ڕۆژێک لە ژیانى مندا: لاوانى ئەنبار چیرۆکى ئەوانە دەگێڕنەوە کە توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوونە لە عێراقدا

2021 January 6

وێنە: کۆمەڵەى لاوانى ئەنباڕ

پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى بەسەر گشت خەڵکى گۆى زەوییەوە هەبووە. کۆمەڵەى لاوانى ئەنباڕ بۆ ئاشتى، بە پشتیوانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکى بەرهەمهێناوە بە ناوى “ڕۆژێک لە ژیانى مندا” کە ڕۆژێک دیکۆمێنت دەکات لە ژیانى زۆرێک لەو کەسانەى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوونە لە عێراقدا. ئەم کەمپینە تیشک دەخاتە سەر ئەو عێراقیانەى تەنانەت لەمیانى ئەم پەتایەشدا لە کارکردن نەوەستان و بەردەوام بوون پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانیان. ئەو کەسانەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت ڕوونى دەکەنەوە کە چۆن لە کاتە ناخۆشەکاندا خزمەتى ئەو خەڵکانەیان کردووە کە پێویستیان پێبووە.

کۆمەڵەى لاوانى ئەنباڕ ڕایانگەیاند کە، “ئەم دەستپێشخەرییە جەخت دەخاتە سەر گۆڕانکارى کاتى لە ڕۆتینى ڕۆژانەدا و بەیەکەوەژیان لە سەروبەندى پەتاى کۆرۆنا بە ڕەچاوکردنى ڕێکارەکانى خۆپارێزى تا ئەوکاتەى قەیرانەکە کۆتایى دێت. ئەمەش ڕەنگدانەوەى یەکێتى مرۆڤایەتى وەک یەکێک لە بەها بنچینەییەکانى جیهان کە لەڕێگەیەوە پێویستە پەیوەندییەکان بۆ چارەسەرى کێشەکان و کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و پتەوکردنى بەیەکەوەژیانى کۆمەڵایەتى بن.”  

بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوى  مرۆڤدۆستى وەسڵ تەسڵ، 10 ڤیدیۆ بەرهەم هاتووە. ئەم زنجیرەیە چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشکێک و نوێنەرى میدیا و خۆبەخشێک و کەسێک کە لە کۆرۆنا چاک بووەتەوە و پسپۆڕێکى زمانى ئاماژە و مامۆستایەکى قوتابخانە و کارگوزارێکى پاککردنەوە و فەرمانبەرێکى چێشتخانە لەخۆ دەگرێت.

وێنە: چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشکەکە

پزیشکێکى عێراقى کە لە زنجیرە ئۆنلاینەکەدا دەردەکەوێت دەڵێت: “ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى کردووەتە سەر جیهان، بەتایبەتى من لە ژیانى ڕۆژانەمدا وەک پزیشکێک. ناچاربووم مامەڵە لەگەڵ چەندین دۆخى مەترسیدار و لەناکاو بکەم کە پێشتر ئەزموونم تیایاندا نەبوو. لەڕێگەى هەژمارە تایبەتەکەى خۆمەوە لەسەر فەیسبوک، بەردەستبوونى خۆمم بۆ ڕاوێژکردن لەڕێگەى ئۆنلاینەوە ڕاگەیاند بۆئەوەى پرسیار و کەیسەکانى نەخۆشیم بۆ بنێرن. لەمیانى قەدەغەى هاتوچۆدا زیاتر لە 600 جار ڕاوێژم پێکراوە.”

وێنە: چاوپێکەوتن لەگەڵ خۆبەخشەکە

یەکێک لە خۆبەخشە عێراقییەکان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: “قەدەغەى هاتوچۆ و داخستنى شار کاریکردە سەر کارەکەم وەک خۆبەخشێک. ناچاربووم لەگەڵ دەسەڵاتى خۆجێییدا ڕێکبکەوم و خۆم بگونجێنم بە ڕەچاوکردنى ڕێکارە خۆپارێزییەکان. لەئەنجامدا توانیم لەکارەکەم بەردەوام بم بە کۆکردنەوەى کۆمەک و هاریکاریکردنى خێزانە کەمدەرامەتەکان و بەتایبەتى ئەوانەى پشتیان بە داهاتى ڕۆژانە دەبەست. لەگەڵ ئەوەشدا، کەرەستەى خۆپارێزی و پێداویستى پزیشکیم بەسەر ئەوانەدا دابەش دەکرد کە پێویستیان بوو.”

ئەو کۆمەڵانەى لاوان و ئافرەتان کە لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە پشتگیرى دەکرێن لە کۆمەڵگاکانى خۆیاندا چاڵاکن لە هەریەکە لە پارێزگاکانى نەینەوا و سەلاحەدین و دیالە و ئەنباڕ و لەگەڵیشیدا سوپایى حکومەتى دانیمارک دەکەین.

گشت ڤیدیۆکان لێرەوە ببینە.