ڕەخساندنى هەلى کار لە سەڵاحەددین

2021 June 16

چەندین ساڵ ناسەقامگیرى بەهۆى جەنگى دژ بە داعشەوە کاریگەرییەکى زۆرى بەسەر گەشەى ئابورى عێراقەوە هەبووە و دەرئەنجام بووەتە هۆى کەمبوونەوەى دەرفەتى کار بۆ لاوان. لەنێو ئەو 20 ملیۆن عێراقییەى کە تەمەنیان گونجاوە بۆ کارکردن، بەلایەنى کەمەوە 2.5 ملیۆن بێکارن.

لەڕێگەى بەرنامەى بەدەمەوەچوونى قەیرانەکانى عێراق و تواناى خۆڕاگرییەوە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پشتیوانى چاکبوونەوەى بوارى ئابوورى وڵات لەدواى جەنگ و بنیاتنانى توانستى کارگوزاران و فەرمانبەران و حکومەت دەکات. بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بەهاوبەشى لەگەڵ “Mercy Hands”، لەم دواییانە هەستا بە ڕێکخستنى پێشانگایەکى کار و خولێکى ڕاهێنانى پیشەیى بۆ زیاتر لە 100 عێراقى دانیشتووى شەرگات و بێجى لە سەڵاحەدین. بەمەبەستى گشتگیربوونى پڕۆسەکەش، زیاتر لە 40 لە سەدى بەشداربووان ئافرەت بوون.

فایزە عەلى ڕاوى، دەرچوویەکى خولە پیشەییەکەیە و نانەوایە لە گەڕەکى ئەل خەدرونییە لە شەرگات، گوتى: "زۆرشت لەو ڕاهێنانە پیشەییە فێربووم. شیرینیم دروست کرد و لە گەڕەکەکەمدا فرۆشتم و لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە پەسەند بوو.” فایزە دایکى 5 منداڵە و دابینکەرى سەرەکى داهاتى خانەوادەکەیەتى."

بەشداربووان چوونە بەر خولێکى چڕى دوومانگى لەسەر هەویرسازى و دورمان و ئاسنگەرى و زانستى کۆمپیوتەر و ئەندازیارى کارەبا. ڕاهنانەکان لەلایەن وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە ئەنجام دران و بە تەواوبوونیان، بەشداربووان بڕوانامەى باوەڕپێکراویان لە بۆنەیەکى دەرچووندا ،کە لە پیشانگاکەى کاردا ڕیکخرابوو، لەلایەن هەمان وەزارەتەوە پێبەخشرا.

2

عومەر سوبحى حەسەنى تەمەن 23 ساڵ کە دانیشتووى شەرگاتە و لە بۆنەکەدا بوو، گوتى : "پێشتر هیچ شتێکم لەبارەى هونەرى ئاسنگەرییەوە نەدەزانى. ڕاهێنەرەکان پێکهاتەیەک لە وانەى تیۆرى و کردارییان پێ گوتین. بەتەواوبوونى خولەکە لەئێستادا دەستم کردووە بە کارێکى بچووکى ئاسنگەرى." ئەم دەرفەتە لەکاتێکى گونجاودا هاتە پێشەوە لەکاتێکدا عومەر بێکار بوو.

لەگەڵ ئاهەنگى دەرچوونەکەدا، پێشانگایەکى کار بۆ بەستنەوەى بەشداربووان و بەکارخەران سازکرا. شەیما عەلى حەمادە، کە ڕاهێنراوێکى خولى زانستى کۆمپیوتەرە، هەر بە تەاوکردنى خولەکە دەرفەتى کارى وەک کارگوزارى تەندروستى کۆمەڵ لە لایەن ڕێکخراویکى ناحکومى نێوخۆییەوە پێگەیشت. لەو بارەیەوە گوتى: ” تەنانەت پاش خوێندنیکى زۆر و تەواوکردنى قۆناغى زانکۆ، بۆماوەى چەندین ساڵ بوو بێکار بووم. بەڵام لەڕێگەى خستنەسەر کار و ڕاهینانى پیشەییەوە، توانیم تواناکانم بەرەو پێشەوە ببەم و لەهەمان کاتدا پەیوەندى لەگەڵ خاوەنکاران دروست بکەم. زۆر شانازى دەکەم کە لە نێو یەکەمین ئەو دەرچووانەدابووم کە کارم دەست بکەوێتو ئێستا سەرچاوەیەکى داهاتم هەیە بۆ یارمەتیدانى خانەوادەکەم. ئەمە هاندەرێکى زۆر باشە و ئێستا متمانەم بە تواناکانم هەیە."

لەکاتێکدا تاکو ئێستا 141,628 کەس لە سەڵاحەددین بەهۆى جەنگى داعشەوە ئاوارەن، خستنەوەى بژێوى بەردەوامى ژیان ڕێگایەکى سەرەکییە بۆ دروستکردنى ژینگەیەکى لەبار و پارێزراو بۆ گەڕانەوەى زیاترى ئاوارەکان. بەلاى ئیسماعیل ساڵح عەبدەوە، کە باوکى چوار منداڵە و تاکە دابینکەرى بژێوى ژیانیانە، دەرفەتى کار تاکە هێزى سەرەکییە بۆ دووبارە بنیاتنانەوە. لەو بارەیەوە گوتى: "سەرەتا من بێ کار بووم و زۆر ئەستەم بوو خانەوادەکەم بژێنم. پاش ئەوەى بەشداریم لە خولى بەستنى کارەبادا کرد، دەستم بە ئەنجامدانى خزمەتگوزارى سەرەتایى کرد بۆ دانیشتوانەکە لە گوندەکەمدا. ئێستا هەست دەکەم لە ڕووى داراییەوە جیگیرتر و سەربەخۆترم. هیوادارم دەستکەوتەکانم کۆ بکەمەوە کارى سەربەخۆى خۆم دابمەزرینم لە داهاتوودا."

ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەرنامەى بەدەمەوەچوونى قەیرانەکان و خۆڕاگرى عێراقى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە، بە هاوبەشى لەگەڵ “Mercy Hands” و بە کۆمەکى وەزارەتى فیدڕاڵى ئەڵمانى بۆ ئابوورى و هەماهەنگى و پەرەپێدان جێبەجێ کرا و  کۆمەکەکە لە ڕێگەى بانکى پەرەپیدانى “KFW” وە دابین کرا. لەڕێگەى ئەم هاوبەشییەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵى 2021 دا نزیکەى 25,000 کەس پشتیوانى بژێوى ژیانى ماوە کورت و ماوە مامناوەندیان بەدەست بگات، لە سەرانسەرى پارێزگاى ئەنباڕ و دیالا و سەڵاحەدین و نەینەوادا. تاکو ئێستا و لەڕێگەى ئەم بەرنامەیەوە 7000 ئاوارەى نێوخۆیى و پەنابەر لەڕێگەى خولى پیشەییەوە هاریکارى کراون و زیاتر لە 10,000 کەسیان لەبوارى پەرەپیدانى بازرگانیدا ڕاهێنانیان پێکراوە.