قوتابخانەیەکى تازە بنیاتنراو لە دیالە جەنجاڵى کەم دەکاتەوە

2021 March 10

ئێستا کچانى بەعقوبە، کە پایتەختى دیالەیە لە عێراقدا، کامپەسێکیان هەیە تیایدا فێرببن و بنوسن و بخوێننەوە و کاتێکى خۆش بەسەربەرن

بەردەوامبوونى جەنگ بۆماوەى چەندین ساڵ پڕۆسەى خوێندن و چوونە قوتابخانەى زۆرێک لە قوتابیانى ڕاگرتووە لە دیالەدا، ئەویش بەهۆى تێکچوونى پۆل و کامپەسەکانى خویندنەوەیە. ئەمە بووەتە هۆى کەمى شوێن و ژێرخان و جەنجاڵییەکى زۆرى لە پۆلەکاندا دروست کردووە.

لە ئێستادا قوتابیانى دیالە قەتابخانەیەکى تازە دروستکراویان هەیە کە ئاو و شوێنى پاکوخاوێنى پێویستى تیادایە.

قوتابخانەى قەیدا کامبێش لە بەعقوبە کە لەئێستادا وەک قەتابخانەى ناوەندى کچان بەکاردێت، لە مانگى شوباتى 2020 دا کارى نۆژەنکردنەوەکەى تەواو بووە. ئەو باڵەخانە نوێیەى قەتابخانەکە 12 پۆل و ژوورى مامۆستایان و تاقیگەى زانستى و شوێنى پاکوخاوێنى تیادایە.

نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەى قەیدا کامبێش جۆش و خرۆش و متمانەبەخۆبوونێکى زیاتر دەدات بە قوتابیەکانى، وەک سەبا محەمەد شەوکەتى 16 ساڵان کە گوتى: “باڵەخانە نوێیەکەى قوتابخانەکەمان کواڵیتییەکى باشترى هەیە بەبەراورد بەو قوتابخانەیەى بە شێوەیەکى کاتی تیایدابووین کە زۆر جەنجاڵ بوو. هیوادارم قوتابخانەى زیاترى لەم جۆرە بنیات بنرێت.”

کردنەوەى قوتابخانەکە لەکاتێکى گرنگدا بوو بۆ کچانى لاوى بەعقوبە، لەکاتێکدا لە ئێستادا پاش قەدەغەى هاتوچۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەگەڕێنەوە پۆلەکانى خویندن. بەر لەمە، قوتابی و مامۆستاکان گوێزرابوونەوە باڵەخانەیەکى کاتى لە قوتابخانەیەکى ترداکە زۆر جەنجاڵبوو و کەموکوڕى هەبوو لە ڕووى خزمەتگوزارى و بیناوە. لەکاتێکدا ڕێکارە نوێیەکانى دوورەپەرێزى جەستەیى و دەوامى بەنۆرە لەئارادایە، ئەو 12 پۆلە جەنجاڵى لە قوتابخانەکانى تریشدا کەم کردووەتەوە.

ڕەسول ئەیاد ڕەحیم ى تەمەن 17 ساڵانى قوتابى بەشى زانستى گوتى: “کاتێک قوتابخانەکەمان لە کاتى جەنگەکەدا وێران بوو، گوازراینەوە بۆ قوتابخانەى دواناوەندى ئەل ئەمەل کە بچووک و جەنجاڵ بوو. لەوێدا توالێت و شوێنى پاکوخاوێنی پێویستمان نەبوو. ئێستا هەست دەکەم هاندانێکى زیاترم هەیە بۆ خوێندن بەتایبەتى  لەکاتێکدا شوێنەکانى پاکوخاوێنى پاکژن و کواڵیتییان باشە.”

لەنێو گشت ئەو ڕێکارە خۆپارێزیانەى لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە دانراون، دەست شوشتن و بەستنى دەمامک لەلایەن مامۆستا و منداڵەکانەوە دوو ڕۆتینى سەرەکین. هەروەها بەڕێوەبەرایەتى قوتابخانەکە چەند ڕێکارێکى تریشى گرتووەتەبەر بۆ سنووردارکردنى ژمارەى قوتابیان لە هەر پۆلێکدا.

بۆچوونى ئەرێنى    

هەبوونى دامەزراوەى باش لەڕووى جۆرەوە کاریگەرییەکى ئەرێنى بەسەر بۆچوونى قوتابیانەوە هەیە. قوتابخانەکە لەتوانایدایە 900 قوتابى لەخۆ بگرێت، بەڵام لە ئێستادا خزمەت بە تەنها 450 قوتابى دەکات بەهۆى ئەوڕێکارانەى دوورەپەرێزى کۆمەڵایەتى و دەوامە نۆرەیەى بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە هاتوونەتە کایەوە.

بۆچوونى گەڕەکەکە لەبارەى قوتابخانەکەوە ئێجگار ئەرێنی بووە و دەگوترێت قوتابیان و مامۆستایان و باوان و کۆمەڵگا بەیەک شاد دەکاتەوە. “شانازى بەم قوتابخانە نوێیەوە دەکەین چونکە وەکو یەک سوود بە مامۆستیان و منداڵەکانمان دەگەیەنێت.” ئەمە گوتەى یوسڕا خالید عەبدى تەمەن 47 ساڵانە کە مامۆستاى بابەتى کیمیایە. ئەمەش ڕەنگدانەوەى ڕاى چەندین باوانى قوتابیان و مامۆستایانە کە بنیاتنانەوەى ئەو قوتابخانانەى لە سەروبەندى جەنگى بەرەنگاربوونەوەى داعشدا خاپوور بووبوون بە گرینگ دەزانن.  

بەشداریپێکردنى کۆمەڵگا نێوخۆییەکان

لە عێراقدا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە هەوڵەکانىدا بۆ سەقامگیرکردن بەرەوپێشەوە چووە بە بەشداریپێکردنى کۆمەڵگا نێوخۆییەکان، بە هاوبەشى لەگەل بازرگانییە نێوخۆییەکاندا، بۆئەوەى بتوانن کۆمەڵگاکانیان بنیات بنێنەوە و لەهەمان کاتدا داهاتێک بەدەست بهێنن. دروستکردنى قوتابخانەکە بووە هۆى خستنەگەڕى بازرگانى و ستافى نێوخۆیى.

ئەحلام جەلیل مەهدى، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى قەیدا کامبێش، گوتى:  “ بە کارکردن بەیەکەوە وەک کۆمەڵگایەک توانیمان بەسەر هەندێک لەو ئاستەنگانەدا زاڵبین کە هاتبووە بەردەممان. سوپاسى ئەوپەڕى پابەندبوونى گشت ئەندازیارەکان دەکەم کە قوتابخانەکەمانیان دروست کردەوە. هێشتا ماوە کەلوپەلى تەواو بۆ قوتابخانەکە بهێنین و ئەمەش دەکرێت ئەگەر باوان و مامۆستایان لە گەڕەکەکە بتوانن یەکبگرن و دەستپێشخەرى ئەنجام بدەن.”

نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەى قەیدا کامبێش لە لایەن بەرنامەى بەدەمەوەهاتنى قەیرانەکان و خۆڕاگرى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق جێبەجێکراوە و لەلایەن وڵاتى ئەڵمانیاوە پشتیوانى کراوە. تاکو ئێستا 21 قەتابخانە لە دیالە نۆژەن کراونەتەوە .

بەهۆى ئەزموونێکى چەند ساڵە لە ناسەقامگیرى و ئاژاوەوە، بنیاتنانى ئەو شوێنە نوێیانە بۆ پەروەردە هیوایەک بە قوتابیان و مامۆستایان دەبەخشێت بە بێ جیاوازى- بۆ فێربوون و هەبوونى خەونى گەورە.