مامۆستایانى ئەلقوش بەپەرۆشى دروستکردنى ژینگەیەکى تەندروستى فێربوونن

2021 April 14

مامۆستایانى باخچەى ساوایانى ئەلقوش باس لە ئەزموونى خۆیان دەکەن لەوەى کە پێویستە چى بکرێت بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى تەندروست بۆ منداڵان.

ريم ، نەسال ، ئیبتیسام و سیلڤیا پێکەوە لە باخچەى ساوایانى ئەلقوش کاردەکەن. وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

باخچەى ساوایانى ئەلقوش دەکەوێتە بنارى گردێکى بەرزى نێوان چیا قەشەنگەکانى باکورى عێراق. ئەگەر لە بەیانییەکى خۆرهەتاودا سەردانى قوتابخانەکە بکەیت دەبینیت کە باخچەى دواوەى قوتابخانەکە دەڕوانێتە سەر دیمەنێکى سەرنجڕاکێشى چیا و ئاسمانێکى شین. ماوەیەکى زۆر نابێت کە ئەم قوتابخانەیە لە کاتى هێرشى داعشدا لە ساڵى 2014 دا بە موشەک ویران کرابوو. سەرەڕاى ئەوەى داعش نزیک بوو لە داگیرکردنى ئەلقوش، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکەدا.  

نەسال یوسف باهۆ، تەمەن 58 ساڵ، لە یاریگاى باخچەى ساویانى ئەلقۆش وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق


لەکاتێکدا بەهۆى وێرانەییەوە وانەکان ڕاگیرابوون، کەشێکى ناسەقامگیر بۆ قوتابیان و مامۆستایان دروست ببوو بە بێ جیاوازى. هەروەک نەسال یوسف باهۆى تەمەن 58 ساڵ، کە یەکێکە لە مامۆستاکان، دەڵێت: “من وەک منداڵى خۆم هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابیەکاندا دەکەم. لە کاتى داعشدا نیگەرانى سەلامەتییان بووین. ئەگەر قوتابیان لەو تەمەنە بچووکەیاندا ڕووبەڕووى ئەو دۆخە توندوتیژ و ناسەقامگیرە ببنەوە ئەوا دەکرێت کاریگەرییەکى نەرێنییان بەسەرەوە دروستبێت.” لە سەروبەندى جەنگەکەدا، نەساڵ لەگەڵ منداڵەکانیدا چوون بۆ دهۆک. هەروەها لە درێژەى گوتەکانیدا دەڵێت”: بەمەبەستى گەڕان بەشوێن ژینگەیەکى سەقامگیرتر و پارێزراوتردا بۆ خانەوادەکەم، شارۆچکەکەمان بەرەو دهۆک جێهێشت.”

ئیبتسام یوسف، 57 ساڵان، لە بيناى باخچەى ساوایانى ئەلقۆش كە بەم دوایانە نۆژەنکراوەتەوە، وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق


کاتێک لە ساڵى 2017 دا گەڕانەوە ئەلقوش، نەساڵ و مامۆستاکانى تر هاتنەوە سەر هۆبەى ڕووخاو و بێ کارەبا و ئاو. بڕیاریاندا بەیەکەوە قوتابخانەیەکى کاتى لەنێو ناوەندە نێوخۆییەکەى لاوانیاندا دابمەزرێنن. مامۆستاکان هاتبوونە زێدى خۆیان کە شارەزاى ناوچەکەن و لە منداڵییەوە یەکترییان ناسیوە تیایدا. ئیبتیسام میکایل یوسف ى تەمەن ٥٧ ساڵان مامۆستاى باخچەى ساوایانە و لەگەڵ نەسالدا کار دەکات و دەڵێت: “ئێمە لە منداڵییەوە یەکتر دەناسین. کاتێک بەیەکەوە کاردەکەین متمانەیەکى زۆرمان بەیەکترى هەیە و هەست بە ئارامى دەکەین. هەربۆیە، بەلاى ئێمەوە سروشتیبوو لەو شوێنەوە دەستپێبکەین کە وەستابووین.”

سیلڤا ئەندرو هانا، 40 ساڵان، باخچەى ساوایانى ئەلقۆش، وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

مامۆستایانى باخچەى ساوایانى ئەلقوش بڕواى تەواویان بە ڕەخساندنى کەشێکى ئەرێنى و پڕ لە پەرەسەندن هەیە. “منداڵان ئازارێکى زۆریان چەشت لەکاتى جەنگدا. دەمانەوێت کەشێکى پارێزراو و تەندروست ئامادە بکەین بۆ ئەو کاتەى قوتابیەکان دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە. دەبێت بتوانن باس لە نیگەرانى و ترس و ئاستەنگەکانى بەردەمیان بۆ ئێمە بکەن،” ئەمە گوتەى سیلڤا ئەندرو هانا ى تەمەن 40 ساڵانە کە بەهەمان شێوە مامۆستایە لە باخچەکەدا.

(لە ڕاستەوە بۆ چەپ) ريم و نەسال و ئیبتیسام و سیلڤیا، کە هەر لە منداڵیەوە یەکتریى ئەناسن. وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

سیلڤیا و ئیبتیسام و نەساڵ باس لە چۆنیەتى تەرخانکردنى کات دەکەن بۆ گەڕان بەشوێن چاڵاکى بۆ منداڵان کە برەو بە ئاشتەواییەکى تەندروست دەدات. هەروەها بڕوایەکى تەواویان هەبوو بە پاراستنى فرە چەشنى ئاینى و ئیتنیکى ئەلقوش. سیلڤیا دەڵێت: “دەمانەوێت منداڵانمان دڵنیا بکەینەوە کە ئەمە شوێنیکى پاریزراوە و هەموو شتێک باش دەبێت،”

لە ساڵى 2020دا، باخچەکەى ساوایان بە پشتیوانى دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە نۆژەن کرایەوە. ئەمەش وەک بەخێرهاتنەوەیەکە بۆ کۆمەڵگاکە کە هەوڵ دەدەن ساڕێژ ببنەوە لەو کاتە سەختەى بەهۆى جەنگ و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناوە چەشتوویانە. قوتابخانەکە خزمەت بە 300 قوتابى دەکات لە قۆناغى پێش سەرەتایى لە سەرانسەرى 42 گوند دا و قوتابیان ئامادە دەکات بۆ چوونە بەر سیستەمى فەرمى پەروەردەوە.

بەهۆى ڕێکارە خۆپارێزییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە گیراونەتەبەر، قوتابخانەکانى باخچەى ساوایان بە داخراوى دەمێننەوە. لە ئەنجامدا، منداڵان تاکو ئێستا ئەزموونیان لە کامپەس و کەرەستە نوێیەکان وەرنەگرتووە.

ریم فەرەح پاترۆنى تەمەن 37 ساڵان کە بەڕێوەبەرى باخچەکەیە، دەڵێت، “وەک مامۆستایەک، شوێنى دڵخوازمان لە قوتابخانەکەدا ژوورى مامۆستایان و گۆڕەپانى کۆبوونەوەکانە. بەپەرۆشەوە چاوەڕێى قوتابیەکانمانین باڵەخانە نوێیەکە و گۆڕەپانى یاری لە بەشى دواوەى قوتابخانەکە بەکاربهێنن.”

ريم، بەرێوەبەرى باخچەى ساوایانى ئەلقۆش. وێنە: مرینالینی سانسانام / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

مامۆستایانى ئەلقوش کارێکى ناوازە ئەنجام دەدەن لە دروستکردنى کەشێکى تەندروست و گەنجاو بۆ پەرەسەندن بۆ قوتابیان. مامۆستایان داواى دەرفەتى زیاترى ڕاهێنان دەکەن بۆئەوەى بەشیوەیەکى باشتر خزمەت بە منداڵان بکەن و پەروەردەیەکى بیلایەنانە و گشتگیر بۆ هەمووان دەستەبەر بکەن.” ئەگەر کاریگەرییەکى ئەرێنی لەژیانى منداڵاندا دروست بکەین، ئەوکات دەتوانین بڵێین سەرکەوتوو بووین. هەروەها ئەوەش ئاشکرایە کە پڕۆسەى چاکبوونەوە کاتى دەوێت و بەردەوام دەبین بۆ هەوڵدانى زیاتر بەمەبەستى دەستەبەرکردنیان بۆیان،” ئەمەش گوتەکانى ڕیم ە کە لە کۆتاییدا بەر لە گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مامۆستایاندا گوتى.