سارا زەنونە "هەرگیز کۆڵ نادەم"

2020 November 30

گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراق یارمەتى سارا زەنون ى داوە، کە ئافرەتێکى ئاوارەى نێوخۆیى عێراقییە و لە شارى سلێمانی دەژى، بۆئەوەى کارى دەست بکەوێت و بارى گوزەرانى بەرەو باشتر بڕوات. وێنە: دەزگاى ڕوانگە/

لە شارى موسڵ، لەپارێزگاى نەینەواى باکورى عێراق لەدایک بووم و گەورە بووم، دەرچووى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى موسڵم لە ساڵى 2011 دا. بەهۆى جەنگى دژى داعش، خۆم و خانەوادەکەم لە ساڵى 2016 دا هاتین بۆ سلێمانى، هەر وەک موسڵاویەکانى تر کە ناچار بوون لەشارەکەیان هەڵبێن.

من و هاوسەرەکەم خاوەنى کوڕێکى 12 ساڵان و کچێکى 9 ساڵانین. لە خانویەکى کرێدا دەژین. بەپێچەوانەى پیاوانەوە، ئافرەتان بەرپرسیارێتییەکى زۆرتریان بەسەرەوەیە. زۆربەمان بەڕۆژ کار دەکەین و لەهەمان کاتدا ماڵ بەڕێوە دەبەین و خزمەتى خانەوادەکانمان دەکەین.

ماوەى چەند ساڵێک بوو پاش تەواوکردنى پەیمانگا بێ کار بووم، بەڵام بەبەردەوام داواکاریم بۆ کار پێشکەش دەکرد. خۆشبەختانە، لە 1 ى ئادارى 2020 دا، لەلایەن کافتریا و خواردنى خێراى پیزا پڵەسەوە پەیوەندیم پێوە کرا. زۆر دڵخۆش بووم کە داواکاریەکەمیان قبوڵ کردبوو. لەئێستادا لە خواردنگەکە وەک کارمەندى پێشوازى کاردەکەم و موچەیەکى مانگانەى جێگیرم هەیە.

بەر لەمە، هیچ سەرچاوەیەکى داهاتى جێگیرمان نەبوو، هەر لەبەر ئەمەش بوو خوشکەکەم لە ڕووى داراییەوە هاوکارى دەکردین. بەڵام بەم کارە، دەتوانین خەرجى ماڵ و قوتابخانەى منداڵەکان دابین بکەین.

لەلایەکى ترەوە، سەرەڕاى ئەوەى ئاسان نییە بۆ ئافرەتێک کارێکى لەو جۆرە بکات لە کۆمەڵگاکەماندا، من تەنها کارمەندى ئافرەتم لە خواردنگەکەدا. سەرەڕاى ئەوەش، نامەوێت کۆڵ بدەم و بەپێچەوانەوە هەوڵى گۆڕینى ئەو بۆچوونە دەدەم.

بە چەندین گۆڕانکاریدا تێپەڕیوم لە ژیانمدا. بۆ ماوەیەکى زۆر هەستم بە بێهیوابوون دەکرد بەرامبەر بە هەموو شتێک. دەمتوانى بە ئاسانى لە ڕاستییەکان هەڵبێم، بەڵام لەبرى ئەوە بڕیارمدا خۆم بگنجێنم و بەرەنگارى گشت بەربەستەکان ببمەوە. بڕوام وابوو کە هەرچەندە دۆخەکە ئەستەمتر بێت بەهێزترم دەکات. هەربۆیە دەبیت ئەرێنى بم بۆئەوەى بەردەوام بم.

لەکۆتاییدا دەبێت ئەوە بزانین کە ژیان ئەوەمان فێر دەکات کە ناتوانین بەئاسانى و بە بێ کۆشش کردن ئەوەى دەمانەوێت بەدەستى بهێنین. ئەوە کاتە سەختەکانن کە وانەى مزنمان لەبارەى ژیانەوە فێر دەکەن و زۆر سوپاسگوزارى ئەمەم.

***

ئەوەى سەرەوە سەرگوزەشتەى سارا زەنونە، کە ئافرەتێکى ئاوارەی نێوخۆی عێراقە و لە نێو ئەو 11 لاوە بێکارەبوو کە کافێ و خواردنگەى پیزا پڵەس توانى، پاش بەدەستگەیشتنى گوژمەیەک لە لایەن  گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقەوە ، بیانخاتە سەر کار. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن ئەکێتى ئەوروپاوە لە ڕێگەى سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا "مەداد"ەوەکۆمەک دەکرێت ئەویش لە چوارچێوەى  بەرنامەى بەرەوپێشەوە و لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە، بە هاوبەشى لەگەڵ پارێزگاى هەولێر و دەزگاى ڕوانگە، جێبەجێى دەکرێت.

گوژمەى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا، کە لە کۆتایى ساڵى 2019 دا ڕاگەیەنرا، پشتیوانى 56 کۆمپانیاى کردووە بۆ دامەزراندنى 685 کەس (بۆ ماوەى 6-8 مانگ بۆ هەر یەکەیان) لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا. دامەزراوەکان بریتین لە 100 پەنابەرى سورى و 488 ئەندامى کۆمەڵگاى لەخۆگر و 97 ئاوارەى نێوخۆیى کە 277 لەوانە ئافرەتن.

بۆ زانیارى زیاتر، سەردانى ماڵپەڕى ڕەخساندنى هەلى کار لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا بکە: https://www.headwayjobs.com, و پەڕەى زانیاریەکانى بەرنامەى بەرەوپێشەوە دابەزێنە: https://bit.ly/3dXZ8HL.