاوڵاتیان چۆن سوود لەم ئامێرانە وەردەگرن؟

ئەم ئامێرانە زۆر یارمەتیدەر بوون لە پاراستنی هاوڵاتیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە داهاتوودا یارمەتیدەر دەبن لە ڕووبەڕووبونەوەی هەر دۆخێکی کتوپڕ لەکاتی ڕوودانیدا. ڕێکخستنی بەدەمەوەچوون لە نێوان کارمەندانی تەندروستیدا تەنها بایەخدان بە نەخۆش نیە، بەڵکو بلاوکردنەوەی هوشیاریش لەنێو هاوڵاتیاندا لە پایتەختدا لە خۆ دەگرێت بۆ پاراستنیان لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە.

دۆخەکان چۆن دەبوون ئەگەر ئەم ئامێرانە بەردەست نەبوونایە بۆ ڕێکخستنی بەدەمەوەهاتنى پەتاکە؟

هەرچەندە ژمارەی توشبووان بەرزە، توانیمان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین بەراورد بە وڵاتانی تر و لەهەمان کاتدا ڕێژەی مردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە.  دەکرێت بڵێین دۆخی کەرتی تەندروستی زۆر خراپ دەبوو. هەوڵماندا تەندروستی کارمەندەکانی پزیشکی لە کاتی کارکردنیاندا بپارێزین.  ئەمە زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنمان لە کارەکەمان و کۆنترۆلکردنی پەتاکە، بەتایبەتی لە بەغدای پایتەختدا کە دانیشتوانێکی چڕی هەیە.

لە ئێستادا شێوەی كاركردن لە بواری تەندروستیدا چۆن دەبینیت لەسەروبەندى ڤایرۆسى کۆرۆنادا لە عێراق؟

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو نەخۆشیانەدا کە چارەسەریان نییە کارێکی سەختە. ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی توشی سەرسوڕمان کرد بەهۆی سروشتە نامۆکە و خێرایی بڵاوبوونەوەکەیەوە. لای هەموان ئاشکرایە کەرتی تەندروستی لە عێراقدا دووچاری ئاستەنگ و سەختی زۆر بووەتەوە، بەڵام هەوڵ دەدەین بەسەریاندا زاڵ بین بۆ بەردەوامبوونی کارەکانمان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست بۆ هاوڵاتیانمان. ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی زیادکردنی ئاستەنگی تر بۆ کاری کەرتی تەندروستی بەڵام توانامان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.

ئەو بڕیارە گرنگە کۆمەڵگاییانە چین کە دەکرێت لە داهاتوودا بدرێن بەسوود وەرگرتن لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە؟

لە ئێستادا، لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی کتوپڕیدا و پاش ئەوەی ئەزموون و کارامەییە پێویستەکان فێربووین لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو ئامێرانەی یارمەتیدەرمان دەبن لە بەدەنگەوەچوونەکەماندا، دەتوانین بە شێوەیەکی خێراتر بەدەنگەوەچوونمان هەبێت. بە هۆی ئەو پشتیوانیەی بۆمان دابین کراوە، ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر دۆخێکی کتوپڕ لە عێراقدا و ئامادەین لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوواندا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکەش ببینەوە.

دەربارەی پڕۆژەی بەرنامەى گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و ژینگە و وزەى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق:

ئەم پڕۆژەیە کار بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق دەکات لە ڕووبەڕووبونەوەی دۆخە لەناکاوەکاندا. ئەم پڕۆژەیە ئامراز و ئامێری پێویستى بۆ پارێزگاى بەغدا و سەلاحەدین و نەینەوا دابین کردووە بۆ زامنکردنی ڕێکخستنی بەدەنگەوەچوونەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری ڕوودانی هەر دۆخێکی کتوپڕدا بەهۆی ئەو پشتیوانیە تۆکمەیەى لەلایەن دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیەوە دابین کراوە کە یارمەتیدەر بووە لە ڕێکخستنی بەدەنگەوەچوونی عێراق بۆ پەتای کۆرۆنا و ڕووبەڕووبەنەوەی. ئامێری هاوشێوەش لە ناوچەکانی تری ئەم سێ پارێزگایەدا دادەنرێن بۆ دەستەبەرکردنى ئەوپەڕی ئامادەباشی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدەمەوەچوونى دۆخە کتوپڕەکان لە عێراقدا.