یەکەم پۆلى ئەفسەرانى پۆلیس خولە ئۆنلاینەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانیان بەسەرکەوتویى تەواو کرد

2021 June 22

ئەمە بەهادارترین و زانستیترین فێربوون و خولى ڕاهێنانە کە تاکو ئێستا لە ژیانى پیشەگەریمدا وەک ئەفسەرى پۆلیس بەشداریم تێدا کردبێت، لە بوارى پۆلیسى بە گشتى، و لێکۆڵینەوەى تاوانى کوشتن و فێربوون لەڕێگەى ئۆنلاینەوە بە تایبەتى. سوپاس بۆ ئەو تیمە دڵسۆزەى پسپۆڕانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕاهێنەرە بەتواناکان بۆ ڕوونکردنەوەى ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان و دووبارەکردنەوەى ڕووداوە ڕاستەقینەکان لەبارەى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى زانیارى و تەکنەلۆژیاى شیکارییەوە.” ئەمە گوتەکانى ڕائید سەلام ڕەحمەیە لە ڕوونکردنەوەیەکیدا لەبارەى سەکۆ نوێیەکەى خوێندنى ئۆنلاینى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان.

پەرەپێدانى پیشەیى و خوێندنى تایبەتمەند، کە بۆ هێزەکانى پۆلیسى نێوخۆیى عێراقى دیزاین کراون بەمەبەستى ڕاهێنان، سەکۆى نوێى خویندنى ئەلیکترۆنىwww.iqshorta.com  کە لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە پشتیوانى دەکرێت دەرفەتى بەکارهێنان و ناونوسکردنى ئاسان بۆ گشت ئەفسەرانى پۆلیس لە عێراقدا فەراهەم کردووە و بەیەکەم دەستپیشخەرى لەم جۆرە دادەنرێت لەچوارچێوەى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى عێراقەوە.

ئەم سەکۆیە هەڵدەستێت بە دابینکردنى خولى ڕاهێنان لەسەر ڕێکارە ستانداردەکانى کارکردن لە لێکۆڵینەوەى تاوان و کوشتن و تەکنیکەکانى لێکۆڵینەوەى دارایى و بەڕێوەبردنى پلە مامناوەنددا. کۆرسەکان تەواوکەرى کۆرسە ڕاستەوخۆکانن لەبارەى لێکۆڵینەوەى ئەفسەرانى پۆلیسەوە وەک کوشتن و چاوپێکەوتنى گومانلێکراوان و ئەمەش لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە پشتیوانى دەکریت.

یەکەم کۆمەڵەى ئەفسەرانى پۆلیس کە خولە ئۆنلاینەکەیان تەواوکرد بەپەرۆشەوە باسیان لە ئەزموونیان لەگەڵ خولەکەدا کرد، ئەمەیان هەندێک لە ڕاو و سەرنجەکانیانە لەم باریەوە:

"شانبەشانى سەکۆى ڕاهێنانى iqshorta.com، کە دەبوایە سەرەتا خۆتى تیادا تۆمار بکەیت و دەربچیت، و ئەو شێوازەى ئێمەى پێى ڕێنوێنى کراوین و لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە وانەمان پێ گوتراوەتەوە دەبێتە ئەوەى گشت بەشداربووان ئەوپەڕى لێهاتوویى خۆیان لەڕووى تیۆرى و کردارییەوە بخەنە گەڕ."

"ئەم سەکۆیە وەک ڕاهێنەرێکى پیشەگەر وایە کە ئاسانکارى تەواو نایاب و هەنگاوى ئاسانى ناونوسکردن و دیزاینى تیادا فەراهەمکراوە بەشێوەیەک کە پڕۆسەى کۆکردنەوە و گواستنەوەى زانیارى تیایدا کارێکى زۆر ساکارە."

"زۆر شت هەن کە لە خولەکەدا بەدەستم هێنان، یەکێک لە هەرە گرینگترینیان بریتی بوو لەو هەگبە نایابە پڕزانیاریە و سەرچاوەى پێویست بۆ بەروپێشبردنى ڕێکارەکانى ئەرکى ڕۆژانەمان لەبوارى تاوانى کوشتن و زانستى توێکارى و شوینکەوتنى DNA."

"زۆر بەداخەوە کە ئێمە زانیارى پێویستمان کەمە لەبوارى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاوە بەتایبەتى تەکنەلۆژیای زانیارى. تەکنیکە ئاسانەکان بۆ بەکارهێنان و ڕێنوێنییەکان و چاودێرییەکان کە لە لایەن ستافی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە پێمان درا دەرفەتێک بوو بۆ من و ئەفسەرە هاوپیشەکانم بۆئەوەى خۆمان لەگەڵ بەکارهێنانى سەکۆ ئۆنلاینەکەدا بگونجێنین، کە لەڕێگەیەوە دەتوانین تواناى خۆمان بەرزبکەینەوە و تینوێتیمان بۆ فێربوون پڕ بکەینەوە بەمەبەستى کۆکردنەوەى زانیارى."

ئەم دەستپێشخەرییە لەچوارچێوەى بەرنامەى چاکسازى کەرتى ئاسایشى عێراقى و سەروەرى یاسا ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان جێبەجێ دەکرێت و لە لایەن کەنەدا و دانیمارک و ئەڵمانیا و یابان و هۆڵەندا و ئەمریکاوە کۆمەکێکى دەستکراوە دەکریت. ئامانجى ئەم بەرنامەیە بریتییە لە بەهێزکردنى بەڕێوەبردنى کەرتى ئاسایش و دادوەرى لە عێراقدا.