توانادارکردنى ئافرەتانى عێراق: ڕەخساندنى هەلى کار لەسەروبەندى ڤایرۆسى کۆرۆنادا

2020 December 8

ئافرەتانی بەشداربوو لە بەرنامەی پارە بەرامبەر بە کار لەكاتی ئامادەبوونیان لە چاڵاكی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزیی لە قەزاری ئەلگەرمە لە ئەنبار.

"پاش مردنى هاوژینەکەم لەدەستکەوتنى پارەى پێویست بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى خانەوادەکەم بێ هیوا ببووم." ئەم کارە دووبارە هیواى بۆ گەڕاندمەوە. ئەمە گوتەى نەجییە جەواد عەبدى 48 ساڵانە کە بەشدارى لە بەرنامەى پارە بەرامبەر بە کارکردندا کردووە لە قەزاى ئەلگەڕمە سەر بە پارێزگاى ئەنبار.

نەجییە، ئافرەتى ماڵەوەیە و دایکى دوو کوڕە کە بە هۆى تەواونەکردنى قۆناغى سەرەتاییەوە لە بەر هەژارى بێکارن، پاش لەدەستدانى هاوسەرەکەى ناچار بووە لە بوارى کشتوکاڵدا کار بکات، بەڵام نەیتوانیوە لەم کارە ئەستەمەدا بەردەوام بێت، لەبرى ئەوە کارى ئامادەکردن و فرۆشتنى خواردنى خۆماڵى کردووە. نەجییە دەڵێت: "ناتوانم  هەمیشەگشت ئەو خواردنە بفرۆشم کە ئامادەم کردووە و بە شێوەیەکى جێگیر کار ناکەم و ڤایرۆسى کۆرۆناش ئاستەنگى ترى بۆ کارەکەم دروست کرد و کڕیارم نەماوە. پێویستم بە پارەیە بۆ بەخێوکردنى خانەوادەکەم و کرێى ئەو خانووەى تیایدا دەژین. خۆشبەختانە بەشداریکردن لە بەرنامەى پارە بەرامبەر بە کار هاوکارى کردم پارەى پێویستم دەست بکەوێت. “

نەجییە جەواد ، تەمەن 48 ساڵ، كە یەكێكە لە بەشدابووانی بەرنامەی پارە بەرامبەر بە کار لە پارێزگای ئەنبار.

نەجییە لە میانی مانگی تشرينى یەكەمدا 2020 بەشداريكرد لە بەرنامەى پارە بەرامبەر بە کارى کرد کە بریتیبوو لە هەڵگرتنەوەى خاشاکى نێو ئەو قوتابخانە و باڵەخانە خزمەتگوزاریانەى ڕێکخراوى داعش وێرانى کردبوون، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەیان. ئەویش وەک ئافرەتەکانى تر، ناچار بوو لەژێر ئەو فشارەدا کار بکات کە ڤایرۆسى کۆرۆنا دروستى کردبوو لەسەر کار.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەولایەنە میرییانەى سەرپەرشتى جێبەجێکردنى کارەکان دەکەن، سوورە لەسەر جێبەجێکردنى یاساکانى دوورکەوتنەوەى کۆمەڵایەتى و ڕێکارەکانى خۆپارێزى لەشوێنى کاردا بۆ ڕێگریکردن لە توشبوونى کارمەندان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.

سەحەر محمد، تەمەن 40 ساڵ، كە یەكێكە لە بەشدابووانی بەرنامەی پارە بەرامبەر بە کار كە لەپارێزگای ئەنبار

نەجییە بەم شێوەیە باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت: “کارەکە ئەستەمە و بە بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا ئەوەندەى تر ئەستەم بووە. زۆربەى کات بەهۆى بەستنى دەمامکەوە بەبەردەوامى لەکاتى هەڵگرتنەوەى پاشماوەکان و پاککردنەوەى باڵەخانەکان هەست بە شەکەتى دەکەم، بەڵام بینینى خانەوادەکەم بە دڵخۆشى بەهۆى بەردەستبوونى پارەوە وام لێ دەکات بەردەوام بم، هەر بۆیە بەبێ وچان کار دەکەم.”

سەحەر محمد، تەمەنى 40 ساڵە و لە قەزاى ئەلگەڕمە دەژیت، پاش ئەوەى هاوژینەکەى وازی لێ دەهێنێت، لەگەڵ خانەوادەى خوشکەکەیدا دەژی و بەڕێزیان یەکێکن لە بەشداربووانى بەرنامەى پارە بەرامبەر کار، دەڵێت: “پیاوان بە ئەستەم کاریان دەست دەکەوێت لێرە، و دەرفەتەکان بۆ ئێمەى ئافرەت نزیکە لە سفرەوە، و دۆخەکە پاش بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسى کۆرۆنا خراپتر بووە. هەر بۆیە بڕوام نەدەکرد کاتێک بیستم بەرنامەیەکى لەم شێوەیە هەیە و زۆر دڵخۆشم کە بەشدارم تیایدا بۆئەوەى بتوانم هاریکارى خوشکەکەم بکەم لە بەخێوکردنى خانەوادەکەیدا لەم دۆخە دژوارەدا. ”

سەحەر لەگەڵ خوشکەکەى و سێ منداڵەکەیدا لە خانویەکى قوڕدا دەژى و خوشکەکەشى، پاش ئەوەى هاوژینەکەى لە کاتى داگیرکاى داعشدا بۆسەر شارەکە زامدار بووە و تواناى کارکردنى نەماوە، هیچ داهاتێکى نییە. هەر بۆیە سەحەر دەیەوێت بۆ بەخێوکردنى خانەوادەى خوشکەکەى و چارەسەرەکانى دایکى پارە پەیدا بکات.

هەروەها گوتى: “ئەم کارە، سەرەڕاى ئەوەى کاتییە، لەبرسێتى ڕزگارى کردین و هیوادارم بەردەوام بێت بۆئەوەى بتوانین پارەیەکى زیارت پەیدا بکەم.”

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەڵدەستێت بە ڕەخساندنى هەلى کارى کورتخایەن لە بۆ ئەوەى بەرنامەى پارە بەرامبەر بە کار، کە لەو ناوچانەدا جێبەجێ دەکریت کە لە دەستى داعش ڕزگار کراون، بخاتە نێو پڕۆژەى گێڕانەوەى سەقامگیرى، کە تاکو ئێستا هەلى کارى بۆ 30,000 هەزار  كەس كە لەنێویان 5,300 ئافرەت دابین کردووە، ئەمەش بەمەبەستى پشتیوانیکردنى ئەم چینانەیە بۆ دەستکەوتنى سەرچاوەیەکى بژێوى ژیان و هاریکاریکردن لە دووبارە بنیاتنانەوەى ناوچە ڕزگارکراوەکانیان.