وەبەرهێنانی تایبەت لە ژێرخانی هەرێـمی کوردستانی عێراقدا

2021 January 10

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوە بۆ داڕشتنی چوارچێوەی کارى هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بە مەبەستی هاندانی کەرتی تایبەت بۆ بەشداریکردن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و رێگاوبان و کارەبا و ئاو  بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی گشتیدا. ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمەکێکی دەستکراوەى خەڵکی ئەمریکاوە، لەڕێگەی دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دارایی کراوە.

چوارچێوەی کارى هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت چییە؟

چوارچێوەی کارى هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بریتییە لە رێکخستنێکی گرێبەستیی لەنێوان لایەنێکی گرێبەستکاری حکومی و قەوارەیەکی کەرتی تایبەت بۆ مەبەستی پەرەپێدانی ژێرخان یان دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی. بەپێی نەخشە ڕێگای چاکسازیی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیڕەوکردنی شێوازی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت وەک بەرزترین ئەولەویەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە زۆرەکانی ژێرخان و خواست لەسەریان لە قۆناغی بوژانەوەی ئابووری و داراییدا دەستنیشانکراوە. بەتایبەتى، چوارچێوەی کارى هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەم بابەتانە دەخاتە ڕوو:

  • سیاسەتی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت –هۆکاری حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەم شێوەیە؛
  • چوارچێوەی یاسایی – یاسا و رێنماییە پەیوەندارەکان کە پاڵپشتی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەکەن؛
  • رێکارەکان و بەرپرسیارێتییە دامەزراوەییەکان – هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت؛
  • شێوازی بەڕێوەبردنی دارایی گشتی – کۆنترۆڵ و چاودێری و پابەندییە داراییەکانی پەیوەست بە هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.

چوارچێوەکە ئاماژە بە پێکهێنانی یەکەی کارى هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەدات لەناو وەزارەتی پلانداناندا. ئەم یەکەیە وەک هەماهەنگیکار کاردەکات و دەبێتە سەنتەری پسپۆڕییەکانی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی تر.

بۆچی گرنگە کەرتی تایبەت بەشداری پێبکرێت؟

وەک نەخشەڕێگەکە ئاماژەی پێداوە، "دەکرێت هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت یەکێک بێت لە رێگەکان بۆ راکێشانی کارامەییەکانی بەڕێوەبردن و سەرمایە و کەمکردنەوەی پابەندییە داراییەکان و بارگرانییە کارگێڕییەکانی حکومەت،" هاوکات یارمەتیدەر دەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەمانە:

  • یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات سەرچاوەکانی بۆ بواری تر تەرخان بکات. هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت سەرمایە بەردەست دەخات و کەرتی تایبەت بەرپرسیار دەبێت لە پەرەپێدان و پاراستنی ژێرخان، بەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سەرچاوە داراییە سنووردارەکانی تەرخان بکات بۆ پێداویستییە کۆمەڵایەتی و ئابورییە بەپەلەکان، وەک بەرەوپێشبردنی سیستمەکان و تێگەیشتنی باشتر لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگا.
  • هانی داهێنان دەدات. هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دەتوانێت ببێتە هاندەری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا مۆدێرنەکان و شێواز و رێکارە تازەکانی بەڕێوەبردن. هاوکات رێگەخۆش دەکات بۆ کەرتی گشتی کارامەییە تازەکان بگوێزێتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
  • داهاتی وەبەرهێنان زیاتر دەکات. لە پرۆژەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، بژاردە داهێنەرانەکانی داراییکردن تاوتوێ دەکرێن و جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی و زیادکردنی بەها بەرامبەر پارە (value-for-money).

چۆن چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ئامادەکرا؟

هەنگاوی یەکەم: بەدەستهێنانی پاڵپشتیی حکومەت. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵ، گفتوگۆ کرا لەسەر چوارچێوەی هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و چۆنێتی پەیڕەوکردنی بۆ نوێکردنەوەی ژێڕخانی هەرێمی کوردستانی عێراق. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، رێزدار مەسرور بارزانی، پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ بیرۆکەکە و تاقیکردنەوەى پڕۆژەى هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.

هەنگاوی دووەم: وەرگرتنی رای هاوبەشانی تر. دوای ئەوە پێویست بوو لایەنە پەیوەندارەکانی تری حکومەت بەشدارییان پێبکرێت بەمەبەستی بەدیهێنانی کۆدەنگیی لەسەر رەشنووسی چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق  وۆرکشۆپێکی رێکخست بۆ نوێنەری بەشەکانی یاسایی و بەدواداچوونی پرۆژەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانە وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی کارەبا و دەستەی وەبەرهێنان. لە وۆرکشۆپەکەدا، بەشە جیاوازەکانی چوارچێوەکە پێشکەشکران و گفتوگۆیان لەسەر کرا. وۆرکشۆپەکە بووە هۆی گەڵاڵەبوونی تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و دروستبوونی کۆدەنگیی لەسەر هەنگاوەکانی دواتر. هاوکات دەرفەتێک بوو بۆ وەزارەکان تاکو پرۆژەکانیان پێشنیاز بکەن کە دەکرێت بە شێوازی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت جێبەجێ بکرێن.

هەنگاوی سێیەم: پەسەندکردنی چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت. لە حوزەیرانی2020 پاکنوسی چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پێشکەشبە وەزارەتی پلاندانان کرا ، دواتر لە 1  ى تەموزی 2020  لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەندکرا.

هەنگاوەکانی داهاتوو؟

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی پاڵپشتی تەکنیکی بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە پێکدێت لە پێکهێنانی دامەزراوەکانی وەک یەکەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی یارمەتی وەزارەکان بدات و راهێنانی پێویست بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی فەرمانبەرانی پەیوەندار بە هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات لە بوارەکانی وەک هەڵبژاردنی پرۆژە، رێزبەندیی پرۆژەکان، گرێبەستکردنی گشتی و بەڕێوەبردنی گرێبەست.

لەکاتی هاوبەشیکردن لەگەڵ کەرتی گشتیدا، کۆمپانیاکان دەرفەتیان دەبێت بەشداری لەو کەرتانەدا بکەن کە دەتوانن ببنە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی و کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان، وەک کەرتەکانی پەروەردە و چاودێری تەندروستی و گواستنەوە و ژێرخان و وزە و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان. ئەگەر پرۆژەکان بەباشی دابڕێژرێن و بەڕێوەببرێن و ئامانجە دیاریکراوەکان بەدیبهێنن، ئەوا ئەم جۆرە هاوبەشییە دەبێتە هۆی هاندانی وەبەرهێنان و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان.

داڕشتنی چوارچێوەی هاوبەشیی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت  بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆى ئەو کۆمەكییە داراییە باشەی خەڵکی ئەمریکاوە جێبەجێکرا ، ئەمەش لە ڕێگەی دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە.