بنیاتنانی عێراقێکی تەندروستتر و یەکسانتر

2021 April 7

قەیرانەکانی شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نایەکسانی لە عێراق زیاترکردووە. خزمەتگوزاری و ژێرخانی تەندروستی زیاتر بەرەو دواوە چووە و هەموو کەسێک بە یەکسانی دەستی بە خزمەتگوزاری تەندروستی ناگات.

لە عێراقدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگتووەکان بۆ دانیشتوان و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان  پێکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای مەدەنی کار بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ بەشێکى زۆری دانیشتوان دەکەن

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزیری تەندروستی عێراق لە کاتی گەیشتنی پێکوتەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەی بەغداى نێودەوڵەتی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و هاوبەشەکانی و هاوپەیمانی ڤاکسین (گاڤی) و هاوپەیمانی بۆ ئامادەباشی بۆ نەخۆشییە بڵاوەکان و یونیسێف لەگەڵ حکومەتی عێراق کاریان بۆ وەدەستخستن و هێنانی 336,000 ژەمە ڤاکسین کرد. ئەم پێکوتەیە تەنانەت بۆ کەسانی کەمدەرامەتیش دابینکراوە.

پزیشکێکی نەخۆشییەکانی ژنان هاوکاری ژنێکی سکپڕ دەکات لە کامپی بەرسیڤەدا لە دهۆک

لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ژنان بە بەردەوامی پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی بوو بە تایبەت خزمەتگوزاری زاوزێ. لە سەروبەندى قەدەغەی هاتووچۆدا، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بەردەوام بوو لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە ڕەچاوکردنی ڕێکارە نوێیەکانی خۆپاراستن. هەروەها، لە ڕێی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێنج باری کەلوپەلی خۆپارێزی گەیاندە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە نەخۆشخانەی شیفا لە موسڵ پلەی گەرمی جەستەی دەپێورێت.

نەخۆشخانەکە، کە پێشتر یەکێک بوو لە بنکەکانى داعش، لە کاتی شەڕدا زیانی زۆری بەرکەوت و لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بۆ پەرەپێدانەوە نۆژەن دەکرێتەوە.

پاش وەستانی کارکردن لە نەخۆشخانەکە لە نیسانی 2020دا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەستیان کردەوە بە کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بە ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان، وەک پێوانی پلەی گەرمی جەستە و بەکارهێنانی پاکژکەرەوەی کحولیی.

ئافرەتێک لەکاتى خوێندنەوەى نامیلکەیەکدا کە زانیاری بارەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێدایە، کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە. نامیلکەکە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆپاراستن لێی دروستکرابوو.

لە ساڵی 2020دا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە چەندین چالاکیدا، زانیاری و هۆشیاری لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیاندە 10 ملیۆن کەس لە عێراقدا، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە بەرزترین ڕێژەی تووشبوونیان تێدابوو، و جەختی لەسەر سوودمەندبوونى گشت لایەک دەکردەوە.

پزیشکێک کە پشکنینی سنگ بۆ نەخۆشێک دەکات لە نەخۆشخانەی مەلیک حوسێن لە کەربەلا

نەخۆشخانەکە یەکێکە لەو 16 نەخۆشخانەیەی کە تیایاندا بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هاوکاری حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دروستکردنی یەکەی جیاکردنەوەى نەخۆش بە گشت کەلوپەلە پێویستییەکانى ناویانەوە و دابینکردنی کەلوپەلی خۆپارێزی کەسى بۆ کارمەندانی تەندروستی وئەمەش لەگەل هەوڵەکانى هەریەکە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و ڕێکخراوەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش یەکخراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا. 

پزیشکێک لە کاتی نوسینی دەرمان بۆ منداڵێک لە بنکەی تەندروستی سەرەتایى وەهبییە شەبکون لە موسڵ.

ئافرەتان و منداڵان و ئاوەرەکان زەرەرمەندی یەکەمن لە کێشەکان و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا. بۆ هاوکاریکردنی ئەم کەسانە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان  زیاد لە 130 بنکەی تەندروستی لە سەرتاسەری عێراق نۆژەنکردووەتەوە کە لە کاتی شەڕی داعشدا وێران بووبوون. نۆژەنکردنەوەی بنکە تەندروستییەکان گرنگە بۆئەوەى هاوبەشانی وەک سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بتوانن خزمەتگوزاریی تەندروستی شایستە پێشکەش بە خەڵک بکەن

کارمەندێکی تەندروستی زانیاری لە ئافرەتێکى خاوەن پێداویستی تایبەت وەردەگرێت لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە لایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوانەوە لە هەولێر دروستکراوە

عێراق لە کاتێکدا تەندروستتر دەبێت کە هەموو دانیشتوانەکەی بە یەکسانی خزمەت بکرێن و هەلی یەکسانیان هەبێت. لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان حەوت بنکەی تەندروستی بوارى زاوزێى تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووەتەوە.

مامانێک لە نۆرینگەیەکى تەندروستی کەمپی خازر کە لە لایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان پاڵپشتی دەکرێت  پاش ئەوەى منداڵێکى تەندروستى دەبێت لە ئەمبوڵانسدا

لە ساڵی 2020، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان هاوکاری 90 بنکەی تەندروستی کردووە، کە 25یان پێکهاتبوون لە یەکەی منداڵبوون و 15شیان لە ناو کامپەکاندا بوون.

بارکردنی پێداویستی تەندروستی لە کۆگایەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە لە بەغداد بۆ وەزارەتی تەندروستی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوکاری هەردوو وەزارەتی تەندروستی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ وەدەستخستنی کەلوپەل و پێداویستی تەندروستی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک دەرمان و قەرەوێڵەی تایبەت و کەلوپەلی خۆپارێزیی و تاقیگە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کەیسی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە هەموو هاوڵاتییانی عێراق دەستییان بەم خزمەتگوزارییانە بگات.

کارمەندێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەردانێکیدا بۆ نەخۆشخانەی هەڵەبجە بۆ هاوکاریکردنی کارمەندانی تەندروستی لە بەڕێوەبردنی کاروباری هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا

 

بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە کارمەندانی تەندروستی کە لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار دەکەن هەموو کەلوپەلێکی پێویستی خۆپارێزییان هەیە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاد لە دوو ملیۆن کەلوپەلی خۆپارێزیی و سەدان پێداویستی دیکەی تەندروستیی دابینکردووە.

لە کەرکوک، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، 10 کەرەڤان پێداویستی تەندروستی دابینکردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی بۆ ئاسانکاریی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها، چەندین ئەمبوڵانسیشی دابینکردووە.

لە ڕۆژی جیهانی تەندروستی ئەمساڵدا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەڵێن دووپات دەکەنەوە کە هاوکار دەبن لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی شایستە لە سەرتاسەری وڵات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی تەندروستتر و یەکسانتر.