دەنگى توانادارکردنى ئافرەتان: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و ئافرەتانى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابەرایەتى وۆرکشۆپێکیان کرد لەبارەى سیاسەتەکانى توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسییەوە لە عێراقدا

2020 December 21

بەگوێرەى تۆمارەکان، زۆرینەى ئەوکەسانەى لەکاتى جەنگدا بەدەست توندوتیژییەوە دەناڵێنن ئافرەتانن. لە 10 ى کانونى یەکەمدا، بەرنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ئافرەتانى نەتەوە یەکگرتوەکان وۆرکشۆپێکیان لە بەغدا بەڕێوە برد بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتە نیشتیمانییەکانى تایبەت بە توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسى لە کاتى جەنگدا. لە نێو ئامادەبوواندا نوێنەرانى حکومەتى عێراق و دامەزراوەکانى حکومەتى خۆجێیى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و دامەزراوە ئەکادیمییەکان هەبوون.

زۆرینەى ڕەهاى بەشداربووان ئافرەت بوون و گفتوگۆ بەپێژ و بە جۆشەکە جەختى خستە سەر ئەوەى ئاخۆ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و ڕێکخراوە حکومییەکان لە عێراقدا چۆن دەتوانن بەشێوەیەکى واتادارتر دەستپێشخەرى لە پشتیوانیکردنى ئەو ئافرەتانە بکەن کە ئەزمونیان لەگەڵ توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسى عەیە لە عێراقدا، کە گەلەکەى گیرۆدەى زامى چەندان ساڵى جەنگە و بەرەو چاکبوونەوە دەڕوات.

بەشداریکردن لە لایەن ئەو ئافرەتە سەرکردانەى نوێنەرایەتى چەندین بواریان دەکرد هاریکار بوو لە هەڵسەنگاندنى دۆخى هەنووکەیی لە عێراقدا لە بوارەکانى یاسا و سیاسەتەکانى پاراستن لە توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسى و مافی ڕزگاربووان و یەکسانى ڕەگەزى بۆ دڵنیابوون لە هاوتەریب بوونیان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و جیاکارییان تیادا نییە. نوێنەرانى حکومى هەستان بە تاوتوێکردنى چۆنیەتى کارکردنى بەڕێوەبەرایەتى توانادارکردنى ئافرەتان لە چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى پەیوەندییان بە توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسییەوە هەیە.

وێنە: بەشداربووانى وۆرکشۆپەکە بەشدارى گفتوگۆیەک دەکەن.

فاتیمە ئەل بەهادلى، دامەزرێنەرى کۆمەڵەى فیردەوسى عێراقى، گوتى: “ئەو ئاستەنگانەى ڕووبەڕووى ئافرەتان دەبنەوە لە عێراقدا بریتین لە دابونەریت و ئەو ڕاستییەى کە ژینگەى عێراق هاریکار نییە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسییەوە. هیچ داتا و ئامارێک بەردەست نییە بۆئەوەى بتوانین ئەو پلان و بەرنامانە دابڕێژین کە ڕێگە لە توندوتیژى دەگرن و لەهەمان کاتدا کەموکوڕى لە هەماهەنگى و پلان داناندا هەیە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا. لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم کە کەمى خەمخۆرى و جێبەجێکردنى ئەو یاسایانەى پەیوەندییان بە توندوتیژییەوە هەیە کێشەیەکى ترە.”

وێنە:بەشداربوویەک ئەنجامى گفتوگۆیەکى بەکۆمەڵ دەخاتەڕوو

دکتۆرە یوسرا کەریم موحسین، بەڕێوەبەرى گشتى بەڕوەبەرایەتى توانادارکردنى ئافرەتان لە سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران، گوتى:“ لێژنەى پێکەوەژیان و ئاشتى کۆمەڵایەتى داواى پێداچوونەوەى بە دۆخى ئافرەتان کرد لە عێراقدا لە ڕووى توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسییەوە لە کاتى جەنگدا چونکە پێشتر لێکۆڵینەوەى لەو جۆرە ئەنجام نەدراوە. حکومەتى عێراق کار لەسەر پێداچوونەوە بە ستراتیژیەتى توندەتیژى ڕەگەزى دەکات و ئەم لێکۆڵینەوەیەش یارمەتیدەرى دەبێت. هەروەها، دامەزراندنى داهاتووى ئەنجومەنى باڵاى ئافرەتان وا لە ئافرەتان دەکات لە عێراقدا کە بتوانن ڕۆڵێکى گرینگتر لە کۆمەڵگدا بگێڕن.”

وێنە: دکتۆرە یوسرا کەریم موحسین، بەڕێوەبەرى گشتى بەڕوەبەرایەتى توانادارکردنى ئافرەتان لە سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران

هەروەها ئەو بابەتە گرینگانەى تر کە تیشکیان خرایە سەر ئەو کێشانەیان لەخۆ گرتبوو کە لە ئێستادا ڕووبەڕووى ئافرەتان دەبنەوە لە عێراقدا و ئەو فاکتەرانەشى تیادا باسکران کە دەکرێت هاریکاربن لە زەمینەسازییەکى باشتر بۆ پشتبوانیکردنى ئەو ئافرەتانەى کە پێشتر و یاخود لە ئێستادا ڕووبەڕووى توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسى بوونەتەوە. ڕێگە و میکانیزمەکانى توانادارکردنى ئافرەتان بابەتى گفتوگۆبوون و لە وۆرکشۆپەکەدا ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى هاندانى ئافرەتان کردەوە بۆئەوەى بێنە پێشەوە و ڕۆڵى سەرکردایەت ببینن لە کۆمەڵگاى عێراقیدا.  

ئیمان عەبدوالڕەحمان، بەڕێوەبەرى پەیمانگاى سەرکردایەتى ئافەرتان، گەتى: “پەیامى من بۆ ئافرەتانى عێراق بۆ ئەوەیە کە کار بۆ بەسەرکردەبوون بکەن. ئەمە تەنها بوارى سیاسەت ناگرێتەوە، بەڵکو ئاماژەکەم هەریەکە لە بوارەکانى سەرکردایەتى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و ڕۆڵەکانى سەرکردایەتى لە کۆمەڵگا و خێزاندا دەگرێتەوە.

دوایین هەڵسەنگاندنى سیاسەتە نیشتیمانییەکانى توندوتیژى ڕەگەزى و سێکسى لە عێراقدا لە چارەکى یەکەمى ساڵى 2021دا بڵاو دەکرێتەوە و ئەمەش بە هاوکارى ئەو کۆمەکە دەستکراوەیەى حکومەتى دانیمارک سەرکەوتوو بوو.

وێنە:عقود حسین سەلمان، شارەزاى بوارى سیاسەتى دانیشتوان و پەرەسەندنى مرۆڤ.