دەکرێت نۆژەنکردنەوەى شوێنە گشتییەکان ببێت بە سەرچاوەیەکى بەهێزى گشتگیرى کۆمەڵایەتى و چاکبوونەوەیەکى ژینگە دۆستى زیاترى ئەو شارانەى عێراق کە بەهۆى جەنگەوە زەرەرمەند بوونە

چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەى ئەو کارانەیە کە لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێ مرۆییەکانەوە ئەنجام دراون، لە چوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە، کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک کراوە و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە جێبەجێ دەکرێت

2021 February 9

وێنە: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێ مرۆییەکان.

لەگەڵ هاتنى وەرزى زستان و دابەزینى پلەکانى گەرما لە شەواندا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى چاڵاکییەکانى  سەوزکردنى لە پارکى ئەل یەرموکدا ڕاگرتووە تاکو وەرزى بەهارى داهاتوو تاکو لە برى ئەوە جەخت بخاتە سەر دانانى ستوونەکانى ڕوناکى کە بە وزەى خۆر کار دەکات بە درێژایى دیوارى پارکەکە و سیستەمى ئاودێرییەکەى. منداڵان کە لە ئێستادا بەهۆى ئەو پەتایەوە ناچن بۆ قوتابخانەکانیان لەودیو دیوارەکەوە تەماشاى کارەکان دەکەن و بڵدۆزەرەکانیش کارى هەڵکەندن دەکەن و لۆرییەکانیش خۆڵەکان لە نێو پارکەکەوە دەگوازنەوە. پێشبڕکێکاران ڕووبەڕووەى ئەو هەوا ساردە دەوەستنەوە و لەو شوێنەدا ڕادەکەن کە ساڵى داهاتوو دا دەبێت بە بازنەى ڕاکردن و بە تارتان دادەپۆشرێت.

تەنانەت پاش وەدەرنانى داعش، کە بووە هۆى وێرانبوونى بەشێکى زۆرى پێکهاتە و ژێرخانە سەرەتاییەکەى، موسڵ لە ڕووى سەوزاییەوە زۆر هەژار بوو. پارکى ئەل یەرموک کە ڕووبەرەکەى 6,700 مەتر چوارگۆشەیە یەکیکە لە گەورەترین سەوزاییە گشتییەکانى بەشى ڕۆژئاواى موسڵ و لەو شارەدا ڕێژەى سەوزایى بۆ هەر تاکێک بڕى 1.4 مەترى چوارگۆشەیە- ئەمەش زۆر کەمترە لەو سەوزاییەى ناو شار کە لە لایەن ڕێکخراوى تەندروستى جیهانییەوە پێشنیار کراوە بۆ هەر تاکێک کە 9 مەترى چوارگۆشەیە. پارکەکە کە خاوەنى شۆستەى ڕێکردن و دیمەنى فراوانە و تاکو چەند دەیەیەک لەمەوبەر شوێنێکى گشتى  گەشەسەندوو بوو و پرى بوو لە دار خورما و سنەوبەرى درێژ و گوڵى ڕەنگاورەنگ و خاوەن شوێنى کراوەى گەورە بوو. لەمیانى هەڵسەنگاندنێکدا کە لە ساڵى 2019 دا ئەنجامدرا، پرسیار لە چەندین کەسى بەتەمەن لە دانیشتوانەکە کرا و بە خۆشحاڵییەوە زانیمان کە چۆن لە ڕابردوودا یاریزانانى تۆپى پێ لەموسڵ لە پارکى ئەل یەرموکدا ڕاهێنانیان کردووە. بەداخەوە بەهۆى لاوازى چاودێرى و چاککردنەوە و گوزەرانى سەختى دانیشتوانەکە لە ژێردەستى داعش بوونە هۆى داڕمانى دامەزراوەکانى و تاڵانکردنى کەلوپەلى ژێرخانەکەى و بڕینەوەى زۆربەى دارەکانى بەمەبەستى سوتاندن لەبرى سوتەمەنى.

نۆژەنکردنەوەى پارکى یەرموک وەک شوێنێکى گشتى فرە سوود پێکهاتەیەکى گرینگى ئەو پڕۆژە ناوچەییى تێکهەڵکێشراوەیە کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى لە ڕۆژئاواى موسڵدا ( لە چوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە، کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک کراوە و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە جێبەجێ دەکرێت) جێبەجێى دەکات بەمەبەستى ژیاندنەوەى ئەو خزمەتگوزارییە گشتییە گرینگانەى بەهۆى جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکانەوە وەستاون. بە تەواوبوونى، پارکەکە  بە لایەنى کەمەوە خزمەت بە نیو ملیۆن کەس لە دانیشتوانى ڕۆژئاواى موسڵ دەکەیەنێت.

بۆ ئەو مەبەستەش، لە ماوەى سێ مانگى ڕابردوودا، تیمەکە هەستان بە بنیاتنانى سێ هۆڵى فرە وەرزشى و  شوێنێکى لەشجوانى کراوە و چاککردنەوەى دیوارى دەورى و دەرگاکان و نۆژەنکردنەوەى ژوورى پاسەوانان و هەڵکەندنى بیرێکى نوێ و دانانى 10 تانکى گەورەى ئاو بۆ ئاودان کە بە ترۆمپاوە بەستراوە و لە ڕێگەى سیستەمێکى نویى ووزەى خۆرەوە کار دەکات. تاکو ئێستا ئەم کارى نۆژەنکردنەوەیە 236 هەلى کارى بۆ دانیشتوانە بێکارەکان ڕەخساندووەکە لە نێویاندا 10 ئافرەت هەن کە لە ڕێگەى ئامادەکردنى لیستێکەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ کەرتى شارەوانى ئەل ڕەبیع دامەزرێنراون کە بەرپرسى پارکەکەیە.

دوابەدواى تەواوبوونى یاریگاى تۆپى پێ و یاریگا فرە وەرزشییەکە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى لە تشرینى یەکەمى 2020 دا هەستا بە ڕاگەیاندنى “وەرزشى لاوانى یەرموک بۆ دەستپێشخەرى ئاشتى” کە ماوەکەى 15 ڕۆژ بوو و پاڵەوانێتى تۆپى پێ و یارى باسکە و بالە و تایکواندۆ و پێشبڕکێ ڕاکردن، کە لە نێوان 200 منداڵى گەڕەکەکە ئەنجام درا، لە خۆ گرتبوو. “چەندین ساڵە کاتێکى وا خۆشمان بەسەر نەبردووە.” ئەمە گوتەى هاندەرێکى بەتەمەن بوو کە لە کاتى تەماشاکردنى یەکێک لە یارییەکانى تۆپى پێ چاوپێکەوتنى لەگەڵدا کرا کە لەسەر گۆڕەپانە نوێیەکە ئەنجام دەدرا.

بەهۆى ئەم پەتا هەنوکەییەوە، گشت ڕێکارێکى خۆپارێزى تەندروستى بە جددى لەخۆ گیرابوو. سەرەڕاى ئەوەى ژمارەى منداڵ و گەورە بۆ هاتنە ژوورەوە سنوردار کرابوو بۆ 125 کەس بۆ هەر ڕۆژێک بەمەبەستى جێبەجێکردنى دوورەپەرێزى جەستەیى، تیمەکى شوێنى پشکرنینى کۆرۆنا و خێوەتیکیان بۆ فریاگوزارى سەرەتایى دابین کردبوو.

وەرزشە بەکۆمەڵەکان و یاریەکانى هێز بەوە ناسراون کە هۆیەکى بەهێزن بۆ یەهیزکردنى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و زاڵبوون بەسەر بێ متمانەیى و بەیەکبەستنەوەى لێکترازانە سیاسییەکان و جیاوازییە نەژادى و ئاینییەکان. چاڵکییە هاوبەش و بە کۆمەڵەکان بۆ لاوان زۆر گرینگە بەتایبەتى ئەگەر ئەو لاوانە لە کەشێکى پڕ لە یەکتر قبوڵنەکردن و ڕووبەڕووبوونەوە گەورە بووبن کە تیایدا فرە ڕەگەزى وەک مەترسییەک تەماشا بکریت و ڕەنگە ئەو لاوانەى فەرامۆش کراون ببنە سەرچاوەى بیرى چەقبەستوى نەرێنى کە لە لایەن بیرى توندڕەو و توندوتیژى سیاسى و ئاینییەوە هان بدرێن. هەروەها وەرزش پەیوەندى لە نێوان لاوانى خاوەن پێشینە و تواناى جەستەیى جیاواز دروست بکات و دەتوانێت ببێت بە هۆکارێک بۆ وەرچەرخان و گۆڕانکارى.

لەهەمان کاتدا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى دەستیانکرد بە ڕاهێنانێک بۆ  هەلى کارى گشتوکاڵى و باخەوانى تەنها بۆ ئافرەتانى دانەمەزراو ى ناوچەکە. لە کۆى ئەو 410 دانیشتووەى داواکارییان پێشکەش کردبوو، 30 کەسى دۆخناسکترین و گونجاوترین لە خولێکى 10 ڕۆژەى کشتوکاڵى چڕدا ناونوس کران . زۆرێک لەوانە بێوەژنن و خاوەن خێزانى هەژارن کە بەو خێرو خۆراکە دەژین لەلاین مزگەوتى گەڕەکەوە پێیان دەدرێت. “من بێ کار بووم و لەماڵەوە بە بێ پلان و بە خەمۆکى دانیشتبووم.- ئەمە دانپیانانى نەفلە محەمەد عەلى ە-  ئەم ڕاهێنانە هیواى پێم بەخشییەوە. ئێستا فیرى هەندێک بەهرە بووم کە هاوکاریم دەکات لە پارکێکدا  یان لە شوێنێکى تردا کارم دەست بکەوێت.” ڕاهێنانەکە بە شێوەیەک دیزاین کرابوو کە هەردوو وانەى تیۆرى و کردەیى لە خۆ گرتبوو و لە نێو پارکەکەدا ئەنجام درا و لە ڕێگەى کۆمەڵەى ئەندازیارى بۆ پەرەپێدان و ژینگە ڕێکخرابوو کە ڕێکخراوێکى هاوبەشى نا حکومى نیشتیمانى جێبەجیکارە.  وانەکان لە لایەن شارەزایانى نێوخۆیی ئەو بوارە گوترانەوە و لە لایەن بەڕێز حوسامەددین زەننونەوە سەرپەرشتى دەکرا کە مامۆستاى کۆلێژى کشتوکاڵ و دارستانە لە زانکۆى موسڵ و خولیایەکى ڕاستەقینەى هەیە بۆ بابەتەکە. بەڕێزیان گوتى: “ئەم ڕاهینانە زۆر تایبەتمەند بوو بۆ من. دەرفەتم بۆ ڕەخسا پشتیوانى کۆمەڵێک خانم بکەم کە بەپەرۆش بوون. توانیمان وانەکان بەشێوەیەک دابڕێژین کە بۆ چەندین ئاستى خوێندەوارى جیاجیا و هەندێک لە نێویاندا کە نەخوێندەوارن بگونجێت.”

هەرکە ڕاهێنانەکە تەواو بوو، ئەو 30 ئافرەتە باخەوانە خرانە ژێر چاودێرى بەڕێز یاسر ساڵح ئەل بەردانى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى دارستانى نەینەوا،  بۆ کارکردن بە شیوەیەکى نۆرەیى. لە مانگى تشرینى دووەمدا، بەهەموویان توانییان 260 درەختى نوێ بڕوێنن لە نێویاندا 45 دارى خورماى عێراقى و واشنتۆنیا و دار سەرو ى خۆناڵى و هەنار و دەوەن و لاولاوى یاسەمسن. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێمرۆییەکان هاوبەشى لەگەڵ شارەوانى موسڵ و بەڕێوەبەرایەتى گشتوکاڵى نەینەوا دروست کرد بۆ دەستنیشانکردنى باشترین و تەندرویتترین نەمام بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ڕازاندنەوەى ناوچە سەوز و وشکەکان- لە نێویاندا هەندێک ڕووەک هەبوون بۆ هەڵمنژینى ئاوى زیادى باران لە شوێنە نزمەکەى پارکەکەدا. خاتو شەهلا فەیسەڵ، بزوێنەرى کۆمەلگاى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى لە چوار ساڵى ڕابردوودا، کە لە نزیکەوە سەرپەرشتى دروستکردنى داوچەى دارخورماى نێو پارکى یەرموک کرد، گوتى: “شتێکى زۆر سەرنج ڕاکێش بوو بەلامەوە کاتێک درەختەکانمان دەڕواند تەنانەت نەمدەویست لە ئێوارەشدا بڕۆمە ماڵەوە.”

ئەو ناوچە سەوزاییە گشتییانەى کە بۆ ئەوە دیزابن کراون گشت کەسێک بتوانێت بۆ بچێت تاکو ئێستا لە عێراقدا دەگمەنە. دیزاینە تازەکەى پارکى یەرموک هاتنەناوەوەى خەڵکى ئاسانتر دەکات و هۆیەکانى حەوانەوە و پاراستن بۆ هەموو تەمەنەکان دەستەبەر دەبێت تیایدا تەنانەت بۆ بەساڵاچوانیش. هەروەها بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى دەرفەت بۆ منداڵان و لاوان و گەورانى خاوەن پێداویشتى تایبەت دەڕەخشێنێت چاڵاکى لە هەواى کراوەدا ئەنجام بدەن لە شوێنێکى پارێزراو دا. بە بۆنەى ڕۆژى جیهانى خاوەن پێداویستى تایبەتەوە لە 3 ى کانونى یەکەمى 2020 دا، پارکەکە هەستا بە میوانداریکردنى دوو بۆنەى دۆستانە بە بەشدارى تیمى ناسراوى باسکەى موسڵ بە ناوى “یاریزانانى دانیشتوو” و تیپی تۆپى پێى ناسراو کە یاریزانەکانیان کێشەى لاوازى بیستن و ئاخاوتنیان هەیە و ناسراون بە “پاڵەوانەکان”. کاتێک کارەکانى نێو پارکى یەرموک بەکۆتا دێت دەبێتە شوێنێکى یارى بۆ منداڵان و لاوان- لە نێویاندا کۆرپە و منداڵانى خاوەن پێداویستى تایبەت. ڕەچاوکردنى کەم ئەندامى مەرجێکى سەرەکییە بۆ پاراستنى مافى مرۆڤ و پەرەسەندنى بەردەوام و ئاشتى و ئاسایش. هەروەها لە چەقى ئەجێنداى 2030 بۆ پەرەسەندنى بەردەوامدا هاتووە کە “هیچ کەسێک پشتگوێ ناخرێت.” پابەندبوون بە پاراستنى مافى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە عێراقدا تەنها بریتى نییە لە دادپەروەرى بەلاى یەکێتى ئەوروپاوە، بەڵکو لەهەمان کاتدا وەبەرهێنانە لە داهاتوویەکى هاوبەشدا.

پڕۆژەکە برەو بە ڕێگە چارەى “بنیاتنانەوەى باشتر” دەدات بەشێوەیەک کە تەکنەلۆژیایەک بەکار دەهێنێت کە هاوڕێى ژینگە بێت لەگەڵ وزەى نوێبووەوە و دووبارە بەکارهێنانەوەى خاشاکا و بەکارهێنانى ماددەى بەرهەمهاتوو لە عێراق و چاڵاکییە گشتگیرە کۆمەڵایەتییەکان لە هەواى کراوەدا. هەروەها هەندێک شوێن تەرخان دەکات بۆ کافتریا و دوکان و بەکرێدانى پاسکیل و ...هتد.

تاکو ئێستا بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى سەرکەوتوو بووە لە دەستەبەرکردنى پابەندبوونێکى سیاسى لەلایەن دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و دیدگاى هاوبەشى پەرەپێدان لەسەر گرینگى بەردەستبوونى شوێنە گشتییەکان بەخۆڕایى وەک یەکێک لە گرینگترین ئەو کەرەستانەى ڕێگە خۆش دەکەن بۆ یەکخستنى فیزیکى و کۆمەڵایەتى پاش جەنگ لەو شوێنانەدا کە بەڕێوەبردنى ناوچە سەوزەکان دراوەتە دەستى کەرتى تایبەت بەهۆى کەمى سەرچاوە پێویستەکان لەبەردەستى دەسەڵاتە نێوخۆییەکاندا.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى لەسەرەتاى  دەستپێکى پڕۆژەکەوە بەشدارى بە شارەوانى موسڵ کردووە لە ڕیگەى دانانى لێژنەیەکى تەکنیکییەوە بۆ هاریکاریکردنى پڕۆسەى نۆژەنکردنەوەکە و پێداچوونەوە بە ڕەشنووسى پلانەکان و هەڵسەنگاندنى دیزاینەکان و ڕەزامەندیدان لەسەر لیستى داواکارییەکان بەمەبەستى هاریکاریکردن لە چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى لەمیانى پڕۆژەکەدا دێنە پێشەوە. بەڕێز محەمەد عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى شارەوانى موسڵ بۆ کاروبارى خزمەتگوزارى گوتى: “زۆر سوپاسگوزارى ئەو چاڵاکی و دەستپێشخەریانەین کە بەشدارى بە ئافرەتان دەکات و بەهرەکانیان پێش دەخات و ڕۆڵێکى زیاتریان لە بنیاتنانەوە و دووبارە دروستکردنەووى ژێرخانى گشتى شارەکەدا پێدەدات.”

***

بەرنامەى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراق لە ڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە کار بۆ برەودان بە سەقامگیرى و پەرەسەندنى ئابوورى کۆمەڵایەتى عێراق دەکات، لەڕێگەى باشترکردنى حوکومڕانى باشەوە لەسەر ئاستى نێوخۆییدا. هەروەها کار بۆ باشترکردنى سەقامگیرى پارێزگا دەستنیشانکراوەکان دەکات بۆئەوەى بتوانن بەشیوەیەکى کارا ئیدارە و خزمەتگوزارییە نێوخۆییەکان بەڕێوە ببەن. گەشەى ئابوورى و ڕەخساندنى هەلى کار لە پێشینەدان و جەختیش لەسەر پڕۆژە ژینگە دۆستەکان و بەشداریپێکردنى لاوان و ئافرەتان دەکرێتەوە.

ئێرە داگرە  بۆ دابەزاندنى پەڕوى زانیارى پڕۆژەکە.

#بەرەو_پەرەسەندنى_نێوخۆیى

 

بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بکە بە :

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق:

نداء هلال، ڕاوێژکارى پێشکەوتووى بوارى پەیوەندییەکان

مۆبایل:  0799 745 751 00964

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیى

ئاریان محیەدین ئەل جەمور، شارەزاى بوارى پەیوەندییەکان

مۆبایل:  9494 103 0751 00964

نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق:

ئه‌لسادق  ئەلعەدلی، بەرپرسى ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانى

مۆبایل: 5377 928 780 00964