هاوسۆزى لەڕێگەى گێڕانەوەى چیرۆکەوە: توانادارکردنى ئافرەتانى عێراق

2021 May 18

ئەمانى ساڵح ى تەمەن 30 ساڵ خەڵکى شارى موسڵە باس لە ژیانى دەکات لەسەروبەندى داگیرکارى داعشدا و دەڵێت: “هیوام دەخواست کە شارەکەمان بگەڕێتەوە دۆخى جارانى. بەڵام کاتێک داعش بەردەوام بوو لە پێشڕەویکردن بەرەو شارەکە و جڵەوى شارەکەى گرتە دەست؛ دەستیانکرد بە ڕفاندنى کچان. لەو کاتەدا ڕقم لە کچبوونى خۆو بوو و هیواى مردنم دەخواست.”

ژمارەیەکى زۆر لە ئافرەتانى موسڵ کاریگەرییەکى نەرێنییان بەسەرەوە دروست بوو کاتێک داعش شارەکەیانى داگیر کرد و ئەمانیش یەکێک بوو لەوانە. ناچار کرابوون لەژێر بارودۆخێکى زۆر سەختدا ژیان گوزەر بکەن و هەر نیگەرانییەکیشیان دەرببڕیایە ژیانیان کۆتایى پێدەهێنرا. گشت هەوڵەکانى پێشوو کە بۆ بەرەوپێشبردنى مافى ئافرەتان درابوون لەو ناوچانەدا لەناوچوون و ئافرەتان ناچار کرابوون سەریان دابخەن و کەس گوێیان بۆ نەگرێت.

ئەمانى دەڵێت” بیرمە هەموو شەوێک دایکم دەیگوت هیوادارم بە زیندویى بتبینم کاتێک بەیانى ڕۆژى دواتر لەخەو هەڵدەستم، و ئەمەش هەوڵێکبوو بۆ ڕێگریکردن لە خۆکوشتنم. ژیانمان وەک زیندانى بوو.”

کاتێک موسڵ لە لایەن داعشەوە داگیر کرابوو، ئەمانى یەکێک بوو لەو دانیشتوانە مەدەنیانەى نەیتوانیبوو شارەکە جێبهێڵێت. لەبرى ئەوە خۆى لەماڵەکەى خۆیدا حەشار دابوو و نەچووبووە دەرەوە تاکو شارەکە ڕزگار کرا. ناچار بوو چەندین ڕۆژ لە ترس و بێ هیواییدا ژیان بەسەر ببات، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەى کە گشت ئەو بەربەستانە ئەویان بەهێزتر کردووە لە جاران. لەمیان بەشداریکردنیدا لە دانیشتنێکى ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزیدا کە لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقەوە بەمەبەستى دەرفەتدان بە ئافرەتان ۆ گێڕانەوەى چیرۆکەکانیان ڕێکخرابوو، ئەمانى بەمەبەستى هاندانى کچانى تر قسەى کرد و گفتوگۆى لەبارەى ئەو پشتیوانیانەوە کرد کە پێویستى پێیە.

ئەمانى گوتى: “ ژمارەیەکى زۆر لە ئافرەتان پێویستیان بە پشتیوانى دەروونى هەیە بۆئەوەى دووبارە لە کۆمەڵگادا چاڵاک ببنەوە.هیوادارم ژمارەیەکى زیاتر لە کچان بەشداربن و ئەو پشتیوانیەیان پێبگات کە پێویستیانە.”

ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزی بە هاوکارى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆپەرەپێدان لە عێراق و لە ئەنجامى زنجیرەیەک  کفتوگۆ لەبارەى  یاسا کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونى ژمارەى توندوتیژییەکان دژ بە ئافرەتان لە عێراق دامەزرا. ئەم ژوورە جەخت دەخاتە سەر بەرزکردنەوەى تواناى ئافرەتان بۆ بینینى ڕۆڵێکى کاریگەرانە لە چاڵاکییەکانى بەدەمەوەچوونى قەیرانەکاندا و ڕێگە بۆ ئافرەتان و کچانى وەک ئەمانى خۆش دەکات تاوەکو بتوانن چیرۆکەکانیان لەبارەى چۆنیەتى مامەڵەکردنى ئافرەتانى عێراق لەگەڵ ئەو قەیرانانەى ڕۆژانە دێتە بەردەمیان بگێڕنەوە.

برەودان بە گێڕانەوەى چیرۆکەکان لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە کە لە قەیراندان میتۆدێکى نوێو جیاوازە کە لە لایەن ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزییەوە بەکاردێت. بەگوێرەى گوتەکانى ئەمانى “زۆرێک لە ئافرەتان لە عێراقدا پێویستیان بەوەیە گوێیان لێ بگیرێت و ئەم جۆرە چاڵاکییانە یارمەتییان دەدات بێنە گۆ و ئەو پشتیوانییەى پێویستیان پێیە دەستى بخەن، بەتایبەتى ئەو ئافرەتانەى تواناى خویندنەوە و نوسینیان نییە.”

مافى ئافرەتان لە عێراقدا ڕووبەڕووى ژمارەیەک بەربەست دەبێتەوە، لە نێویاندا یاسا کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوبوونەوەى توندوتیژى خێزانى و کاریگەرییەکانى دواى داعش و پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا هەن. لێکۆڵینەوەکان نیشانى دەدەن کە %٥٢ ى ئەو ئافرەتانەى ڕووبەڕووى توندوتیژى خێزانى بووبوونەوە لە میانى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنادا نەیانزانیوە داواى هاوکارى لە کوێ بکەن لە سەروبەندى قەدەغەى هاتوچۆدا.

عەلیا ئەل ناسڕى، یەکێکە لە ئافرەتانى سەرکردە لە ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزی هاریکارى ژمارەیەکى زۆر ئافرەتى کردوو بۆئەوەى چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە و لە میانى پەتاى کۆرۆنا و سنووردارى هاتوچۆوە پشتیوانى پیویستسان پێبگات.

عەلیا دەڵێت” دەبێت هانى ئافرەتان بدەین کە لە هیچ نەترسن. ئافرەتان هەمیشە قوربانى بوونە و دەبێت بەیەکەوە کار بۆ بەهێزکردنى یەکترى بکەین بۆئەوەى سەرکردایەتى بکەین و بڕیار بدەین و چارەسەرى داهێنەرانە بخەینە ڕوو.”

سەرەڕاى ئەو بەربەستانەى ڕۆژانە توشى دەبن لەسەر کاردا، کاتێک دەبینێت ئافرەتانى تر پشتیوانى دەکرێن و دووبارە چاڵاک دەبنەوە لە کۆمەڵگادا زیاتر هاندەدرێت.

هەروەها دەڵێت “من بڕواى تەواوم هەیە کە دەتوانین گۆڕانکارى دروست بکەین”

بە پشتیوانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و هەماهەنگى لەگەڵ یەکەى ئامارى ناوەندى عێراقی و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى، ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزی جەخت دەخاتە سەر بەهێزکردنى ئافرەتانى وەک ئەمانى، لەڕیگەى دۆزینەوەى ڕێگاچارەى داهێنەرانە بۆ بەشداریپێکردنى هاوبەشان و دیدگاى نوێ بۆ بەهێزکردنى ئافرەتان لە عێراقدا. ئەم ژوورە کار بۆ چارەسەرکردنى کاریگەرییەکانى یاسا کۆمەڵایەتییەکان و باڵادەستى ڕەگەزى لە کاتى قەیرانەکاندا و پێداچوونەوە بە پڕۆتۆکۆڵە هەنووکەییەکان بۆ بەدەمەوەچوونى گۆڕانکارییەکان لە دۆخەکەدا لەسەروبەندى ڤایرۆسى کۆرۆنادا. وەک سەکۆیەک بۆ پەرەپێدانى چارەسەرى داهێنەرانە کە بتوانێت چارەسەرى ئەو قەیرانانە بکات کە پەیوەندییان بە ڕەگەزەوە هەیە، ژوورى بەدەمەوەهاتنى قەیرانى ڕەگەزی کار بۆ بەهێزکردنى ئافرەتانى عێراق و بەرەوپێشبردنى ئافرەتان و ئاشتى و ئەجێنداى پاراستن دەکات.